ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران سەبارەت بە:
سکاڵای فەرمی لە دژی کۆماری ئیسلامی لە ڕێکخراوی نێونەتەوەیی کار،
لەقاودانی پێکهاتەی ستەم و هەڵاواردن لە دژی چینی کرێکار و ژنان
بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” و چینی کرێکاری ئێران لە جەرگەی خەباتی جیهانیدا، لە دژی پێکهاتەکانی هەژموون و هەڵاواردن و چەوسانەوە وەستاون، پێکهاتە گەلێکی کە کۆماری ئیسلامی وەک دەوڵەتێکی سەرمایەداری، پیاوسالار و ئایینی، کۆمەڵێک لەو تایبەتمەندییانەی لەخۆیدا چڕکردۆتەوە. ڕۆژی ٢ی ژوئەنی ٢٠٢٥، ١١٣هەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ڕێکخراوی کار لە ژنێڤ دەستی پێکرد. کۆماری ئیسلامی ئێران بە ژمارە پەرەوەندەی “سی ئای ئێن، دی“– “سی. ١١١” خرایە لیستی فەرمی پێشێلکارییەکانی ڕێککەوتننامە بنەڕەتییەکانی ئەم ناوەندە نێودەوڵەتییە. بابەتی ئەم سکاڵایە بریتی بوو لە پێشێلکردنی ئاشکرای ڕێککەوتننامەی ژمارە ١١١ سەبارەت بە هەڵاواردن لە دامەزراندن و پیشەدا، بەڵام لە ڕاستیدا ئەم سکاڵایە دەنگدانەوەیەکی مێژووییە لە دەیان ساڵ ستەم و سەرکوتی پێکهاتەیی و هەڵاواردنی بەردەوام و تاوانە دەوڵەتەتییەکان لە دژی چینی کرێکار و ژنان و کەمینە ستەملێکراوەکان. وەڵامی ڕەسمی کۆماری ئیسلامی بەم سکاڵایە، هەوڵێکی بێ ئاکامە بۆ نکۆڵی کردن لەو ڕاستییەی کە ڕۆژانە ئاوێتەی ژیانی بە ملیۆنان کەس لە دانیشتوانی ئێرانە. ڕژیم بۆ شاردنەوەی ڕواڵەتی دزێوی خۆی ئیدیعای کرد کە حیجاب “ناچاری” نییە و هیچ کەسێک لەسەر ڕەچاوکردن یا نەکردنی حیجاب نەکەوتۆتە ژێر لێپرسینەوە و بەدواداچوون. ئەم درۆ بێشەرمانە، نەک هەر سوکایەتیکردنە بە یادەوەریی بەکۆمەڵی دانیشتوانی وڵاتێک، بەڵکوو بەشێکە لە ستراتێژی بەردەوامی ڕێژیم بۆ شاردنەوەی لۆژیکی سەرکوتی پێکهاتەیی خۆی.
لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا، کۆنترۆڵکردنی مرۆڤەکان بووەتە میکانیزمی ناوەندیی دیسیپلینی کۆمەڵایەتی. لە قوتابخانە، زانکۆ، ئیدارە و کارگە و تەنانەت نەخۆشخانەکانیشدا، نەزمی زاڵ دیاری دەکات کە چی لەبەر بکەیت و چۆن بەڕێگادا بڕۆی و تا چەندە ئیزنی هەناسە هەڵێکشانت دەبێ. ملیۆنان موعەلیم، خوێندکار، کرێکار، پەرستار و فەرمانبەری ژن، لە ژێر جەبری یاسایی و هەڕەشەی بەردەوامدا، ناچار بە پۆشینی جل و بەرگی فەرمی دەبن. جل و بەرگێک کە نەک ڕەنگدانەوەی هەڵبژاردنی تاک، بەڵکوو هێمای هەژموون و دەسەڵاتی دەوڵەتە. لە زۆرێک لە شوێنەکانی کار، لە ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی پیشەسازییەوە بگرە تا ناوەندە پزیشکی و پەروەردەییەکان، لەلایەن ڕێکخەرانی فەرمی یان دام و دەزگا نیمچە ئەمنییەکانەوە، چاودێری ئایدیۆلۆژی بەڕێوە دەچێت. تەنانەت لەو شوێنانەش کە گوایە “ئازادی جل و بەرگ” هەیە، ئەو ژنانەی کە شێوازە فەرمییەکان ڕەچاو نەکەن، لەگەڵ لێپرسینەوە، لێبڕینی حەقدەست و دەرکردنی کاتیی یان هەمیشەیی بەرەوڕوو دەبنەوە. ئەم ڕاستییە نەک هەر پێشێلکارییەکی بەهەڵکەوت، بەڵکوو بەشێکی دانەبڕاوە لە لۆژیکی دەسەڵاتی چینایەتی، ڕەگەزی و ئیدئۆلۆژیکی ڕێژیمێکی کە مانەوەی خۆی لەسەر بنەمای کۆنتڕۆڵکردنی مرۆڤەکان و شکاندنی ئیرادەی ئەوان، بنیات ناوە.
