
ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە ئێران پێی ناوەتە پێنجەمین ڕۆژی خۆیەوە. ناڕەزایەتییەکان کە سەرەتا لە لایەن بازاڕیانەوە بەهۆکاری ئابووریی، لەوانە (هەڵاوسان، دابەزینی بەهای ڕیاڵ، هەژاری و گرانی) دەستیپێکرد، زۆر بە خێرایی بوو بە بزووتنەوەیەکی بەربڵاوی سیاسیی هەڵگری کۆمەڵێک ویست و داواکاری بنەڕەتی. خوێندکاران، شارۆمەندان و موعەلیمانیش وێڕای پەیوەستبوون بە ناڕەزایەتییەکانەوە، دروشمی هاوتەریب لەگەڵ بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” بەرزدەکەنەوە و خوازیاری ڕووخاندنی ڕێژیمن. شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان بە خێرایی شەقام و زانکۆ و بەشێک لە کۆڕ و کۆبوونەوە پیشەییەکانی گرتەوە و لە زۆر شوێن دروشم و داواکاری سیاسی ئاشکرای لێکەوتەوە. هاوکات حکوومەت بە تێکەڵەیەک لە ئامرازەکانی ئەمنییەتی (دەستبەسەرکردن، تەقەکردن و حزووری بەرچاو لە شەقامەکان)، شەڕی دەروونی و داخستنی بەربڵاوی ئیدارەکان و بەڵێنی بێ بنەمای ئابووری، هەوڵ دەدات گۆڕەپانەکە کۆنتڕۆڵ بکات، بەڵام ئەوەی کە بە ڕوونی بارچاو دەکەوێت بریتییە لە بەردەوامی و فرەیی ناڕەزایەتییەکان لە زیاتر لە پازدە شار.
لەگەڵ تاریکبوونی هەوا، چەندین کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەربڵاو هاوکات لە چەند شارێک بەڕێوەچوو. لەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتیانەدا دروشم گەلێکی دژە ستەم و سەرەڕۆیی، بەتایبەتی دروشمی “مەرگ بۆ دیکتاتۆر” ڕۆڵێکی سەرەکییان هەبوو. لە شاری ئەراک خەڵک لە شەودا و بە دروشمی “مەرگ بۆ دیکتاتۆر” خۆپیشاندانیان کرد. لە هەمەدان شاهیدی شەڕی دەستەویەخەی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان بووین. لە مەمەسەنی (فارس) و فولادشاری ئیسفەهان خەڵک بە دروشمی “مەرگ بۆ دیکتاتۆر” ڕژانە سەر شەقامەکان. خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان شارەکانی ئیسفەهان، فەسا، کوهدەشت، گەناوە، دوروود، باغمەلەک، کرماشان، نەهاوەند، جونقان، ڕامهورموز، فارسان و عەلیگودەرزی گرتووەتەوە. مانگرتن و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە دژی داڕمانی ئابووری، ستەم و سەرەڕۆیی و خەفەقان، ڕۆژی سێشەممە ڕەهەندێکی بەربڵاوتری بەخۆیەوە گرت و چەندین زانکۆ و شاری جۆراوجۆری وڵاتی گرتەوە. بەپێی ڕاپۆرتەکان هەوڵدراوە لە زۆر شوێن بە دروستکردنی ویدئوی ساختە و ناڕاست دروشمەکانی خەڵک و بازاڕیان بەلاڕێدا ببەن، بەڵام ئەو هەوڵانە سەرکەوتوو نەبووە و دروشمە سەرەکییەکانی خەڵک و بازاڕیان هەروا هاوتەریب لەگەڵ بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” و دژ بە دیکتاتۆرییەت بەردەوام بووە.
