ڕاگەیاندنی ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر) و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، بە بۆنەی ساڵی نوێی خوێندنی ١٤٠٣–١٤٠٤
پێشەنگایەتی لەخەبات،لەناوەندە زانستی و پەروەردەییەکاندا
ڕۆژی یەکشەممە، یەکەم ڕۆژی مانگی ڕەزبەری١٤٠٣،دەرگای قوتابخانە و زانکۆکانی ئێران بە ڕووی ملیۆنان خوێندکاردا دەکرێتەوە. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ١٦ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار قوتابی و نزیکەی ٤ ملیۆن خوێندکار بۆ ساڵی نوێی خوێندن ناویان تۆمارکردووە. بەپێی هەر ئەم ئامارە، نزیکەی یەک ملیۆن منداڵ و تازەلاو لە تەمەنی خوێندندا، بە شێوەیەکی سەرەکی بەهۆی هەژاریی بنەماڵە و پێویستییان بە کارکردن بەمەبەستی یارمەتیدان بە دابینکردنی بژێوی ژیان، لە خوێندن بێبەش بوون. ئامارە نافەرمییەکان ئەم ژمارەیە بە نزیکەی ٢ ملیۆن کەس دەخەمڵێنن.
سەرەتای ساڵی نوێی خوێندن، لە هەمان حاڵدا هاوکاتە لەگەڵ دووەمین ساڵیادی شۆڕشی ژینا، شۆڕشێک کە تیایدا خوێندکارانی لاو و بە تایبەتی کچانی بوێر، پێشەنگی بزووتنەوەی شکۆدار و شۆڕشگێڕانەی “ژن، ژیان، ئازادی” بوون و بە گیانبازی و فیداکاریی خۆیان ڵاپەڕەیەکی پڕ لە شانازییان هەڵدایەوە. ساڵی نوێی خوێندن لە دۆخێکدا دەست پێدەکات کە بزووتنەوە گەلێکی داواکاری تەوەری بەربڵاو لە سەرتاسەری ئێراندا لە ئارادایە، مانگرتنی کرێکاریی بێ پسانەوە بەردەوامە، خانەنشینەکان شەقامەکانیان چۆڵنەکردووە. پەرستاران لەپێناو بەدەستهێنانی مافە پێشێلکراوەکانی خۆیاندا بزووتنەوەیەکی سەرتاسەرییان دەستپێکردووە، دادخوازان بوێرانە لەسەر بەدواداچوون بۆ تاوانەکانی ڕێژیمی ئیسلامی بەرامبەر بە جگەرگۆشەکانیان پێداگریی دەکەن. پێشبینی دەکرێت کە لەگەڵ کرانەوەی زانکۆ و ناوەندەکانی خوێندن، هاوکات ناوەندەکانی پەروەردەش ببنە مەکۆی پڕ جۆش و خرۆشی سەرهەڵدان و ناڕەزایەتییەکان. لە کاتێکدا کە ساڵانە بڕە پارەیەکی زۆر و زەوەندە لەپێناو پەرەپێدان بە چەکی کۆمەڵکوژ و سەرکوتکردنی ناڕەزایەتی جەماوەردا خەرج دەکرێت، پەروەردەی ئێران لەڕووی ئەو بودجەیەی که بۆی تەرخان دەکرێت، لە دۆخێکی گەلێک نالەباردایە. ئامرازە یارمەتیدەرە پەروەردەییەکان لە قوتابخانە و ئامادەییەکان، کە هەم دەتوانن کاریگەرییان لەسەر فێربوونی قوتابیان هەبێ و هەم لەسەر کەمکردنەوەی بەشێک لە ڕەنج و کاری مامۆستا، لە ئاستێکی زۆر کەمدا بوونیان هەیە. پۆلەکانی خوێندن لانیکەم دوو هێندەی توانایی ئاسایی، قوتابییان تێدایە. ژمارەیەکی زۆر لە قوتابخانەکانی گوندەکان و گەڕەکە هەژارنشینەکان، خاوەنی پۆلی شێدار و ژووری داڕماو و سارد و بێ سووتەمەنی و ڕووناکیی، پێویستن.