ئیدیعایئەوەیکە “یاسا و ڕێسای پێشکەوتنخواز” لە ئێراندا جێبەجێ دەکرێت، نەک هەر درۆیەکی بەتەواو مانا، بەڵکوو هەوڵێکە بۆ شاردنەوە و سڕینەوەی بابەتەکە، ڕژێمێکی کە بە زنجیری شەریعەت خۆی بە سەرمایەداری جیهانییەوە بەستووەتەوە، ئێستا وا خۆی نیشان دەدات کە هەڵگری عەقڵانییەتێکی یاساییە. ئەم نمایشە لە یادەوەری مێژوویی ژنان و چینی کرێکاری ئێراندا ڕسوا و بێ بەهایە. ئەم سکاڵایە ئێستا لەلایەن بەرزترین ئاستی ڕێکخراوی جیهانی کار، واتە لیژنەی جێبەجێکردنی ستانداردەکان (سی ئای ئێس)ەوە تاوتوێ دەکرێت. ئەم پرۆسەیە نەک هەر تەنیا ئامرازێکی دیپلۆماسی، بەڵکوو قۆناغێکی گرنگە لە بەڵگەنامەکردنی نێودەوڵەتیی ئەو دەوڵەتانەی کە بە شێوەیەکی سیستماتیک و بە ئەنقەست، مافە بنەڕەتییەکانی کرێکاران و چین و توێژە جەماوەرییەکان پێشێل دەکەن. ئێمە ئەم سیستەمەمان نەک لە بەڵگەنامەدا، بەڵکوو لە مەیداندا ئەزموون کردووە.
کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای بەدەسەڵات گەیشتنییەوە، پڕۆژەی لەناوبردنی چەپی شۆڕشگێڕی لە ڕووی جەستەیی و سیاسییەوە، بە ئێعدامەکانی دەیەی شەست، ئەشکەنجەی بەربڵاو و سەرکوتی بەتەواو مانای چالاکانی کرێکاری و ژنانی، دەستپێکرد. کوردستان هەر لە سەرەتاوە بوو بە یەکێک لە ناوەندە هەرە بەردەوامەکانی خۆڕاگریی، شوێنێکی کە خەڵک بەوپەڕی وشیاری سیاسیی و پەیوەندی چینایەتی، نەک هەر لە بەرامبەر ستەم و سەرەڕۆیی دا ڕاوەستان، بەڵکوو بە شێوەیەکی ڕێکخراو لەدژی خەباتیان کرد. لە خەزەڵوەری ٩٨ەوە بگرە تا ئاخێزی ژینا و لە مانگرتنە گشتییەکانەوە تا داگیرکردنی شەقامەکان، کوردستان بەردەوام پێشەنگی خەباتی چینایەتی بووە لە ئێراندا. دەیان مانگرتنی گشتی، سەدان گیانبەختکردوو و هەزاران بریندار و دەستبەسەرکراو، سەلمێنەری خەبات و خۆڕاگریی نەوەیەکە کە نەک لە پێناو ڕیفۆرم، بەڵکوو لە پێناو کۆتاییهێنان بەو نەزمەی ئێستادا هاتۆتە مەیدان. لە هەمان کاتدا باری سیاسەتە ئابوورییە ماڵوێرانکەرەکانی ڕێژیم، هەر لە بە تایبەتکردن و ئازادکردنی نرخەکانەوە بگرە تا سەپاندنی هەژاری و نائەمنی پیشەیی و هتد، لەسەر شانی چینی کرێکار قورسایی دەکات. لە ئاوا هەلومەرجێکدا، خەبات بۆ ڕووخاندنی نیزامی کۆماری ئیسلامی، نەک هەر مومکین بووە، بەڵکوو بووەتە پێویستییەکی حاشا هەڵنەگر.
حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە، وەک ڕێکخراوێکی کە هەڵقوڵاوی نەریتی زیندووی جوڵانەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی ئێرانن، بەردەوام خۆیان بە بەشێک لەم خەبات و تێکۆشانە زانیوە. ئێمە ئەم سکاڵایە تەنیا وەک هەنگاوێکی دیپلۆماتیک نابنێین، بەڵکوو بە بەشێک لە پرۆسەی خۆڕێکخستنی چینی کرێکار، لەقاودانی پێکهاتەی سەرکوت و گرێدانی خەبات و خۆڕاگرییە زیندووە کۆمەڵایەتییەکان، بە بەرەی نێونەتەوەییەوە دادەنێین. لە سەردەمێکدا کە زۆرێک لە ڕەوتە بەناو ڕیفۆرمخوازەکان یان ڕێکخراوە نەوتۆلیبراڵییە نادەوڵەتییەکان، بە لاوازکردنی زمانی چینایەتی و شاردنەوەی ناتەباییەکان، پشت بە گوتاری بێ مەترسی مافی مرۆڤ دەبەستن، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە، وێڕای وەفاداربوون بە ئاسۆی شۆڕشی کرێکاری، هەرگیز پشتیان لە چینەکەی خۆیان نەکردووە و لێی جیا نەبوونەتەوە. ئێمە لەسەر ئەو باوەڕەین کە تەنیا بە ڕێکخستنی ڕیشەدار، سەربەخۆ و لە خوارەوە، دەتوانرێت کۆتایی بە نیزامی چەوسێنەرانەی کۆماری ئیسلامی بهێنرێت.
ئەگەر ئەمڕۆ ئەم سکاڵایە لە بەرزترین ئاستی یاسایی نێودەوڵەتیدا تۆمار دەکرێت و لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت، ئاکامی چەندین ساڵ ڕێکخستن، لەقاودان، خەبات و پێوەندی نێوان بزووتنەوە ناڕەزایییەکانی ناو ئێران بە تریبۆنە جیهانییەکانەوەیە. ئەم سکاڵایە، زایەڵەی دەنگی دایکانی خاوران و بە هەزاران بنەماڵەی ترە کە جگەرگۆشەکانیان لەلایەن ئەم دەسەڵاتە جینایەتکارەوە گیانیان لەدەستداوە و هەروەها هاواری ژنانی سەرشەقام و خۆڕاگریی شۆفێر کامیۆنەکان، کرێکارانی بەشی پیشەسازی، کانزاکان، موعەلیمان و خانەنشینانە.
ئەزموونی زیندووی خەبات و تێکۆشانەکانی ئەم ساڵانەی دوایی، بە ڕوونی نیشانی داوە کە: تەنیا دروستبوونی پەیوەندی ڕاستەقینە و وشیارانە و بەردەوام لە نێوان چینی کرێکار و چین و توێژە ستەمدیتووەکانی دیکەی کۆمەڵگا، ئەویش لە دەرەوەی بازنەی دامەزراوە و پێکهاتە ئەمنییەکانی وابەستە بە نەزمی سەرمایەداری، دەتوانێت ڕێگای ڕزگاری خۆش بکات. ئەم پەیوەندییە بابەتێکی بەڕێکەوت یان تەنیا سۆزداری نییە، بەڵکوو پێویستی بە ڕێکخستنی چینایەتی و پەروەردەیەکی سیاسی بەردەوام و بنیاتنانەوەی متمانەی کۆمەڵایەتی هەیە لەناو کەشوهەوایەکدا کە لەلایەن سیستەمەوە ئاگایانە و لە ڕێگەی سەرکوت و دووبەرەکی نانەوە و بەلاڕێدابردنەوە بەهێز دەکرێت. ئێمە لەسەر ئەم پەیوەندییە زیندووە لە خوارەوە، لەسەر ڕێکخستنی ڕادیکاڵ، شۆڕشگێڕانە و سەربەخۆ جەخت دەکەینەوە، ڕێکخستنێکی کە لە هەناوی ئەزموونی خەباتەوە سەرهەڵدەدات نەک لە ژوورەکانی دەسەڵاتەوە. حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە لەسەر بنەمای ئەم تێگەیشتنە، خۆيان بە بەشێکی کارا لەم پڕۆسەیە دەزانن و بە ئاراستەی پتەوکردنی، هەنگاو دەنێن. ئێمە بە ئەرکی خۆمانی دەزانین کە نەک هەر لەسەر ئاستی شیکردنەوە و ئاشکراکردن، بەڵکوو لەسەر ئاستی کرداری و پێکهێنانی پێوەندی ڕاستەقینەی نێوان پێشڕەوانی چینی کرێکار و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، ڕۆڵ ببینین. ئێمە لەسەر ئەو باوەڕەین کە ئاسۆی ڕزگاریی، تەنیا لە بە ڕێکخستنێکی چینایەتی وشیارانە و ڕیشەدار، بە ڕووی کۆمەڵگادا دەکرێتەوە.
کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
٥ی ژوئەنی ٢٠٢٥