ڕاگەیاندنی هاوبەشی
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
بە بۆنەی ١٠ی ئۆکتۆبر ڕۆژی جیهانی خەبات لە دژی سزای لەسێدارەدان
١٠ی ئۆکتۆبر، ڕۆژی جیهانی خەبات لەدژی سزای لەسێدارەدان، دەرفەتێکە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە یەکێک لە نامرۆڤانەترین ئامرازەکانی سەرکوتکردن لە مێژووی مرۆڤایەتیدا. لە سێدارەدان، بە واتای کوشتنی بە ئەنقەستی دەوڵەتییە. کردارێکی وشیارانە و پلان بۆ داڕێژراوە لەلایەن دەوڵتەکانەوە بۆ زاڵکردنی باڵادەستی و پەرەپێدان بە ترس و کپکردنی ناڕەزایەتی. لە هیچ کۆمەڵگایەکدا لەسێدارەدان نیشانەی دادپەروەری نەبووە. لە ئێران، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی بەدەسەڵات گەیشتنییەوە، ڕژیمی ئێعدام و ئەشکەنجە بووە. هەزاران ئینسانی شەریف، ئازادیخواز، ژن و پیاو، کرێکار و موعەلیم، خوێندکار و ڕۆشنبیر، هەڵسووڕاوی سیاسی و کۆمەڵایەتی، تەنیا بە تاوانی خۆڕاگریی لە بەرامبەر ستەم و هەڵاواردن، لەسێدارە دراون. ئێعدامە بەربڵاوەکانی دەیەی شەست، کوشتاری زیندانیانی سیاسی لە هاوینی ١٣٦٧دا، ئێعدامەکانی ئەم دواییەی ناڕازیانی ئاخێزە جەماوەرییەکان، بەتایبەتی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی، درێژەی هەمان ئەو سیاسەتە جینایەتکارانەیە کە لەسەر بنەمای ترس و مەرگ و تۆڵەسەندنەوەی چینایەتی دامەزراوە.
لەسێدارەدان لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا تەنیا حوکمێکی قەزایی نییە، بەڵکوو سیاسەتێکی حکوومییە، ئامرازێکە بۆ مانەوەی ڕێژیمێکی کە لە خودی ژیانی خەڵک و وشیاری و ئازادی و بەرابەری دەترسێت. ئەم حکوومەتە بۆ درێژەدان بە بوونی خۆی، پەنا دەباتە بەر تیرۆر و ئەشکەنجە و سێدارە. ئێعدام لە ئێران، زمانی فەرمی دەسەڵاتە، زمانی حکوومەتێکی نامرۆڤانە کە بوونی خۆی لە لەناوبردنی جەستەیی نەیارە سیاسییەکانیدا دەبینێت.
ئێمە سزای لەسێدارەدان بە هەر شێوەیەک و لەژێر هەر بیانوویەکدا لەوانە لەژێر ناوی دژایەتی سیاسی یان ئایینی، “قەساس”، “تاوانە ئەمنییەکان”، یان “پاراستنی نەزمی کۆمەڵایەتی” ڕەتدەکەینەوە و بە توندی ئیدانەی دەکەین. هیچ پاساوێک، هیچ یاسایەک و هیچ ئایینێک ناتوانێت مافی کوشتنی مرۆڤ بە هیچ ڕێژیم یان حکوومەتێک بدات. هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێ و بێ شەرت و مەرجی سزای لەسێدارەدان، نەک هەر داواکارییەکی ئینسانی، بەڵکوو بەشێکی دانەبڕاوە لە خەبات بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی پەت و سێدارەی کۆماری ئیسلامی و بنیاتنانی نەزمێکی دادپەروەر و ئازاد و بەرابەر لە ئێران.
خەبات لە دژی سزای لەسێدارەدان، جیاواز نییە لە خەبات لەپێناو ئازادی و بەرابەری و سۆسیالیزم. ئەم خەباتە بەشێکە لە نەبەردێکی گشتیی جەماوەر لە دژی سیستەمێکی کە پێناسەکەی بریتییە لە نایەکسانی، چەوساندنەوەی جێندەری، هەڵاواردنی چینایەتی، سەرکوتکردنی ئازادی ڕادەربڕین و لەناوبردنی کەرامەتی مرۆڤ. تا کاتێک کۆماری ئیسلامی لەسەرکار بێت، لەسێدارەدان درێژەی دەبێت. تەنیا بە ڕووخاندنی تەواوەتی ئەم ڕێژیمە و دامەزراندنی سیستەمێکی سۆسیالیستی و ئینسانی، ئازاد و دوور لە ستەم و چەوساندنەوە، دتوانرێت کۆتایی بە ئێعدام و ئەشکەنجە و کوشتار بهێنرێت.
ئێمە داوا لە جەماوەری خەباتکار و وشیاری ئێران، سەرجەم هێزە ئازادیخواز و عەداڵەتخوازەکان، هەڵسووڕاوانی بزووتنەوەکانی کرێکاریی، ژنان، لاوان و خوێندکاران و سەرجەم دامودەزگا و ڕێکخراوەکانی دیفاع لە ئازادی و مافی مرۆڤ لە سەرانسەری جیهان دەکەین، دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان لە دژی سزای لەسێدارەدان و لەدژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەرز بکەنەوە. پێویستە هەر لەسێدارەدانێک لەگەڵ شەپۆلێک لە ناڕەزایەتی و ئیدانەکردن لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بەرەوڕوو بێتەوە. تەنیا بە یەکگرتوویی و هاوپشتی جیهانیی دەتوانرێت بەر بە ماشێنی مەرگ و سێدارە بگیرێت.
لەم ڕۆژە جیهانییەدا یادی سەرجەم گیانبەختکردوانی ڕێگای ئازادی و بەرابەری و ڕزگاریی بەرز ڕادگرین و لەسەر پابەندبوونمان بە خەباتێکی بێوچان تا هەڵوەشاندنەوەی بەتەواوەتی سزای لەسێدارەدان و ڕووخانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، جەخت دەکەینەوە. کۆمەڵگای سۆسیالیستی و ئینسانی، عادڵانە و ئازاد، کۆمەڵگەیەکە کە تیایدا هیچ حکوومەتێک مافی ئەوەی نییە ژیان لە مرۆڤ زەوت بکات.
بژی خەبات و تێکۆشان لەپێناو هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان و سەرجەم حوکمەکانی لەسێدارەدان، بژی ئازادی و بەرابەری، بژی ژیان!
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران
حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
١٠ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٥
١٨ی ڕەزبەری ١٤٠٤