سیاسەتی بە کاڵاکردنی پەروەردە، یەکێکی ترە لە سیاسەتەکانی دەسەڵاتی ئیسلامی. هەر ئێستا، جگە لە وەرگرتنی تێچووی خوێندن و سەپاندنی بەشێک لە هەزینەکانی خوێندن بەدرێژایی ساڵ بەسەر بنەماڵەی خوێندکاراندا، زیاتر لە ١٤%ی خوێندکارانی ئێران کە دەکاتە دوو ملیۆن و پێنجسەد هەزار کەس، لە ١٨ هەزار قوتابخانەی ناحکومیی دا دەخوێنن. جگە لە هەموو ئەم گرفتانە، کەشێکی پۆلیسییان بەسەر ژینگە پەروەردەییەکاندا زاڵ کردووە، ڕێژیم بە بەسیجگیری و پەروەردەی سیخوڕ و بەکرێگیراو، ئەو ژینگەیەی بە تەواوی نائەمن کردووە. ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایانی دڵسۆز و ناڕازی دەستبەسەر و زیندانیانی کراون، تەنانەت ئەوانەش کە دەستبەسەر نەکراون، لەلایەن دامودەزگا ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە بانگێشت و هەڕەشەیان لێدەکرێت. ناڕەزایەتی جەماوەریی ئەو مامۆستایانەی کە داواکارییە پیشەییەکانیان بەرز دەکەنەوە، دەکەوێتە بەر هێرشی هێزە سەرکوتگەرەکان. ڕێژیم لە ماوەی ٤٥ ساڵی ڕابردوودا بەمەبەستی زاڵبوون بەسەر بواری زانست و پەروەردە و رێگریکردن لە شکستی دین لەبەرامبەر زانستدا، قوتابخانەکانی کردووە بە فێرگەی ئایینی و شوێنی چاندنی تۆوی خوڕافات و کۆنەپەرەستی. لەم ناوەندانەدا لەبری ئەوەی یارمەتی منداڵان و نەوەی گەنج بدەن بۆ ئەوەی خۆیان و جیهانی دەوروبەریان وەک خۆی بناسن، مێشکی قوتابیان بە زانیاری نادروست و ناپێویست دەشۆنەوە و بە لاڕێدا دەبەن. لەبری ئەوەی دوایین دەستکەوتە زانستییەکان لە بواری پەروەردەدا بەکار بهێنرێت و خوێندکاران لە دوایین پێشکەوتنە زانستی و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان، ئاگاداربکرێنەوە، لە ڕێگەی کتێبە دەرسییەکانیانەوە مێشکیان پڕ دەکرێت لە خوڕافاتە ئایینییەکان. ئەگەرچی ژەهری کۆنەپەرەستی مەزهەبی، ئاژین کراوەتە ناو سیستەمی پەروەردەیی ئێران و ئەم سیستەمە بێبەشە لە پێشکەوتنە زانستیی و شێوازە بەڕۆژکراوەکانی پەروەردەیی لە ئاستی جیهاندا، بەڵام بەخۆشییەوە پڕۆژە پەروەردەییەکانی ڕێژیم شکستیان هێناوە و نموونەی هەرە بەرچاویشی لە دوورکەوتنەوەی بەربڵاوی لاوان لە ئایین دا خۆی نیشان دەدات.
بەڵام ئەگەر بۆ قوتابیان، بەپێی تەمەنیان، چوونە ناو پۆلێکی سەرتر و بینینی هاوپۆل و هاوڕێکانیان، شاد و دڵخۆشیان دەکات، بۆ مامۆستایان، سەرەتای ساڵێکی پڕ لە پڕ لە ڕەنجی دیکە دەست پێدەکات بۆ دەست و پەنجە نەرم کردن لەگەڵ ئەو کێشە و گرفتانەی کە ئەمساڵیش وەک هەموو ساڵەکانی تر لەگەڵیدا بەرەڕوو دەبنەوە. لەخوارەوەبوونی ئاستی حەقدەستی مامۆستایان بە هۆی گرانی و هەڵئاوسانی بەردەوام، ژیانی توێژی مامۆستایانی ئێرانی خستۆتە ژێر هێڵی هەژارییەوە. زۆرێک لە مامۆستایان ناچارن بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی خۆیان و بنەماڵەکانیان دوای تەواوبوونی ماوەی کارکردن لە قوتابخانە، کارێکی تر بدۆزنەوە. بەم شێوەیە سەعات کاری زۆر و تاقەت پروکێن، نەک هەر کاتێکیان بۆ چێژوەرگرتن لە کۆڕی گەرمی بنەماڵە بۆ نامێنێتەوە، بەڵکوو ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر فێرکردن و پەروەردە لەناو پۆلکانیشدا دەبێت و بە ناچاری کوالێتییەکەی دادەبەزێنێت. شێوازی ناهەماهەنگی پێدانی حەقدەستەکان، مامۆستایان بە بەراورد لەگەڵ مووچەخۆرە دەوڵەتییەکانی دیکە بە کردەوە کردووەتە هاوڵاتی پلە دوو. پیشەی مامۆستایی، نەک هەر ڕێزی لێناگرێت، بەڵکوو دەکوێتە بەر هەڵاواردن و سووکایەتی پێکردنیش. هەزاران مامۆستای وانەبێژ، بە گرێبەستی کاتی و بە کەمترین حەقدەست، ساڵانێکە لە دوورەدەستترین شوێنەکان کار دەکەن. بەشێکی زۆر لەو مامۆستایانە کە بەهۆی کارکردن لە ناوچە دوورکەوتووەکان ناتوانن کارێکی دووەم بدۆزنەوە، لە وەرزی هاویندا ناچارن پەنا ببەنەبەر کرێکاریی و کاری سەخت و دژوار. بۆ ئەوان وەرزی پشوو نە تەنیا بە واتای ئاسوودەیی و دەرکردنی ماندوویەتی ٩ مانگ کاری بەردەوامی وانەوتنەوە نییە، بەڵکوو ساڵی نوێی خوێندن بە جەستەیەکی هیلاک و ماندوو بەهۆی کاری تاقەت پروکێنەوە. ساڵی نوێی خوێندن دەستپێدەکەنەوە. سەرەڕای تەواوی ئەوم دژواریانەی کە مامۆستایان تەحەمولی دەکەن، واقعییەتێکی هیوابەخش ئەوەیە کە مامۆستایانی ئێران لە بەرامبەر ئەم دۆخە سەختەدا بەچۆکدا نەهاتوون. ناڕەزایەتی مامۆستایان لەم ساڵانەی دواییدا بەردەوام بەشێک بووە لە بزووتنەوەی زیندووی ئەم کۆمەڵگایە. تەنیا بە هاتنە مەیدانی هێزی بەرینی قوتابیان و خوێندکاران، موعەلیمان و مامۆستایان و گرێدانی خەبات و ناڕەزایەتی ئەوان بە خەباتی چین و توێژە ناڕەزایەتییەکانی دیکەی کۆمەڵگاوە، نەک هەر دەتوانرێت هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ زاڵبوون بەسەر فەزای پەروەردەییدا پووچەڵ بکرێتەوە، بەڵکوو ڕێگای ڕزگاربوونی کۆمەڵگای ئێران لە چنگ کۆنەپەرەستی ئیسلامی دەسەڵاتداریش خۆش بکرێت.
لەئێرانسبەینێدوایڕزگاربوونیلەچنگڕێژیمیئیسلامی،بەجیاکردنەوەیدینلەدەوڵەتوپەروەردەلەمەزهەب،هەمووتواناکانیقوتابیانلەجیاتیبیریخوڕافات،لەبواریپەروەردەیزانستیدابەکاردەهێنرێت. چیتر هیچ منداڵێک لە خوێندن بێبەش نابێت و ناوەندە پەروەردەییەکان لە سەرجەم ئیمکاناتی پێشکەوتووی سەردەم بەهرەمەند دەبن. لە وەها بارودۆخێکدا، بەهرەکان گەشە دەکەن و سەرمایەیەکی مرۆیی زۆر لەپێناو گەشەپێدان و بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگادا دەکەوێتە کار. بەبۆنەی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنەوە پیرۆزبایی گەرمی خۆمان ئاراستەی قوتابیان، خوێندکاران، موعەلیمان مامۆستایان و سەرجەم کارمەندانی قوتابخانە و زانکۆکان دەکەین. بەو هیوایەی کە لە ساڵی نوێی خوێندندا، ناوەندە پەروەردەییەکانی ئێران لە سەرانسەری وڵات، پێشەنگی خەبات و ناڕەزایەتییە مافخوازانەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا بن. لە سەنگەری قوتابخانەکاندا، هەم وانە و هەم سیاسەت.
بڕووخێ ڕژێمی کۆماری ئیسلامی
سەرکەوتوو بێت شۆڕشی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران
بژی ئازادی، دێموکراسی و سۆسیالیزم
حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر)
۲۹ی خەرمانانی ١٤٠٣/ ١٩ی سێپتامبری ٢٠٢٤