پەرەسەندنی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی جەماوەر بەرامبەر بە ستەم و سەرەڕۆیی بێبەزەییانەی وەلایەتی فەقیه
یەکەم: ماوەیەکی زۆری نەماوە بۆ ساڵیادی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا، ئاخێزێکی کە ڕوخساری کۆمەڵگای ئێرانی گۆڕی. دوو ساڵ لەمەوبەر و لە ٢٦ی خەرمانانی ساڵی ١٤٠١، خەڵکی سەقز بە دروشمی (ژن، ژیان، ئازادی،) دژ بە ڕێژیمی ئیسلامی و یاسا و نەریتە کۆنەپەرستەکانی خرۆشان. دەنگی خەڵکی سەقز لە کاتی ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ژینا، زۆر زوو لە تەواوی ئێران بیسترا و بە خێرایی هەموو جیهانی گرتەوە. شۆڕشی ژینا، خەبات و تێکۆشانی ئازادیخوازانە، یەکسانیخواز و عەداڵەتخوازانەی لە سەرانسەری ئێران بەیەکەوە گرێدا، تێڕوانینی کۆمەڵگای سەبارەت بە جێگە و پێگەی ژنان و لاوانی بە گشتی و داڕشتنی داهاتووی سیاسی ئێران بەتایبەتی،گۆڕی، هاوسۆزی و هاوپشتی نێونەتەوەیی بەرەولای خەڵکی ئێران، ڕاکێشا، کەلێنی قووڵی خستە جەستەی ڕێژیمی ئیسلامییەوە کە ئاسەوارەکانی وردە وردە دەردەکەون. پێویستە کە ئەم ڕۆژە مێژووییە و دەستکەوتەکانی هەتا ئێستای، بە شێوەیەکی شکۆدار بەرز ڕابگیرێت.بۆ ئەم مەبەستە دەکەرێ گەلێک شێوازی داهێنەرانەی جەماوەریی بەکاربهێنرێت. وەک ئەزموونێک یەکەمین ساڵیادی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا لە کوردستان، بە مانگرتنێكی سیاسیی بەربڵاو، بەرز ڕاگیرا. ڕێزلێنان لە ساڵڕۆژی شۆڕشی ژینا، سەرلەنوێ جەختکردنەوەیە لەسەر درێژەی بزووتنەوەیەکی کە هەروا بەردەوامە و هەروەها پێداگرییە لەسەر بەدواداچوونی ئامەنجەکانی.
دووەم – بزووتنەوەی داواکاریی تەوەر، خەباتکارانە و ناڕەزایی پەرستاران کە لە ناوەڕاستی مانگی گەلاوێژ ئەمساڵەوە دەستی پێکردووە، سەرتاسەری وڵاتی گرتووەتەوە. پەرستاران لە ناڕەزایەتی بەرامبەر بە هەڵاواردنی بەربڵاو، گوشاری لەڕادەبەدەری کار، ئیزافەکاری زۆرەملێ بە پێدانی حەقدەستی ٢٠ هەزار تمەن بۆ هەر کاتژمێرێک، بەڕێوەنەچوونی یاسا پەسەندکراوەکان و حەقدەست و یارمەتییەکی زۆر کەم، دەستیان لە کارکێشاوەتەوە. ئەم مانگرتنە بەربڵاوەی پەرستاران، لە سەد ساڵی ڕابردووی ئێراندا بێ وێنەیە و دەریدەخات کە کارد گەیشتووەتە ئێسکیان سەبری کارمەندانی بەشی خزمەتگوزاری وڵاتی لێوڕێژ کردووە. بە چاوخشاندنێک بە ئامارەکاندا، ئەو گوشارە تاقەت پروکێنەمان بە ڕوونی نۆ دەردەکەوێت. ئێران ٣٥٠ هەزار پەرستاری ڕاهێنراوی هەیە کە ٢٤٠ هەزار پەرستاریان دامەزراون و زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەسیان بێکارن. لە نێو پەرستارانی لەسەرکار، سەد هەزار پەرستار، بە حەڤدە جۆری جیاوازی گرێبەست دامەزراون. بەشێک لە پەرستارانی بێکار، لە سەردەمی کۆڕۆنادا، بانگهێشت کرانەوە بۆ کارکردن، دوای کۆتایی هاتنی قۆناغی سەخت و پشووبڕی کۆرۆنا، سەرلەنوێ هەموویان لە کارەکانیان دوورخرانەوە. ئەوە لە کاتێکدایە کە بە پێی خەمڵاندنەکانی خانەی پەرستار لە ئێران و بە لەبەرچاوگرتنی ڕێژەی مامناوەندی جیهانی پەرستار بۆ هەر تەختێکی نەخۆشخانە، وڵات ئێستا پێویستی بە ٧٥٠ هەزار پەرستار هەیە. جێگای ئاماژەیە کە مامناوەندی ئەم ڕێژەیە لە جیهاندا نزیکەی ٢.٥ پەرستارە بۆ هەر تەختێکی نەخۆشخانە و لە وڵاتێکی وەک ئینگلیس چوار پەرستارە، بەڵام ڕێژەی پەرستار لە ئێران بۆ هەر تەختێک هەشت لە دەیە. لە لایەکی دیکەوە بە پێی خەمڵاندنەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، مامناوەندی ژمارەی پەرستار بۆ هەر دە هەزار کەس لە ئێران، لە وڵاتە دراوسێکانی وەک عومان، ئۆردۆن، تورکیا و عێراقیش کەمترە.
