چاوخشاندنێک بە سەر گرینگترین ڕووداوەکانی ساڵی ڕابردوودا

چاوخشاندنێک بە سەر گرینگترین ڕووداوەکانی ساڵی ڕابردوودا

ساڵی ١٤٠٤ دەبێ بە یەکێک لە پڕڕووداوترین ساڵەکانی مێژووی هاوچەرخی ئێران دابنرێت. لەم ساڵەدا، قەیرانە ئاڵۆز و یەک لەدوای یەکەکانی کۆماری ئیسلامی گەیشتنە خاڵی تەقینەوە. چڕیی ڕووداوەکان بێ وێنە بوو. بەڵام گرینگیی ١٤٠٤ تەنیا لە زۆریی ڕووداوەکاندا نەبوو، بەڵکوو ئەم ساڵە پەردەی لەسەر ماهیەتی ڕاستەقینەی نەزمی سیاسی و ئابووریی دەسەڵاتیشی ئاشکرا. دەرکەوت کە کۆمەڵگەی ئێران چیتر نە توانای ژیانی لەژێر باری ئەم نەزمە سەرمایەدارییە ئیسلامییەدا ماوە و نە بە نوسخە ئیمپریالیستییەکانیش، ئاسۆی داهاتوویەکی ئینسانی بەڕوویدا دەکرێتەوە.

دەستپێکی دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە ٢٣ی خاکەلێوە لە مەسقەتی عومان، لە ڕواڵەتدا نیشانەیەک بوو بۆ هەوڵدان بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی گرژییەکان. بەڵام ئەم دانوستانانە، وەک جارەکانی پێشوو، بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکانی کۆمەڵگە نەبوو. بەڵکوو ئامانجی سەرەکی بریتی بوو لە سات و سەودا لەسەر پشکی هەژموون دەسەڵات، ئەمنییەتی ڕژێم و ڕێکخستنی پەیوەندییە ناوچەییەکان. بە درێژایی ساڵانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، نان و ئازادیی خەڵک بوونەتە بارمتەی کێشمەکێشە دیپلۆماسییەکانی ڕژێم بۆ مانەوەی خۆی.

چەند هەفتە دواتر، لە شەشی خاکەلێوەدا، تەقینەوەیەکی گەورە لە بەندەری شەهید ڕەجایی لە بەندەرعەباس ڕوویدا. ئەم ڕووداوە تەنیا ڕووداوێکی تەکنیکی یان بەڕێوەبەری نەبوو، بەڵکوو پێش هەر شتێک کارەساتێکی مرۆیی بوو. ژیانی کرێکاران، شۆفێرەکان، باربەرەکان، کارمەندانی خزمەتگوزاری و بنەماڵەکانیان داڕما. ئەو مرۆڤانەی بۆ دابینکردنی نانی ڕۆژانەیان لە ژینگەیەکی نائەمندا کاریان دەکرد، بوونە قوربانیی نابەرپرسیارییەتی و بێ‌بایەخیی پێکهاتەیی. ئازاری ئەم کارەساتە تەنیا بە کوژراوان و بریندارانەوە سنووردار نەبووەوە؛ بنەماڵە بێ‌خەبەر و نیگەرانەکان، منداڵانی چاوەڕوان، و ئەو خەڵکەی کە بە پەرۆشەوە شوێن ڕەهەندەکانی ئەم کارەساتە دەکەوتن، هەموویان بەشێک بوون لەم تراژیدیایە. ئەم تەقینەوەیە جارێکی تر نیشانی دایەوە کە لەو پێکهاتە ڕزیو و دژەمرۆییەی دەسەڵاتدا، گیانی خەڵکی ئاسایی بەردەوام لەژێر مەترسیدایە.

لە هەمان مانگدا، نانەواکان لە شارە جیاجیاکان دەستیان دایە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی. ناڕەزایەتیی ئەوان دژ بە بەرزبوونەوەی تێچووی بەرهەمهێنان، دواکەوتنی پێدانی یارمەتییە داراییەکان و کەمکردنەوەی پشکی ئارد بوو. ئەم ناڕەزایەتییە نیشانەیەک بوو لە قەیرانی قووڵی بژێوی. نان، کە سەرەتاییترین پێداویستیی ژیانی خەڵکە، جارێکی تر بووەوە بە پرسێکی سیاسی. کاتێک نانەوا دێتە سەر شەقام، واتە قەیران گەیشتووەتە قووڵایی سفرەی خەڵک. ئەم کۆبوونەوانە نیشانیان دەدا کە سیاسەتی ئابووریی دەسەڵاتدار، ژیانی ڕۆژانەی خەڵکیان گەیاندووەتە بنبەست.

