ڕاپۆرتێک لەسەر دەستبەسەرکران و ناڕوونی چارەنووسی زەکەریا ڕەحمانی، هاووڵاتیی خەڵکی سەلاسی باوەجانی
21:47 – 2 December 2023
هەنگاو؛ شەممە ١١ی سەرماوەزی ٢٧٢٣
زەکەریا ڕەحمانی هاووڵاتیی خەڵکی شاری سەلاسی باوەجانی ماوەی ٥٠ ڕۆژە کە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەرکراوە و چارەنووسی نادیارە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دوای تێپەڕبوونی ٤٧ ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی زەکەریا ڕەحمانی هاووڵاتیی خەڵکی سەلاسی باوەجانی و دانیشتووی شاری جوانڕۆ، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە، هیچ هەواڵێک لە چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەی بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی ناوبراو هاووڵاتییە بێ ئاکام ماوەتەوە.
هەنگاو زانیویەتی کە زەکەریا ڕەحمانی دوای دەستبەسەربوون بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان لە مەیدانی نەوت گواستراوەتەوە و لەو کاتەوە هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا نەبووە و لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە.
زەکەریا ڕەحمانی ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی ڕەزبەری ٢٧٢٣ (١٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣)، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەرکراوە. شایەنی باسە کە ناوبراو پێشتر بۆ ماوەیەک لە هەرێمی کوردستاندا ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە و دوای جیابوونەوە لەو حیزبە گڕابوویەوە بۆ شاری جوانڕۆ.