پەرستاران بەشێکی خەباتکاری بزووتنەوەی کرێکاری

ڕۆژی پێنجشەممە، ١٧ خەزەڵوەر، لە ئاستی جیهاندا ساڵڕۆژی شۆڕشی مەزنی ئۆکتۆبر و لە ئێرانیش ڕۆژی پەرستارە. پەرستاران لە ڕۆژی شەممەی ڕابردووەوە گەڕێکی نوێی مانگرتن و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان لە چەند شارێک دەست پێکردووە. ئەوان وؽڕای خستنەڕووی ویست و داواکارییەکانی خۆیان، لەسەر پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ، یەکگرتوویی سەراسەریی پەرستاران و گەیشتن بە داواکارییەکانیان جەختیان کردەوە و هەروەها لە دژی شەڕەنگێزی، گەندەڵی، بەلێنی درۆینەی بەرپرسان و نەهێشتنی ئیزافەکاریی زۆرەملێ و هتد، دروشمیان دا. پەرستاران خوازیاری کۆتایی هێنان بە هەڵاواردنی حەقدەستی کارمەندانی بەشی دەرمان، زیادکردنی حەقدەست و یارمەتییەکانیان، دابینکردنی هێزی مرۆیی و باشترکردنی بارودۆخی خۆشبژێوی و وەرگرتنی تەواوی حەقدەستە وەدواکەوتووەکانیان بوون. ئەوان ڕایانگەیاندووە کە دەرئەنجامەکانی مانگرتن و ناڕەزایەتیەکانیان لە ئەستۆی بەرپرسانی حکوومەتە. ئەوان هاوکات بەرامبەر بە هەڕەشە و سووکایەتی پێکردن و ئەزیەت و ئازاری پەرستاران لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە، ناڕەزایەتیان دەربڕی و خوازیاری دەستلەکارکێشانەوەی بەرپرسانی ناکارامە و کۆتاییهێنان بە ستەم و هەڵاواردن و هەڕەشەکان بوون. ئەو پەرستارانە کە لە ٢٠ی خاکەلێوەی ئەمساڵەوە مانگرتن و کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانیان دەستپێکردبوو، چەندین جار بە پێدانی مۆڵەت بە بەرپرسان بەمەبەستی جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان، خەبات و ناڕەزایەتییەکانی خۆیان ڕاگرتووە. بەڵام بەرپرسانی دام و دەزگای پڕ لە هەڵاواردن و گەندەڵی، جگە لە بەڵێنی پووچ و بێبنەما هیچ کارێکیان بۆ مانگرتووان نەکردووە. پەرستارانی ژن لە هەمان کاتدا ناچار بوون لەگەڵ ئاپارتایدی جێندەری و لە ڕاستیدا لەگەڵ ئەهریمەنی پیاوسالاری ئایینیشدا شەڕ بکەن.

دام و دەزگا ئەمنییەکان هاوکات لەگەڵ بەڵێنە بێ بنەماکانی بەرپرسان و بەکارهێنانی کەرەستەی تەقلیدی و ڕزیو، هەوڵیان داوە بە هەڕەشەکردن و دەستبەسەرکردن، پەرستارانی خەباتکار ناچار بکەن کۆتایی بە ناڕەزایەتییەکان بهێنن. بەڵام بەردەوامیی مانگرتن و ناڕەزایەتییەکان، دەریدەخات کە لەو بوارەدا سەرکەوتوو نەبوون. پەرستارانی ناڕازی و خەباتگێڕ لە لایەن کۆڕ و کۆمەڵە سەربەخۆ کرێکارییەکان و خانەنشینان و مامۆستایانەوە پاڵپشتی کراون. ئەو هێزانە لە ڕێگەی ڕاگەیاندن و وتار و فۆرمەکانی ترەوە، پشتیوانی خۆیان بۆ داواکارییەکانی پەرستاران دەربڕیوە و ڕەخنەیان لە هەڵسوکەوتی حکوومەت لەگەڵ پەرستارانی ناڕازی گرتووە. کۆمیتەی هەماهەنگی بۆ یارمەتیدان بە پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان، سەندیکای کرێکارانی نەیشەکەری هەفتەپە و گرووپی یەکێتی خانەنشینان و کرێکارانی خانەنشینکراوی خوزستان، لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا پشتیوانیی خۆیان لە پەرستارانی ناڕازی دەربڕی. ئەم ڕێکخراوانە، وێڕای دەربڕینی هاوسۆزی و پشتیوانی خۆیان بۆ داواکارییەکانی پەرستاران، لەم بەیاننامەیەدا نووسیویانە: “زۆرێک لەو داواکارییە بژێوی و حەقدەست و خۆشگوزەرانییانە، داواکاری و خەباتی هاوبەشی ئێمە کرێکاران و خانەنشینان و مامۆستایان و باقی مووچەخۆرانی دیکەشە. خانەنشینانی ناڕەزای لە شارە جۆراوجۆرەکانی وڵات لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانیاندا بە وتنەوەی دروشم، پشتیوانی خۆیان لە ناڕەزایەتی پەرستاران و کارمەندانی دەرمانی کرد. کەمپەینی مافی مرۆڤی ئێران، وێڕای ئاماژە بە ناڕەزایەتی و مانگرتنی یەک مانگەی پەرستاران و کارمەندانی دەرمانی، داوای لە حکوومەتی ئێران کرد کە ڕێز لە مافی پەرستاران و کارمەندانی دەرمانی بگرێت، کە پایەی گرنگی تەندروستی کۆمەڵگان. شۆڕای نێودەوڵەتیی پەرستاری (ئای، سی، ئێن) نیگەرانی خۆی سەبارەت بە گرتن و سزادانی ناڕەوای پەرستارانی ناڕازی لە ئێران دەربڕی  و جەختی لەوە کردەوە کە پەرستاران مافی خۆیانە بەبێ ترس لە گرتن و ئەزیەت و ئازار  ناڕەزایەتی دەرببڕن و پێویستە حکوومەت لە هۆکاری ناڕەزایەتییەکانیان بکۆڵێتەوە و ڕێکارێکی دادپەروەرانە بدۆزێتەوە بۆ چارەسەری کێشەکانیان.

