چاوخشاندنێک بەسەر ڕەوتی شەڕ و زیانە مرۆییەکانی لە دەیەمین ڕۆژدا

بەرەبەیانی شەممە ٢٨ی فێوریەی ٢٠٢٦، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی بەربڵاویان بۆسەر چەندین شار و ناوەندی سەربازیی ئێران دەستپێکرد. ئێستا، لە دەیەمین ڕۆژی ئەم شەڕ و تێکهەڵچوونەدا، وێنەیەکی ڕوونتر لە پێگەی سێ ئەکتەری سەرەکیی ئەم شەڕە بەدەست هاتووە: ئەمریکا و ئیسرائیل وەک دەستپێشخەرانی هێرشەکە، کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک لایەنی بەرانبەر و خەڵکی بێ دیفاع لە ئێران، ناوچەکە و ئەمریکا، کە بێ ئەوەی هیچ ڕۆڵێکیان لە دەستپێکردنی ئەم شەڕەدا هەبێت، قورسترین باجی دەدەن. دۆناڵد ترەمپ لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ئەم ئۆپەراسیۆنەی بە «گەورە و بەردەوام» ناوبرد و داوای لە خەڵکی ئێران کرد کۆنترۆڵی دەوڵەت بەدەستەوە بگرن. بنیامین نەتانیاهۆش ئامانجی جەنگەکەی بە «نەهێشتنی هەڕەشەی بوونێتی ڕژێمی ئێران» ڕاگەیاند. لە ئاستی فەرمیدا، سێ ئامانجی سەرەکی بۆ ئەم شەڕە خراونەتە ڕوو: لەناوبردن یان لاوازکردنی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، کۆنترۆڵکردنی بەرنامەی موشەکی و بڕینی پاڵپشتییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ هێزە بەوەکالەتەکان لە ناوچەکەدا.

بەڵام لە نێوان ئامانجە ڕاگەیەندراوەکان و واقیعی شەڕەکەدا مەودایەکی جیدیی بوونی هەیە. شەڕ، تەنانەت ئەگەر بە پێشکەوتووترین تەکنەلۆژیا و وردترین سیستەمەکانی نیشانەشکێنیش ئەنجام بدرێت، هەرگیز تەنیا لە چوارچێوەی سەربازیدا نامێنێتەوە. بەتایبەت لە وڵاتێکی وەک ئێران کە زۆرێک لە ناوەندە سەربازییەکان، بارەگاکانی بەسیج و هێزە ئەمنییەکان لە ناو جەرگەی شارەکان و لە تەنیشت ناوچەکانی نیشتەجێبووندان، هەر هێرشێک بۆ سەر ئامانجێکی سەربازی، لە کردەودا دەبێتە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر گیانی خەڵکی بێ دیفاع. ماڵی خەڵکیش لەگەڵ ڕووخانی ئەم ناوەندانە وێران دەبن و ئەو بنەماڵانەی هیچ پشکێکیان لە سیاسەتەکانی حکوومەتدا نییە، لەژێر داروپەردوودا دەمێننەوە.

خێرایی و وردیی بێپێشینەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، ئەنجامی بیرکردنەوە و پلانداڕشتنی چەندین مانگە، بەڵام ئەم شەڕە زیاتر لەوەی کە گۆڕەپانی پێکان و لەناوبردنی ئامانجەکان بێت، بووەتە گۆڕەپانی شەکەتبوون و داڕمانی گیان و دەروونی مرۆڤەکان. تەکنەلۆژیا دەتوانێت وردبینی موشەکەکان زیاد بکات، بەڵام ناتوانێت سنووری نێوان سەربازگەیەک و ماڵێکی مەدەنی لەناو ببات. لێدوانەکانی مەهدی محەمەدی، ڕاوێژکاری باڵای سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، وێنەیەکی ڕاشکاو لە ستراتیژیی کۆماری ئیسلامی نیشان دەدات، واتە: فراوانکردنی مەودا و درێژکردنەوەی ئەو شەڕە. ناوبراو دەڵێت ئەم ستراتیژییە سێ قۆناغی هەیە:

هێرشبۆسەرئیسرائیل،هێرشبۆسەربنکەکانیئەمریکالەوڵاتەعەرەبییەکانوفراوانکردنیهێرشەکانبۆسەرئامانجەمەدەنییەکانیوەکفڕۆکەخانە،هۆتێلوباڵیۆزخانەکان.

