ڕۆژی چوارشه‌ممه ١٩ی به‌فرانبار، ئه‌رته‌شی توركیا له ڕێگه‌ی په‌هباده‌وه هێرشی كرده سه‌ر خۆپێشانده‌رانی ڕۆژئاوای كوردستان له به‌ندئاوی تشرین و كارگه‌یه‌ك له شارۆچكه‌ی سیرین و له ئه‌نجامی ئه‌و هێرشانه‌دا، شه‌ش كه‌س گیانیان له‌ده‌ست دا و ١٩ كه‌س بریندار بوون.
ڕۆژی ڕابردوو، هه‌زاران شارومه‌ندی ڕۆژئاوای كوردستان دژ به هێرشه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیا و گرووپه ئیسلامگه‌راكانی سه‌ر به‌و وڵاته به‌ره‌و به‌ندئاوی تشرین ڕێپێوانیان كرد، به‌ڵام په‌هباده‌كانی توركیا هێرشیان كرده سه‌ر خه‌ڵك و پێنج كه‌س له‌وانه به‌ڕێوه‌به‌ری ڕێكخراوی كۆمه‌ڵگه‌ی ژنانی زنۆبیا گیانیان له‌ده‌ست دا و ١٥ كه‌سی دیكه‌ش بریندار بوون. له هێرشی دووهه‌م دا كارگه‌یه‌ك له شارۆچكه‌ی سیرین كرایه ئامانج و به‌وهۆیه‌وه كرێكارێك گیانی به‌خت كرد و چوار كرێكاری دیكه‌ش بریندار بوون. شایانی باسه كه خه‌ڵكی ڕۆژئاوای كوردستان شه‌وی ڕابردوو له به‌ندئاوی تشرین مانیان گرت و به هه‌ڵپه‌ڕكێ و خوێندنی سروودی شۆڕشگێڕانه وره‌ی به‌رزی خۆیان به‌رانبه‌ر به داگیركه‌ران نیشان دا.