سێهەم: گوشاری لەڕادەبەدەری کار، ئیزافەکاری زۆرەملێ و لەبەرچاو نەگرتنی مافە یاساییەکانی پەرستاران، لە کاتێکدایە کە ئاستی حەقدەستەکانیش لە ئێران بە بەراورد لەگەڵ مامناوەندی جیهانی و تەنانەت بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی دراوسێش زۆر لەخوارەوەیە. حەقدەستی مانگانەی پەرستارێکی ئێرانی ١٢ بۆ ١٥ ملیۆن تمەنە کە دەکاتە نزیکەی ٢٠٠ دۆلار کە بەراورد بە وڵاتانی دیکە، هیچ نییە. لە ئاڵمان پەرستارێک هەر کە دەست بە کارکردن دەکات، دوو هەزار دۆلار حەقدەست وەردەگرێت، حەقدەستی هەر پەرستارێک لە ئورووپا چوار هەزار دۆلارە و لە ئەمریکا و کانەداش دەگاتە پێنج هەزار دۆلار. جگە لە کەمی حەقدەست، پەرستاران بۆ شیفتی حەوت کاتژمێریی ئیزافەکاریی شەوانە، تەنها ١٤٠ هەزار تمەن وەردەگرن، ئەویش دوای چەندین مانگ پێیان دەدرێت. ئەمەش شەپۆلی کۆچکردن و دەستلەکارکێشانەوەی پەرستارانی لە ئێران پەرەپێداوە. بە پێی ئامارە فەرمییەکان لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا سێ هەزار پەرستار کۆچیان کردووە. کۆچکردنی مانگانە ١٥٠ بۆ ٢٠٠ پەرستار و هەروەها دەستلەکارکێشانەوەی ٢٠ پەرستاری نەخۆشخانەی تاڵەقانی لە شاری چالووس، دەستلەکارکێشانەوەی ٤٠ پەرستار و ئەندامانی کادری پەرستاری نەخۆشخانەی شوهەدای تەجریش لە تاران، دەستلەکارکێشانەوەی ٣٠ پەرستار لە نەخۆشخانەی تاڵەقانی ئابادان و خۆکوشتنی پەرستاران لە شارەکانی تاران، سنە و کرماشان، واتا ڕێژەی ئەو هەوڵە خۆکوشتنانەی کە لە کۆمەڵگەی پزیشکی ئێران بە مەرگی کەسەکان کۆتایی هاتووە، دەگاتە ١٢ بۆ ١٦ کەس لەساڵدا، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ حەقدەستێکی لەڕادەبەدەر کەم و گوشاری تاقەت پروکێنی کار.
چوارەم– گوشاری تاقەت پروکێنی کار و کەمی حەقدەستەکان و هەروەها هەڵاواردن و خۆگێلکردنی بەرپرسانی حکوومەتی، لەگەڵ کاردانەوەی سەرتاسەری پەرستاران بەرەوڕوو بووەتەوە. ئەویش ئەوەیە کە بڕیاریان داوە بەمەبەستی گەیشتن بە ویست و داواکارییەکانیان ڕۆژی ٨ی خەرمانان مانگرتنێكی سەرتاسەری دەست پێبکەن. بەڵام ناڕەزایەتی و دەست لەکارکێشانەوەی پەرستاران لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، چەند تایبەتمەندییەکی بزووتنەوەی داواکاری تەوەری پەرستاران دەردەخات:
١– گرنگترین تایبەتمەندی بزووتنەوەی پەرستاران، بريتييە لە بەربڵاوی و گشتگیربوونی. تا ئێستا لە ٢٣ شاری گەورەی ئێران ناڕەزایەتی بەڕێوە چووە. سەراسەری بوونی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی پەرستاران، نیشانەی ئازارێکی هاوبەشە کە ئەوانی لێک نزیک کۆکردۆتەوە.