هێرشەکان بۆ سەر فڕۆکەخانە و بەندەرەکان لە کۆیت، عەمان، ئیمارات و کۆماری ئازەربایجان و هەروەها بە ئامانجگرتنی بنکەی سەربازی بریتانیا لە قیبرس، هەر لەم چوارچێوەیەدا شیاوی تێگەیشتنە. لۆژیکی ئەم ستراتیژییە ڕوونە: بردنەسەرەوەی تێچووی شەڕ بۆ ئەمریکا لەڕێگەی بەرزکردنەوەی ژمارەی کوژراوان، تێکدانی بازاڕی وزە و دروستکردنی فشاری ئابووری، بەو ئومێدەی کە لە کۆتاییدا ئەمریکا بەسەرکەوتنێکی ڕواڵەتیڕازی بێت و بکشێتەوە. بۆ کۆماری ئیسلامی، مانەوە خۆی جۆرێکە لە سەرکەوتن، تەنانەت ئەگەر ئەم مانەوەیە لەسەر وێرانەی شارەکان و گیانی هەزاران مرۆڤیش بێت.

کارەساتە مرۆییەکان و بێدەنگیی جیهان،

تاڵترین و ڕاستەوخۆترین ڕوخساری ئەم شەڕە دەبێ لە دۆخی خەڵکی ئاسایی ئێراندا بێتە بەرچاو. یەکێک لە دڵتەزێنترین ڕووداوەکانی ئەم دە ڕۆژە، بریتی بوو لە بڵاوبوونەوەی وێنەکانی بەرکەوتنی موشەک بە قوتابخانەیەکی کچان لە میناب، هێرشێک کە بووە هۆی کوژرانی لانیکەم ١٥٣ کچی کەم تەمەن. ئەمە تەنهاڕووداوێکی شەڕنییە، بەڵکوو چڕترین وێنەی سروشتی دژە مرۆیی ئەم شەڕەیە. ئەو منداڵانەی کە نە دەنگیان داوە، نە فەرمانی سەربازییان دەرکردووە و نە هیچ ڕۆڵێکیان لە بەرنامەی ئەتۆمیدا هەبووە، لەناکاو خەڵتانی خوێن دەکرێن.

بەڵام زیانە مرۆییەکان تەنها کوژراوە ڕاستەوخۆکان لەخۆ ناگرێت، بەڵکوو هێرش بۆ سەر ژێرخانەکانی وزە، تۆڕەکانی ئاو و سەرچاوە گرنگەکان، ژیانی ڕۆژانەی ملیۆنان کەسی پەکخستووە. بڕانی ئاوی خواردنەوە، کارەبا، سووتەمەنی و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، دەبێتە هۆی شەپۆلێک لەمەرگی ناڕاستەوخۆ“. بۆ نموونە بۆردومانکردنی پاڵاوگەی تاران و بڵاوبوونەوەی دووکەڵی ژەهراوی، گیانی هەزاران منداڵ و بەساڵاچووی خستووەتە مەترسییەوە. ئەو مەرگانەی کە ڕەنگە هیچکات لە ئاماری فەرمی بۆردومانەکاندا تۆمار نەکرێن، بەڵام بە هەمان شێوە ڕاستەقینە و کارەساتبارن. ئەو نەخۆشخانانەی لەگەڵ کەمی کارەبا، دەرمان یان ئاو بەرەوڕوو دەبنەوە، کەسانی گیرۆدەبوو بە نەخۆشیەکانی خوێن، منداڵی تازە لەدایکبوو، هەروەها ئەو کەسانەی لەژێر چاودێری چڕدان و بریندارەکان، لەگەڵ مەترسی مردن بەرەوڕوو دەبنەوە. هەروەها بۆردومانی پاڵاوگەی تاران و بڵاوبوونەوەی دوکەڵی چڕ بەسەر شارەکەدا، نموونەیەکی ڕوونە لە زیانە ناڕاستەوخۆ، بەڵام زۆر بەربڵاوەکانی شەڕ. ئەم پیسبوونە قورسە ژیانی هەزاران منداڵ و بەساڵاچوو و ئەوانەی نەخۆشی هەناسەدان، یان نەخۆشی دڵیان هەیە، خستووەتە مەترسییەکی گەورەوە. لە شەڕە مۆدێرنەکاندا مردن تەنیا بە تەقینەوە ڕوونادات، هەندێک جار بە ژەهراویبوونی هەوا، بە پیسبوونی ئاو، بەهۆی داڕمانی خزمەتگوزاریی شارەکان و بەهۆی دڵەڕاوکێی بەردەوام و زیانبارەوە ڕوودەدات کە دەروونی کۆمەڵگا لە ناخەوە تێکدەشکێنێت.

