ڕۆژی یه‌كشه‌ممه ٢٤ی پووشپه‌ڕ، كۆمیته‌ی به‌رگری له عوسمان ئیسماعیلی، چالاكی كرێكاری خۆشناوی خه‌ڵكی سه‌قز، ڕاگه‌یاندنێكی سه‌باره‌ت به دۆخی ته‌ندرووستی ئه‌و به‌ندكراوه بڵاو كرده‌وه.
له‌و ڕاگه‌یاندنه‌دا هاتووه، “عوسمان ئیسماعیلی” له ڕێكه‌وتی پێنجی جۆزه‌ردانی ئه‌مساڵ بۆ وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ری پزیشكی مه‌ره‌خه‌سی ده‌رمانی پێ درا. ڕۆژی چواری پووشپه‌ڕ، به‌هۆی كۆبوونه‌وه‌ی ئاو له ده‌وروبه‌ری دڵ و سییه‌كانی، له نه‌خۆشخانه‌ی ڕه‌جایی تاران نه‌شته‌رگه‌ری بۆ كرا، به‌ڵام پزیشكان ئاوه‌كه‌یان به ته‌واوی خاڵی نه‌كردووه و ئه‌و چالاكه كرێكارییه‌یان بۆ به‌شی ڕۆماتۆلۆژی گواستووه‌ته‌وه. ڕۆژی شه‌ممه ٢٣ی پووشپه‌ڕ، “عوسمان ئیسماعیلی” به‌هۆی لاوازبوونی جه‌سته‌ی تووشی شۆك بووه و ئێستا له نه‌خۆشخانه به‌سته‌ری كراوه. تێكچوونی دۆخی ته‌ندرووستی “عوسمان ئیسماعیلی” له حاڵێكدایه كه كۆمیته‌ی به‌رگری له‌و چالاكه كرێكارییه چه‌ندین جار سه‌باره‌ت به باروودۆخی خراپی زیندان هۆشداری دابوو، به‌ڵام ده‌زگای قه‌زایی ڕژیم هیچ بایه‌خێك به گیانی به‌ندكراوانی سیاسی نادات، هه‌ر به‌و بۆنه‌وه داوای هه‌ڵوشاندنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و سزایانه ده‌كه‌ین كه به‌سه‌ر به‌ندكراوانی سیاسی دا سه‌پاوه.