٢– یەکێک لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی بزافی ئەم دواییەی پەرستاران، بريتييە لە هاوپشتی و هاوهەنگاوی بەشە دەرمانییەکانی تر لەگەڵیان. حزووری کارمەندانی بەشی کارگێڕی، کادری دەرمانی بەشی فریاکەوتن، بەشی منداڵبوون، تاقیگەکان و تەنانەت بەشی پاککەرەوە، نیشانەی ئاستێکی بەرزە لە هاودەنگی و یەکگرتوویی کە بێ وێنەیە. ئەوە دەریدەخات کە سەرجەم بەشە دەرمانییەکان کە لە ژێر گورزی بە تایبەتکردن و بە کاڵاکردنی بێهداشتدان، سەبارەت بەم بارودۆخەی خۆیان تووڕە و ناڕازین.
٣– تاکتیکی دەست لەکارکێشانەوەی بەتەواوەتی، جگە لە حاڵەتەکانی فریاگوزاری، یەکێکی ترە لە تایبەتمەندیی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییە کە لە سەد ساڵی ڕابردوودا بێوێنە بووە. ئەوەش نیشانەی توڕەیی و بێزاری پەرستاران و بێهودەیی هەوڵ و ڕێوشوێنەکانی ڕابردووە کە لەگەڵ گرنگی پێنەدان و بەدەنگەوەنەهاتنی بەرپرسانی حکوومەتی بەرەوڕوو بووەتەوە. ئاشکرایە کە ڕاگرتنی دەست لەکارکێشانەوە لە کەرتی تەندروستیدا، هاوشێوەی مانگرتنی مامۆستایان، یان کارمەندانی بەشی گواستنەوەی شار و نێوان شارەکان کە پێوەندی بە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکەوە هەیە، کارێکە کە دەتوانێ خەڵک لەگەڵ مانگرتووان ڕووبەڕووی یەکتر بکاتەوە. ئەمە ئەو خاڵەیە کە دەوڵەتەکان بەردەوام هەوڵ دەدەن، وەک ئامرازێک کەڵکی لێ وەربگرن. ئەوەی کە پەرستارانی وڵات توانیویانە نەخۆشەکان و کەس و کارەکانیان لە پێویستی دەست لەکارکێشانەوە تێبگەیەنن و قەناعەتیان پێبکەن، نیشانەی ئاستێکی بەرزە لە هاوپشتی جەماوەری لەگەڵ خەبات و ناڕەزایەتییەکانیان.
٤– جگە لە هاوسۆزی و هاوپشتی نەخۆشەکان و بنەماڵەکانیان لەگەڵ بزووتنەوەی ناڕەزایەتی پەرستاران، هاوسۆزی و پشتیوانی بەربڵاوی کرێکاران، خانەنشینان و مامۆستایانیش لەگەڵ ئەم بزووتنەوەیە گەڵێک بەرچاو و سەرنجڕاکێشە. پشتگیرییەکانی شۆڕای هەماهەنگی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایان، بەیاننامەی پشتیوانی کانوونی سنفی مامۆستایانی بوشەهر، ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی فارس، ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی خۆراسانی باکوور ٢ هەروەها بەیاننامەی پشتیوانی سەندیکای کرێکارانی شیرکەت واحید لە ناڕەزایەتی و ویست داواکارییەکانی پەرستاران، مژدەبەخشی هاوپشتی و یەکگرتووییەکی بەهێز و جێگای شانازی بەشە جۆراوجۆرەکانی چینی کرێکارە.
