ڕاگەیاندنی بەڕێوەچوونی شەشەمین پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە
بەم جۆرە ئاگادارتان دەکەین کە پلینۆمی شەشەمی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە هەڵبژێردراوی کۆنگرەی هەژدەیەم، لە ڕۆژەکانی شەممە و یەکشەممە، ٢٤ و ٢٥ی سەرماوەزی ١٤٠٣ی هەتاوی، رێکەوتی ١٤ و ١٥ی دێسامبری ٢٠٢٤ی زایینی، بە بەشداریی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە و ئامادەبوونی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، ئەندامانی کۆمیتەی دەرەوەی وڵات و چەند هاورێ لە کادیرانی حیزب بەڕێوە چوو.
پلینۆم بە سروودی ئەنترناسیۆناڵ و خولەکێک راگرتنی بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یادی گیانبەختکردوانی ڕێگای ئازادی و سۆسیالیزم دەستیپێکرد. بەرنامەی کاری ئەم پلینۆمە بریتی بوو لە:
پێشکەش کردنی راپورتی سیاسی و تەشکیلاتی کۆمیتەی ڕێبەریی به پلینۆم، تاووتوێ کردنی بڕیار و پێشنیارەکان، دابەشکردنی کار و ئەرکە ناوخۆییەکان و ڕێکخستنی ئۆرگانە ناوەندییەکانی کۆمەڵە.
ناوەرۆکی ڕاپۆرتەکە بریتی بوو لە چاوخشاندنێک بەسەر گرنگترین پێشهاتەکانی ناوچەکە، ڕەوتە سەرەکییەکانی دۆخی سیاسی ئێران، بارودۆخی سیاسی کوردستان و ئەولەوییەتەکانی ئەم قۆناغەی کار و چالاکییە سیاسی و تەشکیلاتییەکانی کۆمەڵە.
لە ڕاپۆرتە سیاسییەکەدا تیشک خرایە سەر سێ پێشهاتی بنەڕەتی کە هەر یەکەیان بە نۆرەی خۆی، یەکێک لە تەوەرەکانی شکستی ستراتێژیک و ئەو شوناسانەی کە کۆماری ئیسلامی نوێنەرایەتی دەکەن:
یەکەم: شکستی سیاسەتە ناوچەییەکانی کۆماری ئیسلامی. ڕووخانی دیکتاتۆریی بەشار ئەسەد لە سووریە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەپێناو پاراستن و هێشتنەوەیدا، هەزاران کەسی بە کوشتن دا و دەیان ملیارد دۆلار لە سەروەت و سامانی خەڵکی ئێرانی خەرج کردبوو، شکستی حیزبوڵڵا لە لوبنان، وەک گوڵی سەرتۆپی هێزە لایەنگرەکانی کۆماری ئیسلامی، کە سەنگەری پێشەوەی ڕێژیمی ئێرانی لە بەرامبەر ئیسرائیلدا پێکهێنابوو، بە یەکێک لە گەورەترین شکستەکانی سیاسەتی دەرەوە دادەنرێت لە ماوەی دەسەڵاتی ڕژیمی ئیسلامی دا.
دووەم: دەستەوەستان و پاسیڤ بوونی بەتەواو مانا لە بەرامبەر جینایەتەکانی دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل لە دژی خەڵکی فەلەستین لە غەززە، پێ ملبوون بە گفتوگۆ و سازان لەگەڵ ترامپ سەرۆک کۆماری نوێی ئەمریکا، لە ژێر ئەو گوشارە ئابوورییە وێرانکارانەی کە بەسەرکۆماری ئیسلامیدا سەپێندراوە، لە کاتێکدایە کە تەنیا چەند مانگ لەمەوبەر، وەک بکوژی قاسم سلێمانی، بە مەبهستی کوشتنی، خەڵاتی بۆ دیاری کردبوو.
سێیەم: شکستهێنانی لە ئاست ژنانی ئازادپۆشدا لە داسەپاندنی حیجابی زۆرەملێ. پڕۆژە یاسای حیجابی زۆرەملێ، لە کاتێکدا بووەتە یاسا کە دەوڵەتی پزیشکیان بە فەرمی ڕایگەیاندووە کە توانایی جێبەجێکردنی نییە و بۆ سەرلەنوێ پێداچوونەوە، ڕەوانەی شۆڕای ئەمنییەتی میللی کراوە. جگە لەوەش، ئەم یاسایە لەسەر شەقام و شوێنە گشتییەکان، سەرەڕای سەرکوت و توندوتیژیی مەئموورانی ڕێژیم، بە ئاشکرا پێشێل دەکرێ و هیچ گرنگییەکی پێنادرێت.
