ئەسکەندەر موئمنی، وەزیری ئەمنییەتی وەزارەتی ناوخۆ، ڕۆژی دووشەممە پێنجی خەرمانان، جەختی لەوە کردەوە کە هاووڵاتییە دەرەکییە بەناو بێ مۆڵەتەکان، دەبێ تا کۆتایی ئەمساڵ ئێران بەجێبهێڵن. ناوبراو هەروەها وتی کە چارەسەرکردنی کێشەی هاووڵاتیانی دەرەکی یەکێکە لە کارە لە پێشینەکانی وەزارەتەکەی و شەخسی خۆی سەرپەرشتی پڕۆسەی دیپۆرتکردنەوەکان دەکات. ئامارێکی ورد سەبارەت بە ژمارەی کۆچبەرانی ئەفغانستان لەبەردەستدا نییە. بەشێک لە بەرپرسان ساڵی ڕابردوودا باسیان لە بوونی ٨ ملیۆن کەس دەکرد، بەڵام بەرپرسانی ئێستا دەڵێن پێنج ملیۆن کەسن. حکوومەتخۆیمۆڵەتیئیقامەیبەملیۆنانکەسلەوکۆچبەرانەداوە،بەڵامپۆلیسهیچبەڵگەنامەیەکیبەفەرمینەناسیوەوهەرکاملەوکەسانەلەکاتیدەستبەسەربووندا،ئەگەرپارەیبەرتیلیانپێنەبێت،بەوپەڕیتوندوتیژییەوەبەڵگەنامەکانیانلێدەدڕێننوڕەوانەیسەرسنوورو
کەمپەکانی دیپۆرتکردنەوەیان دەکەن. زۆربەی هەرەزۆری ئەو پێنج ملیۆن کۆچبەرە ژن، یان منداڵانی کرێکاری ئەفغانستانین. ئەمە واقعییەتێکی بەرچاوە کە لە تەبلیغاتی ڕەگەزپەرستانەی ڕاگەیەنەرە دەوڵەتییەکاندا هیچکات ئاماژەی پێ ناکرێت. بەڵام هەر ئەم مێدیایانە بە ڕێزەوە باس لەو ئەفغانییە دەوڵەمەندانە دەکەن کە زۆربەیان دوای کۆنترۆڵکردنەوەی سەرلەنوێی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە، هاتوونەتە ئێران و وەک وەبەرهێنەر ناویان دەبەن. خاوەنکارانی ئێران و بەتایبەتی خاوەنکارانی بەشی بیناسازی و کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە، بەکارهێنانی کرێکاری هەرزان و بێدەنگی ئەفغانستانییان پێ باشترە لە کرێکارانی ئێرانی. چونکە ئەم کرێکارانە هەر لە هەڵکەندنی گۆڕ و بیری ئاوەوە بگرە هەتا کاری سەخت و تاقەت پروکێنی بیناسازی، کاری مەزرا و کار لە شوێنە شیمیایی و ژەهراوییەکان، کورەخانە و ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی ئاهەک، شوانی و زبڵ کۆکردنەوە، بە کەمترین حەقدەست و بێبەشبوون لە سەرجەم مافە یاساییەکان، ئەنجام دەدەن. ئەگەر ئەو کرێکارانە لە ناوەندە زۆر نائەمن و مەترسیدارەکانی کاردا گیانیان لەدەست بدەن، زۆر بە ئاسانی و بە ڕاپۆرتی کارمەندێکی بێویژدانی وەزارەتی کار، قوربانییەکە بە تاوانبار و خاوەنکار بە بێتاوان دەناسرێن.