پێنجەم– هاوچارەنووسی مامۆستایان و پەرستاران و جەختکردنەوە لەسەر دروشمی “کرێکار، مامۆستا، پەرستار، یەکگرن،” نیشان دەدات کە مامۆستایان و پەرستاران دەرکیان بەو ڕاستییە کردووە کە بەشێکن لە چینی کرێکار بە مانا بەرفراوانەکەی. ئەمەش بەیانگەری ڕوانگەیەکی ڕوون و دروستە بە ئاراستەی لێکنزیکبوونەوە و هاوپشتی و یەکگرتوویی چینایەتی. جێگای ئاماژەیە کە کەرتی تەندروستی و پەروەردە هەردووکیان سەرەکیترین کەرتی خزمەتگوزارین، کە هیچ کۆمەڵگایەکی مۆدێرن لەمڕۆدا ناتوانێت لە ئاستیاندا کەمتەرخەم بێت. واقیعییەت ئەوەیە کە لەو وڵاتانەی لانیکەمێک لە دەستەبەری کۆمەڵایەتی و سیاسەتێکی ئەوتۆ ڕەچاو دەکرێت کە تا ڕادەیەک گرنگی بە خەڵک دەدرێت، گرنگییەکی تایبەتی تر بە کەرتی پەروەردە و تەندروستی دەدرێت و لە بەکاڵاکردنی ئەم دوو کەرتە و بەهێزبوونی کەرتی تایبەت خۆ دەپارێزێت. بەڵام لە ئێران سەرەڕای ئەوەی کە لە یاسای بنەڕەتی دا خوێندن و بێهداشتی بێبەرامبەر زامن کراوە، سیاسەتی بەکاڵاکردن لەم دوو کەرتەدا زۆر بە خێرایی و بە شێوەیەکی توندوتیژ بەرەوپێش چووە. ئەم بەکاڵابوونە بەجۆرێک بەرەوپێش براوە کە ئەمڕۆ قوتابخانە و نەخۆشخانە دەوڵەتییەکان لە زومرەی بێ کوالێتی ترین کەرتەکان لە ئێراندان، ئەگەرچی هەر ئەم خزمەتگوزارییە خراپ و بێ کوالێتییەش، بە هەزینەیەکی ئێجگار زۆر بەسەر خەڵکدا دەسەپێندرێت. لەمڕووەوە دروشمی “پەروەردەی بێبەرامبەر و کوالێتی بەرز” و “بێهداشت و دەرمانی بێبەرامبەر و کاریگەر” لەگەڵ دەستەبەری کۆمەڵایەتی هەمەلایەنە و گشتگیر، دەتوانێ لە زومرەی ئەو دروشمە سەرەکیانە بێت کە هاودەنگی جەماوەریی بەدەست دەهێنێ و بەربەستێک لەبەردەم بە کاڵاکردنی بێهداشت و پەروەردە دا دروست دکات و هەروەها ڕێگری دەکات لە چەوسانەوە و و گوشاری کاری زیاتر. هەربۆیە ئەگەر بزووتنەوەی ناڕەزایەتی پەرستاران و بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی مامۆستایان بیانەوێت جەماوەری خەڵک لەگەڵ خۆیان هاوڕا بکەن، دەبێ بە هەڵکردنی ئاڵای پەروەردە و بێهداشتی بێبەرامبەر، خەڵک هان بدەن کە پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکانیان بکەن و بزووتنەوەیەکی بەرینی جەماوەری دژ بە نیولیبرالیزمی هار و تاڵانچێتی فاشیستی هەوسارپچڕاو ڕێک بخەن.
