ڕاگەیاندنی کۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی خەبات بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی

دەرەوەی وڵاتی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی خەبات بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان

لە سێدارەدان وەک توندترین و دڕندەترین شێوازی سزادان، بەردەوام لە ڕێژیمە دیکتاتۆر و تۆتالیتارییەکاندا وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتکردن و لەناوبردنی سیستماتیکی نەیاران و کپکردنی دەنگی ئازادیخوازان بەکارهێنراوە. بە تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو دەیە لە سەدەی بیست و یەک و لە دۆخێکدا کە مرۆڤایەتی لە بوارەکانی زانست و وشیاری و مافی مرۆڤدا پێشکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناوە، مرۆڤ هێشتا نەیتوانیوە بە شێوەیەکی کاریگەر بەرەنگاری ئەم کردەوە ڕێکخراو و نامرۆڤانەیە بێتەوە و ڕێگری بکات لەو دەسەڵاتانەی کە هەروا بەردەوامن لە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان. ئەمڕۆ ئیتر خەبات لە دژی سزای لەسێدارەدان تەنیا داواکارییەکی ئینسانی نییە، بەڵکوو دەنگدانەوەیەکە لە خواستی ژیان و ئازادی و کەرامەتی مرۆڤ. بە پێی ئامارە بەردەستەکان، لە ٩ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا لانیکەم ١٠٥٠ کەس لە ئێران لە سێدارە دراون کە یەکێکیان منداڵ و ٢٩ کەسیان ژن بوون. بە سەرنجدان بە مێژووی نهێنی کارییەکانی کۆماری ئیسلامی و نەبوونی شەفافییەت لە بڵاوکردنەوەی ئامارەکان، بێ گومان ژمارەی ڕاستەقینە زۆر لەوە زیاترە. لەو ژمارەیە نزیکەی ٤٥٠ کەسیان تەنیا لە دوای شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیل لەسێدارە دراون. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان ئەمساڵ ڕێژەی لەسێدارەدان بەشێوەیەکی گشتی بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، پەرەی سەندووە.

دەسەڵات بەمەبەستی تۆڵەسەندنەوە لە بزووتنەوەی ناڕەزایەتی “ژن، ژیان، ئازادی” کە بۆ ماوەی چەند مانگێک لەسەر شەقام و مەیدانە گشتییەکانی زۆربەی شارەکاندا درێژەی کێشا و ئێستاش دوای زیاتر لە سێ ساڵ بە شێوازی جۆراوجۆر هەروا بەردەوامە، بە شێوەیەکی سیستماتیک و ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر لەسەر دەرکردن و پشتڕاستکردنەوە و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان جەخت دەکاتەوە. ئەم ڕەوتە ئاماژەیە بۆ بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدان وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتی سیاسی و زاڵکردنی کەشی ترس و تۆقاندن بەسەر کۆمەڵگادا.
ئەمە لە حاڵێکدایە کە بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندە نێودەوڵەتییە سەربەخۆکان و داتا باوەڕ پێکراوەکان، دۆخی قەیراناوی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ساڵی ٢٠٢٥دا بە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٤ لە بوارە ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، گەلێک دژوار و ئاڵۆزتر بووە.

قووڵبوونەوەی کەلێنی چینایەتی، لاوازتربوونی هەرچی زیاتری چینی مامناوەند، پەرەسەندنی هەژاریی هەوسارپچڕاوانە، بەردەوامبوونی هەڵاوسانی بانتر لە ٤٠ لەسەد، پەرەسەندنی گەندەڵی سیستماتیک لە هەموو ئاستەکانی حوکمڕانیدا، و هەروەها دابەزینی بەردەوامی بەهای دراوی وڵات، لە زومرەی ئەو قەیرانە پێکهاتەییانەن کە ڕاستەوخۆ لە سیاسەت و کردارەکانی کۆماری ئیسلامییەوە سەرچاوە دەگرن. سەرەڕای زاڵبوونی کەشێکی زۆر ئەمنییەتی، ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە ناوچە جۆربەجۆرەکان هەروا بەردەوامە. ناڕەزایەتییەکان بەگشتی لەسەر بێتوانایی و داماویی حکوومەت لە دابینکردنی سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیان و خزمەتگوزارییە گشتییەکان جەخت دەکەنەوە. بێتوانایی ڕێژیم لە ئاست وەڵامدانەوە بەم پێداویستییە سەرەتاییانە، بە ڕوونی ئەوە نیشان دەدات کە کۆماری ئیسلامی لە لەگەڵ یەکێک لە قووڵترین قەیرانی مەشروعیەتی خۆی بەرەوڕوو بووەتەوە. لە ئاوا هەلومەرجێکدا سەرکوتکردن تاکە ئامرازێکە لەدەست ڕێژیمدا بۆ پاراستنی دەسەڵاتەکەی، ئامرازێکی کە تاڕادەیەکی زۆر کاریگەرییەکانی پێشووی لەدەستداوە و بەهۆی پێشهاتەکانی ئەم دواییە و بەتایبەت شەڕی ١٢ ڕۆژە لەگەڵ ئیسرائیل، گورزی جددی بەرکەوتووە.