پلینۆم لەهەمانکاتدا ئەم شکستانەی بە شکستی شەخسی وەلی فەقی و سپای پاسداران، وەک ئامرازێکی سەرکوت لە دەستی ئەودا زانی، کە پێداگریی لەسەر هەرکام لەوانەی کردبوو بە شوناسی ئیدئۆلۆژیک و سیاسیی خۆی. پلینۆم دەرئەنجامە کردەییەکانی پاشەکشەی کۆماری ئیسلامی لە هەریەک لەو میحوەرانە بە وردی تاوتوێ کرد و گەیشتە ئەو ئاکامەی کە کۆماری ئیسلامی لە یەکێک لە دژوارترین و مەترسیدارترین قۆناغەکانی ژیانی خۆیدایە. لەم پێوەندییەدا، ئەگەرە سیاسییەکانی داهاتوو و سیناریۆ جۆراوجۆرەکان لە پێشهاتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ناوچەکە و ئێران، بە تێروتەسەلی قسەوباسیان لەسەر کرا و لەسەر پێویستی ئامادەیی کۆمەڵە، لە ئەگەری هاتنەئارای هەرکام لەو سیناریۆیانە، جەخت کرایەوە و کۆمەڵێک ڕێکاری دیاریکراو خرایە دەستووری کاری تەشکیلاتی کۆمەڵە لە کوردستان. ڕووداوەکانی سووریە و دەنگدانەوە ناوچەییەکانی، بەشێکی دیکە بوو لە ڕاپۆرتی سیاسی بە پلینۆم. لەم پێوەندییەدا بە تایبەتی جەخت لەسەر ئەو مەترسیانە کراوە کە لەلایەن دەوڵەتی نوێی سووریە و دەوڵەتی تورکیەوە هەڕەشەن بۆسەر بزووتنەوەی ڕۆژئاوا و دەستکەوتەکانی و هەروەها پشتیوانی لەم بزووتنەوەیە لە بەرامبەر ئەو مەترسیانەدا، وەک یەکێک لە ئەرکەکانی کۆمەڵە لەم قۆناغەدا دیاریکرا.
هەروەها پلینۆم سەرلەنوێ لەسەر زیانەکانی پشتبەستن بە دەستێوەردانی دەوڵەتە دەرەکییەکان بەمەبەستی گۆڕینی ڕێژیم و دەستەبەرکردنی مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆ نەتەوەی کورد و پشتبەستنی بێ ڕاڕاییمان بە خەباتی کرێکاران، ژنانی ئازادیخواز و کۆمەڵانی خەڵکی مافخواز لە ئێران و لە کوردستان، جەختی کردەوە.
گرنگی بزووتنەوە ناڕەزایەتی و داواکاری تەوەرکان، گرنگی چالاکییە مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکان، گرنگی بەهێزکردنی لایەنە جۆراوجۆرەکانی ئاخێزی ژن، ژیان، ئازادی، بەهێزکردنی ناوەڕۆکی چەپ و سۆسیالیستی ئەم ئاخێزە، هێڵە گشتیەکانی سیاسەت و ڕێکارەکانبۆ هەڵسووڕاوان و تێکۆشەرانی کۆمەڵە لەم پێوەندییەدا، لە زومرەی خاڵە سەرەکییەکانی دیکەی ڕاپۆرتی کۆمیتەی ڕێبەریی کۆمەڵە بوو بە پلینۆم. ڕاپۆرتەکە هەروەها لە بواری ڕێکخستنی حیزبیدا، لەسەر پێویستی پێداچوونەوە بە سیاسەتی خۆڕێکخستنمان و گونجاندنی داهێنەرانەی لەگەڵ هەلومەرجی نوێدا، جەختی کردەوە. لەم پێوەندییەدا باس لەوەکرا کە پێویستە سەربەخۆیی ئەو تۆڕ و ڕایەڵانەی هەڵسووڕاوان کە بە شێوەیەکی سروشتی ئاوێتەی یەکترن و لێک هەڵپێکراون، بە فەرمی بناسرێن و گەشەپێدان و پەروەردەکردنی کادر لە ناو ئەم تۆڕ و ڕایەڵانەدا لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ئەنجام بدرێت.