شەشەم – هاوکات لەگەڵ بزووتنەوە ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی پەرستاران، ناڕەزایەتیی بەشە جۆراوجۆرەکانی دیکەی کۆمەڵگاش خەریکە پەرە دەستێنێت. جگە لە ناڕەزایەتی بەردەوامی خانەنشینان، کە ئێستا وەک بزووتنەوەیەکی یەکگرتووانە، خانەنشینانی بەشەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، فەرهەنگیان، کیشوەری، پەیوەندییەکان و فوولادیشی لەخۆ گرتووە، کرێکارانی کەرتی بەرهەمهێنانیش خەریکن ناڕەزایەتی و مانگرتنەکانیان پەرە پێدەدەن. لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا کرێکارانی پاڵاوگەکانی پارسی باشوور، بە دەست لەکارکێشانەوە و ڕێپێوانی ناڕەزایەتی، لە پێناو مافەکانی خۆیان بەتایبەت حەقدەستە وەدواکەوتووەکان و هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستە پەیمانییەکاندا، خەبات دەکەن. هەروەها کرێکارانی وێستگەکانی ئاوی شیرینیش لە چابەهار بەرامبەر بە نەدرانی حەقدەستە وەدواکەوتووەکان ناڕەزایەتیان دەربڕیوە. کرێکارانی پارس واگۆنی ئەراکیش لەپێناو دەستەبەرکردنی مافەکانیاندا لە شوێنی کارەکەیان دەستیانداوەتە مانگرتن و ڕێپێوانی ناڕەزایەتی. مامۆستایانی وانەبێژ سەبارەت بە دۆخی دامەزراندن و کەمی حەقدەستەکانیان ناڕەزایەتییان دەربڕیوە. شۆفێری ئوتوبووسەکانی کەرەج و بەشێک لە شارەکانی دیکەش، لە ناڕەزایەتی بە پێنەدانی حەقدەستەکانیان دەستیان لەکار کێشاوەتەوە. زیاتر لە ٤٠ ڕۆژە جووتیارانی ئیسفەهان، بە مانگرتن و وەستاندنی تراکتۆرەکانیان، لە ناڕەزایەتی بە وەرنەگرتنی بەشە ئاو بۆ ئاودێری زەوی و زارەکانیان، دەستیانداوەتە مانگرتن. زۆرێک لەو جووتیارانەی کە بەرهەمەکانیان بە تەعاونیە دەوڵەتییەکان فرۆشتووە، بەرامبەر بە وەرنەگرتنی بڕە پارەی دیاریکراو ناڕەزایەتیان دەربڕیوە و ئەم ناڕەزایەتیانە ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر دەستێنێت. هاوکات لەگەڵ ئەم ناڕەزایەتی و مانگرتنە داواکاری تەوەرانە، ناڕەزایەتی ماڵ لەدەست چووەکانیش هەروا بەردەوامە. بەشێکیان لەو کەسانەن کە دەیان ساڵە پووڵی پێشوەختەیان داوە بۆ کڕینی زەوی و خانوو، بەڵام هەتا ئێستا هیچ خەبەرێک لە زەوی و خانوو نییە. بەشێکی تر ئەو کەسانەن کە بە هیوای کڕینی ئۆتۆمبێل پووڵی پێشوەختەیان داوە و هەتا ئێستاش هیچ خەبەرێک لە وەرگرتنی ئۆتۆمبێل نییە. لێرەدا باندە مافیاکانی دەسەڵات، بە پشتیوانی سپا، خەریکی تاڵانکردنی سەروەت و سامانی خەڵکن کە بە ئارەق و خوێنی جەستەیان پاشەکەوتیان کردووە. خاڵی گرنگ ئەوەیە کە لە زۆر حاڵەتدا ئۆرگانە دەوڵەتییەکان هیچ وەڵامێک بەم ناڕەزایەتیانە نادەنەوە و بەردەوام باس لە کەمی بودجە دەکەن، لە کاتێکدا بۆ مەراسیمی دەوڵەتی ئەربەعین، بودجەیەکی زۆر و زەوەندیان تەرخان کردووە و سەرجەم ئوتوبووسەکانی شاریان ئەرکدار کردووە لەو مانگە دا هەموو ئیمکاناتێکی خۆیان بخەنە خزمەت زیارەتکارانی سەر سنووری عێراق. جگە لە ئیدیعای نەبوونی بوودجە، تەنیا وەڵامی دەسەڵات بە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان، بریتی بووە لە بەربڵاوتر کردنی بازنەی سەرکوتەکان لە دژی هەڵسووڕاوانی پیشەیی مامۆستایان، چالاکانی مەدەنی مافی ژنان، هەڵسووڕاوانی پیشەیی و سەندیکایی کرێکاران و چالاکانی کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و ئەدەبی و هەروەها چڕکردنەوەی گوشارەکان لەسەر زیندانیانی سیاسی.