لە یەکی جۆزەرداندا، مانگرتنی سەرتاسەریی کامیۆن‌داران تەواوکەری ئەم تابلۆیە بوو. کامیۆن‌داران بەشێکی سەرەکین لە تۆڕی گواستنەوە و دابەشکردنی کاڵاکان. ئەوان لە ناڕەزایەتی بە دۆخی بژێوی، تێچووە کمرشکێنەکان و ناسەقامگیریی ئابووری دەستیان دایە مانگرتن. گرینگیی ئەم مانگرتنە لەوەدا بوو کە جارێکی تر هێزی ڕاستەقینەی کۆمەڵگەی نیشان دا. ئەم هێزە نەک لە دامەزراوە فەرمییەکان، بەڵکوو لە کار و تۆڕەکانی بەرهەمهێنان و دابەشکردندایە. هەر شوێنێک پڕۆسەی کار لە ڕابوەستێت، دەوڵەت و سەرمایەش بێدەسەڵات دەبن.

بەرەبەیانی ٢٣ی جۆزەردان، بە هێرشە بەربڵاوەکانی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان، بنکە سەربازییەکان و ماڵی بەرپرسە باڵاکانی کۆماری ئیسلامی، ئێران پێی نایە قۆناغێکی نوێوە. شەڕێکی ڕاستەوخۆ و بەرفراوان بوو بە واقیع. ئەم هێرشە، کە وەک گەورەترین هێرش لەدژی ئێران لە دوای شەڕی ئێران و عێراق وەسف کرا، جارێکی تر نیشانی دایەوە کە خەڵکی ئێران لە نێوان دوو جەمسەری کۆنەپەرستدا گرفتار بوون. لە لایەک کۆماری ئیسلامی کە مانەوەی خۆی بە سەرکوتی ناوخۆیی و سەرکێشیی ناوچەییەوە گرێ داوە، و لە لایەکی ترەوە، ئیسرائیل و ئەمریکا کە بەدوای جێگیرکردنی هەژموونی ناوچەیی و جیهانیی خۆیانەوەن. لەم نێوەندەدا، ئەوەی باجە سەرەکییەکە دەدات، خەڵکە.

چالاکبوونیمیکانیزمی ماشەلە شەشی ڕەزبەر و کۆتاییهاتنی فەرمیی بەرجام، شکستی تەواوەتیی سیاسەتی ئەتۆمیی کۆماری ئیسلامی زیاتر دەرخست. ساڵانێک پڕوپاگەندە، تێچووی زۆر، گەمارۆ، هەژاری و نائەمنیی، سەرەنجام گەیشتە شوێنێک کە نە شوێنەواری ڕێککەوتن ما و نە بەڵێنەکانی باشتربوونی دۆخەکە. کۆتاییهاتنی فەرمیی بەرجام بە واتای گەڕانەوەی گەمارۆکانی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بوو. ئەم گەمارۆیانە، وەک چۆن ئەزموون چەندین جار نیشانی داوە، پێش ئەوەی دەزگای سەرکوت و پێکهاتەی دەسەڵات لاواز بکەن، قورسایی دەخەنە سەر شانی کرێکاران و خەڵکی هەژار. فشاری سەرەکی ئەو کەسانە تەحەمولی دەکەن کە کەمترین پشکیان لە بڕیارە چارەنووسسازەکاندا هەبووە.

لە ١٧ی بەفرانباردا، مانگرتنی گشتی لە کوردستان بە بانگەوازی کۆمەڵە و حیزبە سیاسییەکانی تری کوردستان، بە بەشداریی ملیۆنی بەڕێوە چوو. ئەم مانگرتنە گرینگییەکی مێژوویی هەبوو. یەکەم، نیشانی دا کە نەریتی خەباتگێڕانەی کوردستان هێشتا یەکێکە لە پێشڕەوترین شێوازەکانی بەرگریی بەکۆمەڵ لە ئێراندا. دووەم، سەلماندی کە مانگرتنی گشتی هێشتاش یەکێکە لە بەهێزترین ئامرازەکانی خەڵک لە دژی سەرکوت. سێیەم، ڕووداوەکانی دواتر نیشانیان دا کە هەر ئەم بزاڤە بەکۆمەڵ و وشیارانە، توانی دەستی کۆماری ئیسلامی لە پەلاماردانی دەستبەجێی خەڵکی ناڕازی کورت بکاتەوە و کوردستان لە سەرکوتێکی مسۆگەر بەدوور بگرێت.