ڕاپۆرتەکەی پلینۆم هەروەها سەبارەت بە ڕێکخراوبوونی جەماوەرییش، جەختی لەوە کردەوە کە بە درێژایی ساڵانی رابردوو سەرەڕای بوونی دیکتاتۆرییەت و سەرکوتی لەڕادەبەدەر، ڕێکخراوە جەماوەرییەکان لە کوردستان، لە شکڵ و شێوازی جۆراوجۆردا سەریان هەڵداوە. لە درێژەی ئەم ڕەوتەدا پێویستە پێشوازی بکرێت لە پێکهاتنی هەر ڕێکخراوێکی کە هێزی کۆمەڵایەتی لەپێناو گەیشتن بە ئامانجە ڕەوا و ئینسانییەکان و دابینکردنی پێداویستییە ڕەواکانی جەماوەردا بەکار دەهێنێت. هەروەها بڕیاردرا کە هێڵە سەرەکییەکانی هەردوو سیاسەتی ڕێکخستنی حیزبی و ئاشکرا، لە سیمینارێکدا وردبینی و لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکرێت و بکرێن بە ڕێکار و ڕێنماییەکی دیاریکراو.
سەبارەت بە سیاسەتی هاوکاری لەگەڵ حیزب و لایەنە سیاسییەکانی چالاک لە کوردستان، پلینۆم سەرلەنوێ لەسەر هێڵە گشتییەکانی ئەم سیاسەتە کە لە کۆنگرەی هەژدەی کۆمەڵە لەچوارچێوەی بڕیارنامەیەکی هەمەلایەنەدا پەسەند کرا، جەختی کردەوە. لەم پێوەندییەدا و بە مەبەستی بەرەوپێشبردنی کردەیی ئەم سیاسەتە، کۆمەڵێک ئەرکی دیاریکراو خرایە بەرنامەی کاری کۆمیتەی ڕێبەریی کۆمەڵەوە.
دوا بەشی ڕاپۆرتەکە لە پێوەندی لەگەڵ ئەولەویەتەکانی ئێمە لەم قۆناغەدا، بریتی بوو لە جەختکردنەوە لەسەر دابینکردنی پێداویستییە کردارییەکان بۆ مانەوە و درێژەدان بە کار و هەڵسووڕاوانی کۆمەڵە لە هەرێمی کوردستان. لەو پێوەندییەدا جارێکی دیکە لەسەر پێویستی سەرلەنوێ چاوخشاندنەوە بە بڕیاری سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە بەشێکە لە “حکوومەتی هەرێمی کوردستان“، سەبارەت بە گواستنەوەی شوێنی نیشتهجێبوونی هەتا ئێستای هێزە سیاسییەکان بۆ شوێنێکی تر، کە نە پێویستە و نە خوازراوە، پێداگری کرایەوە.
بەشداریی چالاکانەی هاورێیانی ئامادەبووی پلینۆم، بابەتەکانی ئەم ڕاپۆرتەی وردتر و دەوڵەمەندتر کرد و هێڵە گشتییەکانی وەک ئاراستەی سیاسی ئێمە لە قۆناغی داهاتوودا پەسەند کرد. لایەنە جۆراوجۆرەکانی ئەم ڕاپۆرتە لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەکانی کۆمەڵەوە بەوردی بە ئاگاداری ڕای گشتی دەگات.
لە بەشی ڕاپۆرتی تەشکیلاتیدا، لایەنە جۆراوجۆرەکانی کار و چالاکیی تەشکیلاتی کۆمەڵە، بە تایبەت چالاکیی لە شوێنی کار و ژیانی کۆمەڵانی خەڵک لە هەناوی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی“دا، خرایە بەر باس و لێکۆڵینەوە و گرنگییەکی تایبەتی پێدرا. لە کۆتایی کاری پلینۆم دا، ئۆرگانە ناوەندییەکانی کۆمەڵە ڕێکخران و پێگەی هەریەک لە هاوڕێیان تێیاندا دەستنیشان کرا.
کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە
(ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)
٢٥ی سەرماوەزی ١٤٠٣
١٥ی دێسامبری ٢٠٢٤