حەوتەم– لە دۆخێکدا کە بزووتنەوە مەدەنی و ئازادیخوازە جەماوەرییەکان شانبەشانی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان و مانگرتنی بەشە جۆربەجۆرەکانی بزووتنەوەی کرێکاری، بەتایبەتی کەرتی خزمەتگوزاری، لە ئارادایە و تەنگیان بە دەسەڵات هەڵچنیوە، مەجلیسی دەستنیشانکراوی شۆڕای ئیسلامی، دوای وتارەکەی مەسعوود پزیشکیان، دەنگی متمانەی بە سەرجەم ئەندامانی کابینەکەی بەخشی. ئەمجارەیان زیاتر ڕوون بووەوە کە کابینەی نوێ، کابینەی “ئاغا“یە. لە ڕابردووشدا سەرجەم کابینەکان بەبێ ڕەزامەندی شەخسی وەلی فەقیه، نەیاندەتوانی دەست بەکارەکانی خۆیان بکەن. لە کاتی پەسەندکردنی یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی و بە تایبەتی دوای پەسەندکردنی بنەمای وەلایەتی فەقیه، بە ڕوونی دەرکەوت کە سەرەڕۆیی تاکەکەسی لە کۆماری ئیسلامیدا، زۆر توندوتیژتر، بێبەزەیانەتر و چڕتر لە سەرەڕۆییەکانی سەردەمی پەهلەویی و قاجاریەکانە. هەر لە دوای شکستی شۆڕشی ڕێبەندان و هاتنەسەرکاری فاشیزمی ئایینییەوە، هێزە کۆمۆنیست و سۆسیالیستە شۆڕشگێڕە لە ئاشتی نەهاتووەکان لەگەڵ هەر چەشنە سەرەڕۆییەک، لەسەر ئەم ڕاستییە بەردەوام پێداگرییان کردووە. بەڵام بەشێک لە ڕیفۆرمخوازان، لە نێو ئۆپۆزیسیۆنی نێوخۆی ڕێژیم یان ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەی دەسەڵات، چاوی ئومێدیان دەبڕییە “هەڵبژاردن” لە کۆماری ئیسلامیدا و چاوەڕوانی موعجیزە بوون لەو شانۆ گاڵتەجاڕ و موهەندیسی کراوە. ئەمجارەشیان بەشێک لە ڕیفۆرمخوازانی ناوخۆ و دەرەوەی حکوومەت بەشێوەیەکی فریوکارانە لەسەر ئەم وەهمە پێداگرییان کرد بۆ ئەوەی خەڵکێکی زیاتر بەرەو سەر سندووقەکانی دەنگدان ڕابکێشن. وتاری کۆتایی مەسعوود پزیشکیان بۆ دەنگدان بە سەرجەم ئەندامانی کابینە پێشنیار کراوەکەی، دووڕوویی و ڕیکاری ئەم جەماعەتەی بە تەواوی دەرخست و واقیعی سەرەڕۆیی ڕووت و لەڕادەبەدەر توندوتیژ و خودا ئاسای وەلایەتی فەقی، هەرچی زیاتر بۆ هەمووان ئاشکرا کرد. واقیعییەت ئەوەیە کە “کابینەکەی ئاغا” کە دوای شکستی سەرشۆڕانەی سیاسەتی یەکدەست کردن لە ژێر ناوی “دەوڵەتی گەنجی حیزبوڵڵایی، هەنگاوی دووەمی شۆڕشی ئیسلامی” بە بەشداری بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی ناوخۆی ڕژیم پێکهێنرا، جگە لە فریودان و خۆڵ کردنەچاوی خەڵک و دروستکردنی دووبەرەکی و پەرتەوازەیی لەناو بزووتنەوەی ئازادیخواز و یەکسانیخوازانە و ڕوو لە گەشەی چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی خەڵکدا، هیچ ئامانجێکی دیکەی نییە. “کابینەکەی ئاغا” هەوڵدەدات هاوکات لەگەڵ مشتی پۆڵایین، بە هەندێک پاشەکشە لە سیاسەتی دەرەوەدا، گوشارە ئابوورییەکان لەسەر خۆی کەم بکاتەوە و بەر بە ڕەوتی ڕوو لە داڕمانی حەتمی ئابووری وڵات بگرێت و لەم ڕێگایەوە، بەشێک لە هێزە ناڕازیەکانی بزووتنەوە داواکاریی تەوەرەکان، لە ڕیزی خەباتی شۆڕشگێڕانە داببڕێت. هەوڵێکی بێهودەی کە بە هیچ ئاکامێک ناگات.
بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی
سەرکەوتوو بێ شۆڕشی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران
پیرۆز بێت شۆڕشی خەڵکی ئێران
بژی ئازادی، دێموکراسی و سۆسیالیزم
ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران ( ڕاهی کارگەر) و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
یەکشەممە ٤ی خەرمانانی ١٤٠٣/ ٢٤ی ئاگۆستی ٢٠٢٤