
ڕۆژی ڕابردوو، فەرماندەیی ناوەندی ئەرتەشی ئەمریکا، سێنتکام، ڕایگەیاندووە کە لە دەسپێکی شەڕ لەگەڵ ئێران لە ٩ی ڕەشەمەوە تا ئێستا، نزیکەی ٦٠٠٠ ئامانج لە ناوچە جیاوازەکانی ئەم وڵاتە کراونەتە ئامانج.
بەپێی ئەم ڕاگەیاندنە، لە ماوەی ئەم هێرشانەدا زیاتر لە ٩٠ کەشتی و بەلەمی جەنگی تێکشکاون و لەنێوانیاندا ٣٠ کەشتیی مینڕێژکەر لەناو براون. بە وتەی سەرچاوەکانی هەواڵ، ئەم هێرشانە لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی توانای سەربازیی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و تێکشکاندنی بنکە و ناوەندە سەربازییەکان ئەنجام دراون. هەروەها پێشتر ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو کە تەنها لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا زیاتر لە ٢٠٠ ئامانجی سەربازی لە ناوەڕاست و ڕۆژاوای ئێران پێکراون. جێگای ئاماژەیە، لەگەڵ بەردەوامبوونی هێرشەکان بۆ سەر بنکە و دامەزراوە سەربازییەکان، ناوچە جیاوازەکانی ئێران لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا شاهیدی چەندین بۆردومان و تەقینەوە بوون.