تەنیا ڕۆژێک دواتر، لە ١٨ی بەفرانباردا، یەکێک لە ڕەشترین لاپەڕەکانی مێژووی هاوچەرخی ئێران تۆمار کرا. خوێناویترین سەرکوتی دەوڵەتیی دژی ناڕەزایەتییەکان لە شارە جیاجیاکان ڕوویدا و زیاتر لە ٣٠ هەزار کەس گیانیان لەدەست دا. ئەم کوشتارە، دەربڕینی ڕاستەقینەی لۆژیکی مانەوەی کۆماری ئیسلامی بوو، نەزمێکی کە هەر کاتێک بوونی بکەوێتە مەترسییەوە، دەست لە هیچ تاوانێک ناپارێزێت. هەر ئەمەش قووڵایی بنبەست و ڕزیویی ئەو نیزامەی ئاشکرا کرد.

سەرەنجام، لە ٩ی ڕەشەمەدا، بە دەستپێکردنی شەڕی ڕاستەوخۆی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران و داخرانی گەرووی هورمز، ئێران و ناوچەکە پێینایە قۆناغێکی نوێ لە وێرانکاری. خامنەیی و بەشێک لە بەرپرسانی ڕژێم کوژران. بەڵام لێکەوتەکانی ئەم شەڕە تەنیا بە بەرەکانی جەنگەوە سنووردار نەبووەوە. ژێرخانە گرنگەکان زیانیان بەرکەوت، وێستگەکانی کارەبا، تۆڕەکانی پەیوەندی، گواستنەوە، ناوەندە دەرمانییەکان و سیستمەکانی دابینکردنی وزە کرانە ئامانج. ژیانی ڕۆژانەی ملیۆنان کەس پەکیکەوت. دووکەڵ و ئاگری سەرچاوەگرتوو لە بۆردومانەکان، بووە هۆی پیسبوونی توندی هەوا و تێکچوونی ژینگە. تەندروستیی منداڵان، بەساڵاچووان و نەخۆشەکان هەرچی زیاتر کەوتە مەترسییەوە. کەمیی دەرمان، خۆراک، سووتەمەنی و خزمەتگوزارییە گشتییەکان پەرەی سەند. ترس، ئاوارەیی و بێ‌پەنایی، سیمای ڕاستەقینەی ئەم شەڕەیان دەرخست. هاوکات، پەلکێشبوونی وڵاتانی تری ناوچەکە بۆ ناو ئەم ململانێیە، مەترسیی پەرەسەندنی شەڕێکی گشتگیری زیاتر کرد.

ساڵی ١٤٠٤، بە کورتی، ساڵی شەڕ و وێرانکاری لە لایەک و خۆڕاگری و خەبات لە لایەکی ترەوە بوو. لەگەڵ ئەمانەشدا، چارەنووسی کۆماری ئیسلامی لە کۆتاییدا نەک فڕۆکە بۆمبهاوێژ و موشەکەکان، بەڵکوو خەڵکی ئێران دیاریی دەکەن. تەنانەت ئەگەر حکوومەت لە ئاگری شەڕیش ڕزگاری بێت، قەیرانەکەی کۆتایی نایەت. بە دامرکانەوەی ئاگری شەڕ، کۆمەڵگەیەکی کە ساڵانێک سەرکوت، هەژاری، هەڵاواردن و تێچووی قورسی، تەحەممول کردووە، سەرلەنوێ داواکارییەکانی خۆی دەهێنێتە مەیدان. خەباتی خەڵک بە شێوەی جۆراوجۆر بەردەوام دەبێت و ئەلتەرناتیڤی ڕاستەقینەش نەک لە ناو شەڕ و دەستێوەردانی دەرەکی، بەڵکوو لە ناو ئەزموون، ئازار و خۆڕاگریی خودی جەماوەرەوە، سەر هەڵدەدات.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە

ڕووداوە گرنگەکان

پەیام نێت

گەلەری

هاوڕێمان بن! ​

پەیوەندی

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net