بەمجۆرە ئاگادارتان کە پلینۆمی دووهەمی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە، ٢٠ و ٢١ی گوڵانی ١٤٠٤ (بەرامبەر بە ١٠ و ١١ی مەی ٢٠٢٥) بەڕێوەچوو. جگە لە هاوڕێیانی کۆمیتەی ناوەندی حیزب، هاوڕێیانی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە، کۆمیتەی دەرەوەی وڵات و کۆمەڵێک کادری تەشکیلاتیش بانگهێشتی ئەم پلینۆمە کرابوون.
پلینۆم بە سروودی ئینترناسیۆنال و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزلێنان لە یاد وبیرەوەری گیانبەختکردوانی ڕێگای ئازادی و سۆسیالیزم و هەروەها قوربانیانی تەقینەوەکەی بەندەر ڕەجایی لە بەندەر عەباس، دەستیپێکرد.
لەم کۆبوونەوەیەدا هەموو بڕگە و بابەتەکانی بەرنامەی کار تاوتوێ کران. بەشی سەرەکی گفتوگۆکانی پلینۆم بریتی بوو لە تاوتوێکردنی ڕاپۆرتی سیاسی کۆمیتەی ئیجرایی بە پلینۆم و هەروەها ئەو ڕاپۆرتە تەشکیلاتیانەی کە لەلایەن ئۆرگانە جۆراوجۆرەکانەوە پێشکەش کرابوون. جگە لەوەش سەبارەت بە چۆنیەتی بەرەوپێشبردن و جێبەجێکردنی بڕیارنامەی کۆنگرەی١٣ی حیزب سەبارەت بە نوێکردنەوەی بەڵگەنامە سەرەتاییەکانی حیزب، بڕیاری پێویست درا.
لە بەشی کۆتایی پلینۆمدا، دابەشکردنی کاری ناوخۆیی کۆمیتەی ناوەندی ئەنجامدرا و هەریەک لە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی، ئەرکێکی دیاریکراویان لە ئۆرگانە سەرەکییەکانی حیزبدا گرتە ئەستۆ. هەروەها هاوڕێیان ئیبراهیم عەلیزادە، فەرشید غەفارنەژاد، سروە ناسری، وریا نازری و ئەسعەد ڕۆستەمی وەک هەیئەتی ئیجرایی حیزب هەڵبژێردران و ئەرکی ڕێبەرایتی تەشکیلاتی حیزبیان لە مەودای نێوان هەردوو پلینۆمدا لە ئەستۆگرت.
ناوەڕۆکی ئەو باسە سیاسیانەی کە لە پلینۆمەکەدا وروژێنراون، بەم زووانە لەئۆرگانە سیاسی و تەبلیغاتییەکانی حیزبدا بڵاودەکرێنەوە.
کۆمیتەی ئیجرایی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
١٩ی مەی ٢٠٢٥