لە حاڵێکدا کە حکوومەت بە بیانووی “کەشوهەوای سارد و سەغڵەت” تەواوی وڵاتی کردووەتە پشوو، لەگەڵ تاریکبوونی هەوا ناڕەزایەتییەکان لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی تاران و چەند شارێکی دیکە بەردەوام بوون. ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە خەڵکی شاری ئەراک شەوانە بە دروشمی “مەرگ بۆ دیکتاتۆر، دەستیان داوەتە خۆپیشاندان و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی. لە هەمەدان ناڕەزایەتی شەوانەی خەڵک بە دروشمی “مەرگ بۆ دیکتاتۆر” بووە هۆی شەڕ و تێکهەڵچوونی دەستەویەخە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان. لە مەمەسەنی سەر بە پارێزگای فارس خەڵک لە شەودا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد. لە فولادشاری ئیسفەهانیش خەڵک بە دروشمی “مەرگ بۆ دیکتاتۆر” کۆبوونەوە و خۆپیشاندانی شەوانەیان بەڕێوە برد. هاوکات ڕۆژی سێشەممە ٩ی بەفرانباری ١٤٠٤ لە درێژەی شەپۆلی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان، خوێندکاران لە چەندین زانکۆی تاران و شارەکانی تر، لەوانە لە زانکۆکانی عیلم و فەرهەنگ، عیلم و سەنعەت، شەهید بەهەشتی و زانکۆی تاران، خاجەنسیر، پۆلیتەکنیک و هتد… کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد. کۆبوونەوەی زانکۆکان لە وەڵام بە بانگەوازەکانی پێشووتر ئەنجامدرا و هاوکات هەواڵی کۆنترۆڵی تووندتر و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمنییەتی لەگەڵ خوێندکارانی ناڕازی بڵاوبووەوە. ئەم ناڕەزایەتیانە شارەکانی دیکەشی گرتەوە و خوێندکارانی زانکۆی یەزد و زانکۆی سەنعەتی ئیسفەهانیش دەستیاندایە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی. هەندێک لە دروشمەکانی ئەم کۆبوونەوە ناڕەزایەتیانە، بریتی بوون لە، خوێندکار ئامادەیە بمرێت، بەڵام سووکایەتی قبوڵ ناکات، بەسیجی، سپایی، داعشی ئێمە ئێوەن.
کچانی خوێندکار لە زانکۆی خاجەنەسیر وێڕای بەرزکردنەوەی دروشمی “نە ڕووسەری، نە تووسرتی، ئازادی و بەرابەری“، جارێکی دیکە حیجابیان تووڕهەڵدا و بە ڕاوەشاندنی سەرپۆشەکانیان، دروشمی بزووتنەوەی ژینا واتە، “حیز ئەتۆی، هەرزە ئەتۆی، ژنی ئازادە منم“یان دووبارە کردەوە و هەروەها لە دژی هەژاری، گەندەڵی، گرانی و دیکتاتۆرییەت دروشمیان دا. بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی بە خوێندکارانی یەکگرتوو گەیشتووە، شەوی سێشەممە ٩ی بەفرانبار، خوێندکارانی بەشەناوخۆیی تەندروستی زانکۆی عەلامە تەباتەبایی، دروشمی وەک “مەرگ بۆ دیکتاتۆر”، و دروشم گەلێکیان لە دژی دەسەڵاتی جینایەتکاری وەلایەت، هەژاری و بێ ئاسۆیی لاوان و هەروەها دروشمی ژن، ژیان، ئازادی“یان بەرزکردەوە. ڕۆژی سێشەممە ٩ی بەفرانبار، خوێندکارانی زانکۆی سەنعەتی ئیسفەهانیش کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا.
بە پێی دوایین ڕاپۆرتی شۆڕای پیشەیی زانکۆی تاران، عارف هادینەژاد، موبین ئەمینیان، مانی ئەیدی، موژان مێهدیزادە، سەیدە نیگار مێهدینیا و شایان دێهکوردی ئادەمی، خوێندکارانی زانکۆی تاران کە لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژی سێشەممەدا دەستبەسەر کرابوون، ئازادکراون. ئەڵبەتە هەتا ئێستاش هیچ زانیارییەک سەبارەت بە بارودۆخی شاهین شکووهی، ئەو خوێندکارە دەستبەسەرکراوەی دیکە، لەبەردەستدا نییە. ڕاپۆرتەکان هەروەها ئاماژە بە ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژانەی هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیم دەکەن. لە فەسا باس لەوە دەکرێت کە هێزە سەرکوتگەرەکان ڕاستەوخۆ تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردووە. هەروەها هەواڵی مردنی گەنجێکی تەمەن ١٨ ساڵ بڵاو بووەوە، کە لەلایەن بەرپرسانەوە ڕەتکرایەوە. ڕاپۆرتەکان لە شاری کوهدەشت باس لە تەقەی ڕاستەوخۆ لە هاووڵاتیان دەکەن و لە شاری بێهبەهانیش چوار کەس دەستبەسەر کراون.
ئەوەی کە لە گۆڕەپانی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەدا بەرچاوە، بریتییە لە گۆڕانی چۆنایەتی ئەو ناڕەزایەتییە لە “ناڕەزایەتی بەرامبەر بە نرخ و هەڵاوسان“ەوە بۆ “ناڕەزایەتی بەرامبەر بە پێکهاتەی دەسەڵات“. گۆڕانکارییەکی کە بەزۆری کاتێک ڕوودەدات کە قەیرانی ئابووری دەگاتە بنبەستی سیاسی و بەشێکی بەربڵاوتری کۆمەڵگا دەگەنە ئەو قەناعەتەی کە کێشەکە تەنیا سیاسەتێکی هەڵەی ئابووریی نییە، بەڵکوو نەزمێکی کۆمەڵایەتی–سیاسییە.