3

زیاتر لە ۲۰۰ کەس لە چالاکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردستان بە بڵاوکردنەوەی بانگەوازێک، جەختیان لەسەر پێویستی دەستپێکردنی دیالۆگ و دروستکردنی هەماهەنگی سیاسی لە نێوان خەباتی خەڵکی کورد لە هەر چوار بەشی کوردستان کردووەتەوە.
کۆمەڵە (ڕێکخراوی کوردستانی حزبی کۆمۆنیستی ئێران) بەردەوام پێداگری لەسەر ئەو ڕاستییە کردووەتەوە کە خەباتی خەڵکی کورد لە هەموو بەشە کوردستان، سەرەڕای جیاوازیی بارودۆخ و ستراتیژییە سیاسییەکان، خاوەن پەیوەندییەکی بابەتی و کاریگەریی هاوبەشن لەسەر یەکتر. گۆڕانکارییەکانی ئێستای ناوچەکەش جارێکی تر ئەم ڕاستییەیان بە زەقی نیشان داوەتەوە.
لە ڕوانگەی ئێمەوە، هەر دەسپێشخەرییەک کە بتوانێت زەمینەی گفتوگۆ، ئاڵوگۆڕی ئەزموون و هەماهەنگی لە نێوان هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لە بەشەکانی کوردستاندا بڕەخسێنێت، خۆی لەخۆیدا هەنگاوێکی پێویست و ئەرێنییە. لەسەر ئەم بنەمایە، ئێمە پێشوازی دەکەین لە پێشنیاری دامەزراندنی “ناوەندی دیالۆگی نەتەوەیی” وەک بەستێنێک بۆ گفتوگۆی هێز و لایەنە جیاوازەکان و ئامادەیی خۆمان بۆ بەشدارییەکی چالاکانە لەم پڕۆسەیەدا ڕادەگەیەنین.
لە هەمان کاتدا جەخت دەکەینەوە کە بەشداریی کۆمەڵە لە پڕۆسەیەکی لەو شێوەیەدا، لەسەر بنەمای سیاسەتی سەربەخۆ و ستراتیژی سۆسیالیستیی ئێمە دەبێت. ئێمە لەو باوەڕەداین کە پێشڕەویی ڕاستەقینە لە پرسی کورددا، بەبێ پشت بەستن بە هێزی چینی کرێکار، زەحمەتکێشان و بزووتنەوە ئازادیخواز و یەکسانیخوازەکان مەحاڵە.
هەروەها جەخت لەسەر ئەو خاڵە دەکەینەوە کە ئەم جۆرە دەسپێشخەرییانە تەنیا کاتێک دەگەنە ئەنجامێکی ڕوون و پێشکەوتنخواز، کە لە ئاستی گفتوگۆی گشتی تێپەڕن و بکەوێتە خزمەت بەهێزکردنی خەباتی ڕاستەقینەی جەماوەر، بەتایبەت کرێکاران، زەحمەتکێشان، توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵگا و ژنان و گەنجان.
ئێمە وێڕای پشتگیریکردن لە دەستپێکردنی ئەم پڕۆسەیە، لەسەر پێویستیی شەفافییەتی سیاسی، پاراستنی سەربەخۆیی هێزە بەشداربووەکان و بەرژەوەندیی زۆرینەی خەڵکی کوردستان پێداگری دەکەینەوە و لەپێناو بینینی ڕۆڵێکی چالاک و بەرپرسانە لەم ڕێگەیەدا هەوڵ دەدەین.
کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە
(ڕێکخراوی کوردستانی حزبی کۆمۆنیستی ئێران)
٢٥ی مارسی ٢٠٢٦