دوایین جینایەتی کۆماری ئیسلامی بریتی بوو لە لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسی محەممەد ڕەزا موقەدەم، موعین خەنفەری، سەید سالم موسەوی، عەلی موجدەم، حەبیب دریس، عەدنان ئالبوشۆکە لە خوزستان و سامان محەممەدی خەییارە خەڵکی سنە، لە کاتژمێرەکانی سەرەتای ڕۆژی ١٢ی ڕەزبەری ١٤٠٤دا. ئێمە وێڕای ئیدانەکردنی توندی ئەم جینایەتانە، چاوەڕوانی ئەوە دەکەین کە جەماوەر بەرامبەر بەم کردەوە وەحشیگەریانە بێ هەڵوێست نەبن و چالاکانە لە پێناو هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان خەبات بکەن. کۆماری ئیسلامی کە بەدەست کۆمەڵێک گوشاری ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسیی بێ وێنە و قەیرانی مەشروعیەتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەوە دەناڵێنێت، بە چڕکردنەوەی سەرکوت و درێژەدان بە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان، لە هەوڵی پاراستنی دەسەڵاتی خۆیدایە. پێویستە ڕێکخستنی ناڕەزایەتی هاوئاهەنگ و بەردەوام و هەمەلایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، لە پێشینەی کارەکانی چالاکییە جەماوەرییەکان بێت. ئەگینا کۆمەڵگا هەروا بەردەوام شاهیدی زیندانیکردن و ئەشکەنجە و دەستدرێژی و لەسێدارەدانی کەسانێک دەبێت کە تاکە تاوانیان بریتییە لە خواستی مافی ژیانێکی باشتر. بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ، لانیکەم ٧٠ زیندانی سیاسی مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە. لەوانە شەریفە محەممەدی، وریشە مورادی و پەخسان عەزیزی. ئەم دۆخە نیگەرانییەکی جیددی سەبارەت بە توندتربوونەوەی سەرکوت و پێشێلکاری بەربڵاوی مافی مرۆڤ لە ئێران دروست کردووە. ئێمە بە بیستنی ئەم ڕاپۆرتانە گەلێک نیگەرانین و چاوەڕوانی ئەوە دەکەین کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر بەم تاوانانە کاردانەوەی هەبێت و ڕێوشوێنی کردەیی و دەستبەجێ بگرێتەبەر بۆ پاراستنی گیانی ئەو کەسانە.

خەبات لە دژی سزای لەسێدارەدان نابێت تەنها لە ئەستۆی گروپێک یان توێژێکی دیاریکراوی کۆمەڵگا بێت. ئەم خەباتە پێویستە ببێتە ئەرکێکی ئینسانی و ئەخلاقی سەرجەم تاکەکان. بێدەنگ بوون لە ئاست پێشێلکردنی “مافی ژیان” کە حکوومەتەکان و پێکهاتەکانی دەسەڵات کردوویانە بە ئامرازێک بۆ پاراستنی باڵادەستی و بەرژەوەندییەکانی خۆیان، بە واتای قبوڵکردنی ئەم تاوانەیە. خەبات لە دژی هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان، بەر لەوەی هەڵوێستێکی سیاسی بێت، بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی و ئینسانییە.
ئێمە وێڕای هاوسۆزی و هاوپشتی قووڵ و بێ درێغی خۆمان لەگەڵ خەباتی دادپەروەرانەی کرێکاران، مامۆستایان، ژنان، خوێندکاران و سەرجەم چین و توێژە ستەملێکراوەکان، لێبڕاوانە پشتیوانی دەکەین لە کەمپەینی “سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان”، کە ئێستا پێی ناوەتە ٨٩یەمین هەفتەی خۆیەوە. لەم چوارچێوەیەدا زیندانیانی سیاسی و ئەقیدەتی لە پەنجا و دوو زیندانی وڵاتدا ڕۆژانی سێشەممەی هەموو هەفتەیەک بە مانگرتن لە خواردن لە دژی سزای لەسێدارەدانی نامرۆڤانە و دژە مافی مرۆیی، ناڕەزایەتی دەردەبڕن. ئێمە لەو بڕوایەداین کە لێکهەڵپێکانی بزووتنەوەی دژ بە سزای لەسێدارەدان لەگەڵ خەباتی بەربڵاو و عەداڵەتخوازانەی جەماوەری، زەبری کاریگەر و چارەنووسساز بە پێکهاتەی سەرکوتگەرانەی ڕێژیم دەگەیەنێت.

کۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لێبڕاوانە و بێ شەرت و مەرج، خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێ و تەواوەتی هەموو شێوازەکانی سزای لەسێدارەدان لە ئێرانە. ئێمە داوا لە سەرجەم ناوەندە نێودەوڵەتییەکان، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، حیزبە پێشکەوتنخوازەکان و هێز و لایەنە دێموکراتیکەکان لە سەرانسەری جیهان دەکەین بە هەر شێوەیەک کە دەتوانن گوشار بخەنەسەر کۆماری ئیسلامی و ناچاری بکەن دەستبەجێ سەرجەم ئێعدامەکان لە ئێران ڕابگرێت. هەروەها داوا لە سەرجەم هێز و لایەنە خەباتکار و ئازادیخوازەکانی ناوەوە و دەرەوەی وڵات دەکەین کە خواستی هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان، بکەن بە یەکێک لە ویست و داخوازییە سەرەکییەکانی خەبات و تێکۆشانیان. بێ گومان هەر هەنگاوێک و هەر چالاکیەک لەم بوارەدا دەتوانێ ئەڵقەیەکی کاریگەر بێت لە زنجیرەیەک، کە سەرەنجام دەبێتە هۆی داڕمانی تەواوەتی نەزمی کۆنەپەرستانە و دژە خەڵکی کۆماری ئیسلامی.

خەبات لەدژی سزای لەسێدارەدان، هەنگاوێکە بەرەو ئازادی، بەرابەری و دادپەروەری.

کۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٥

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە

ڕووداوە گرنگەکان

پەیام نێت

گەلەری

هاوڕێمان بن! ​

پەیوەندی

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net