خاوەنکارانی کەرتە گشتی و تایبەتەکان، زۆرتر لە کرێکارانی گەورە و بچووکی ئەفغانستانی کەڵک وەردەگرن لەبەر ئەوەی بە قسەی ئەوان کرێکارانی ئێرانی بڕوبیانووی زیاتریان پێ دەگرن و خۆ لە کار دەدزنەوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش هەرکاتێک ئەو کرێکارانە ناڕەزایەتییەک دەرببرن یان لەگەڵ خاوەنکارەکان تووشی کێشە بن، تەنانەت ئەگەر حەق بە کرێکارەکەش بێ، بەبیانووی نەبوونی ئیقامە و بەلگەنامەی فەرمی، بەخێرایی هەوڵی دیپۆرتکردنەوەیان دەدەن. گەلێک لە ڕاپۆرتەکان باس لە دەست تێکەڵاوکردنی خاوەنکارەکان لە گەڵ پۆلیس دەکەن بۆ ئەوەی حەقدەستی کرێکارانی ئەفغانی نەدەن. خاوەنکاران پڕۆژەکانیان بە هێزی کرێکارانی ئەفغانی بەرەوپێش دەبەن و هەموو یان بەشێک لە حەقدەستەکانیان گل دەدەنەوە. کاتێکیش ئەو کرێکارانە ناڕەزایەتی دەرببڕن، خاوەنکار بە پێدانی بەرتیل بە بنکەی پۆلیسی ناوچەکە، هەموویان غافڵگیر دەکات و بەبێ ئەوەی هیچ حەقدەستێکیان پێبدات، ڕەوانەی ئەفغانستانیان دەکاتەوە. ڕەهەندەکانی چەوساندنەوەی بێبەزەییانەی کرێکارانی کۆچبەری ئەفغانستان لەلایەن خاوەنکاران و بەرپرسانی حکومەتەوە، بە تەواوی دەرناکەوێت ئەگەر باس لە چەوساندنەوەی منداڵانی کاری ئەفغانستانی و ئەو ئازار و مەینەتیانەش نەکرێت کە بەسەریاندا دەسەپێنرێت. ئەم منداڵانە لە لایەن خاوەنکارە تایبەتی و دەوڵەتییەکانی وەک شارەوانیەکانەوە، لە شوێنە نائەمن و مەترسیدارەکاندا کاری قورس و پڕ مەترسییان پێ دەسپێردرێت. ئەوان وەک یەکێک لە لاوازترین توێژەکانی کۆمەڵگا، ئەگەر خاوەن بنەماڵە بن، هاوکار و کۆمەک خەرجێکی بچووکی بنەماڵەکانیانن. سەختی کارەکانیان، زیان و مەترسییەکی ئەوتۆیان پێدەگەیەنێت که هیچکات قەرەبوو ناکرێتەوە. هەژاری، نەخۆشی، بێ ئاسۆیی، ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان، ئاستی نزمی خوێندەواری، بێکاری و فەقری فەرهەنگی، تەنیا بەشێکن لەو ئازار و مەینەتیانەی کە بەسەر ئەم منداڵە کرێکارانەدا دەسەپێنرێت.