هەر ئێستا ٢٢٠ هەزار پەرستار لە بەشە دەرمانیی و نەخۆشخانەکاندا کار دەکەن کە بە وتەی بەشێک لە بەرپرسان، زیاتر لە ٩٠ لەسەدیان ناڕازین. بەشێک لەو ناڕازیانە، ڕێگای کۆچکردنیان گرتۆتە بەر و لەلایەن ئەو وڵاتانەوە کە ڕوویان تێکردوون، بە پێدانی حەقدەستی زیاتر و دەرفەتی درێژەدان بە خوێندن و کۆمەڵێک یارمەتی دیکە، پێشوازییان لێکراوە. بەڵام زۆربەی هەرەزۆریان ماونەتەوە و بڕیاریانداوە کە وێڕای درێژەدان بە ناڕەزایەتی و پێداگریی لەسەر داواکارییەکانیان، خزمەتی بێ درێغی خۆیان پێشکەش بە هاوڵاتیان بکەن. مانگرتن و کۆبوونەوەی هاوکات لە شارە جۆراوجۆرەکان و داخوازییە هاوبەشەکانی پەرستاران وەک بەشێکی خەباتکاری چینی کرێکار و خاوەن پیشەی زۆر گرنگ لە کۆمەڵگادا، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە ئەوان لەسەر بەستێنی خەبات و ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژانەیان، خەریکی خۆڕێکخستن و پێکهێنانی ڕێکخراوەن. ئاکام و بەرهەمی خۆڕێکخستنەکان، ڕێگە بە پەرستارانی ژن و پیاو دەدات کە زیاتر لە ڕابردوو و بە وشیارییەوە بیر لە هەنگاونان بەرەو یەکگرتوویی لەگەڵ باقی ئەو کرێکارە مافخواز و خەباتکارانەی دیکە بکەنەوە کە خۆیان لە هەناوی خەباتێکی داواکاریی تەوەردا، لە هەوڵی یەکخستن و لێک نزیک کردنەوەی ڕێکخراوە بچووکترەکان و هەڵسووڕاوانی ناپیشەییدان. کۆی گشتی ئەو خەبات و هەوڵانەی کرێکارانی خەباتکار، ژنانی ناڕەزای، دادخوازانی بوێر و باقی خەباتگێڕان، زەمینەی لەگۆڕنانی کۆماری ئیسلامی خۆش دەکات. پێویستە هەنگاوی دواتر بریتی بێت لە دامەزراندنی حکومەتێکی جەماوەریی، لە ئاوا حکوومەتێکدا کە بناغە ماددییەکانی دابین بووە، کار کردن، نەک بە زۆر و لەڕووی ناچارییەوە، بەڵکوو لەڕووی پێویستی ئینسانیی و لەپێناو گەشەسەندنی لێهاتووییەکاندا دەبێت.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە

پەیام نێت

گەلەری

هاوڕێمان بن! ​

پەیوەندی

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net