خەڵکی ئاسایی ئیسرائیلیش لە زیانەکانی ئەو شەڕە بێ نەسیب نەبوون. ئەگەرچی ئێران بەهۆی لاوازی و کەموکوڕی نیزامی و فشاری هێرشەکانەوە، هێزێکی کەمتری هەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکان، بەڵام هەر ئەو مووشەکانەی شارەکان دەکەنە ئامانج، بەسە بۆ دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ و نائەمنی لای هاووڵاتیانی ئاسایی. ژیانی ڕۆژانە لەژێر دەنگی ئاژیر و لەناو پەناگە و هۆشداری و چاوەڕوانیی هێرش، جۆرێکە لە زیانی مرۆیی کە لە زیانە ڕاستەوخۆکان کەمتر نییە. منداڵان و بەساڵاچووان و ئەو خێزانانەی کە ڕۆژانە لەگەڵ دڵەڕاوکێی هێرش و بۆردوماندا دەژین، لە زومرەی نموونەی تاوانەکانی شەڕن.

لە وڵاتەکانی ناوچەکە هێرش بۆ سەر فڕۆکەخانەکان، بەندەرەکان و ناوەندە مەدەنییەکان، ڕاستەوخۆ خەڵکی ئاسایی خستۆتە مەترسییەوە. ئەو کرێکارانەی کە لە بەندەرەکاندا کاردەکەن، گەشتیارانی فڕۆکەخانەکان، کارمەندانی هۆتێلەکان و دانیشتوانی ئەو شارانەی کە ئامانجی هێرشەکانن، هەموویان چوونەتە ناو شەڕێکەوە کە نە هەڵیانبژاردووە و نە دەسەڵاتی وەستاندنیشیان هەیە.

لە ئەمریکاش ئەم شەڕە دوور لە چاوەڕوانی نییە. داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە، بازاڕەکانی نەوت و گازی جیهانی پەکخستووە و فشارێکی ئابووری بەرچاوی خستۆتە سەر بازاڕە جیهانییەکان و هاوپەیمانە ناوچەییەکانی ئەمریکا. دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی بۆ خەڵکی ئەمریکا بریتییە لە بەرزبوونەوەی نرخی وزە و بەرزبوونەوەی هەڵاوسان. بنەماڵە کرێکاریی و کەم داهاتەکانی ئەمریکا کە هیچ ڕۆڵێکیان لە داڕشتنی سیاسەتەکانی شەڕی ترامپدا نەبووە، ئێستا باجەکەی دەدەن.

لە کۆتایی دەیەمین ڕۆژی شەڕدا ئەمریکا و ئیسرائیل باڵادەستی سەربازییان بەدەستهێناوە، بەڵام بەرگەی تێچوویەکی درێژخایەن ناگرن. کۆماری ئیسلامی سەرەڕای گورزی قورس، هێشتا گرەو لەسەر ستراتیژێکیدرێژخایەندەکات و خەڵکی ئاسایی تاکە قوربانین کە هیچکەس حیسابی بۆ نەکردوون.

ئەگەر لایەنەکانی شەڕ هەریەکەیان بەپێی لێکدانەوەی خۆیان باس لە سەرکەوتن دەکەن، دەبێت بپرسین: “سەرکەوتن بۆ کێ و بەسەر وێرانبوونی ژیانی کێدا؟لە کۆتاییدا هیچ پێناسەیەک بۆ سەرکەوتن ناتوانێت مەرگی منداڵان و وێرانبوونی ماڵەکان و پیسبوونی هەوا و داڕمانی خزمەتگوزارییە گرنگەکان و بڵاوبوونەوەی ترس و هەژاری پاساو بکات. ئەم شەڕە، بە کردەوە، جگە لە پەرەسەندنی ئازارەکانی مرۆڤ هیچی تر نییە.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە

ڕووداوە گرنگەکان

پەیام نێت

گەلەری

هاوڕێمان بن! ​

پەیوەندی

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net