کۆماری ئیسلامی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی، کە بریتییە لە پەرەپێدان بە سیاسەتی دژە ئەفغانستانی، لە ڕاگەیەنەرە دەوڵەتییەکان، تۆڕە کۆمەڵایەتی و هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان کەڵک وەردەگرێت. ئەوان بە چاوپۆشی کردن لە ڕۆڵی بنیاتنەری کرێکارانی گەورەساڵ و منداڵی ئەفغانستان، لە بچووکترین ڕووداو وەک ئامرازێک کەڵک وەردەگرن بۆ چاندنی تۆوی نەفرەت و بێزاری زیاتر لە دژی ئەوان. هەرکە ڕووداوێکی دەستدرێژی یان کوشتن ڕووبدات، میدیاکان بەبێ هیچ لێکۆڵینەوەیەک، ئەفغانییەکانی پێ تۆمەتبار دەکەن. تەنانەت هەندێک لە مێدیاکان کۆچبەرانی ئەفغانستان بە هۆکاری کەمی ئاو و کارەبا و بە تایبەتی بەرزبوونەوەی نرخی نانیش لە قەڵەم دەدەن. هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن ڕووماڵی هێرشەکانی سەر پەنابەرانی ئەفغانستانیان قۆستەوە و هاوکات کۆمەڵێک ڕاستیشیان سەبارەت بە دۆخی زۆربەی هەرەزۆری هاووڵاتییان ئاشکرا کرد. بە گوێرەی زانیارییەکانی ئەوان، لە کۆی گشتی دانیشتوانی ئێران ٤٧ میلیۆن کەس لە ژێر هێڵی هەژاری و نزیکەی ٢٥% لە ژێر هێڵی هەژاریی موتڵەقدان. بە پێی ئاماری وەزارەتی کار، ١١ میلیۆن کەس لە دانیشتوانی ئێران سەبەتەی خۆراکی پشتیوانی وەردەگرن. ئەوان بوونی پێنج بۆ هەشت ملیۆن کۆچبەری ئەفغانستانی بە هۆکاری هەژاری و دۆخی دژواری کرێکاران و زەحمەتکێشان دەزانن. ئەم مێدیا و بەرپرسە دەوڵەتیانە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشە ئێجگار ئاڵۆزەی کە زۆرتر دروستکراوی دەستی ڕژێم و خاوەنکارەکانە، چارەسەرێکی زۆر سادە دەخەنەڕوو کە بریتییە لە دەرکردن و دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرانی بێ مۆڵەت و دەشڵێن کە گۆیا ئەمە خواستێکی نەتەوەییە.
ئەو ڕاستییە زۆر ڕوون و ئاشکرایە کە کرێکارانی کۆچبەری ئەفغانستان، سەرچاوەی ئاوەدانی وڵات و داهاتێکی زۆر بوون بۆ خاوەنکاران و سپای پاسدارانیش لە شەڕەکان و لەوانە شەڕی سوریەدا، بەکاری هێناون و بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەکی زۆر و نادیار لەو کۆچبەرانە. پرسیار ئەوەیە کە بەرپرسان و کابینە نوێیەکەی پزیشکیان، بۆچی لەم دۆخەی ئێستادا سیاسەتی دژە ئەفغانستانی و دیپۆرتکردنەوەی ئەوانی چڕتر کردووەتەوە. واقیعییەت ئەوەیە کە ئەم بابەتە بۆ دەسەڵات و خاوەنکاران وەک هەر شوێنێکی تری جیهان، بابەتێکی سیاسییە. بەڵام ئەم سیاسەتە لە کۆماری ئیسلامیدا تایبەتمەندی خۆی هەیە. ڕژیم لە دۆخێکی هێندە دژواردایە کە تەنانەت ناتوانێت ئاو و کارەبای خەڵک و ناوەندە پیشەسازی و خزمەتگوزارییەکان دابین بکات. ئەم ڕاستییە بۆتە هۆی ئەوەی کە دۆخی ئابووری وڵات لە هەموو کاتێک خراپتر بێت. کەواتە ڕێژیم وەک هەموو دەستی ڕاستەکانی جیهان، دەبێ بەدوای تۆمەتباردا بگەڕێ و ئەویش بێگومان کرێکارانی کۆچبەرن. جێگای ئاماژەیە کە کابینەی دەستبەتاڵی پزیشکیان، ئیتر جێگایەکی زۆری بۆ چاپکردنی پووڵ و قەرز وەرگرتن لە بانکی ناوەندی نییە، وەرگرتنی باج بەردەوام لە زیادبووندایە و ئەگەری فرۆشتنی دۆلاریش لە بازاڕی دراوی بیانیدا، زیانی ئابووریی گەورەی لێدەکەوێتەوە. لە هەلومەرجێکی ئەوتۆدا، ڕژیم بە هەڕەشەی ناردنی ملیۆنان کۆچبەری ئەفغانی بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا، هەوڵ دەدات گوشارێکی زیاتر بخاتە سەر ئەو وڵاتانە.