ڕەوتی ڕووداوەکان وا نیشان دەدەن کە شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی ئێستایی نێوان ڕژیمی ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامیی ئێران خەریکە لە شەڕێکی سنووردارەوە پەرە بستێنێت بۆ تێکهەڵچوونێکی بەتەواو مانا و گشتگر. ڕوودانی ئەم کارەساتە، وێڕای لەناوبردنی بەربڵاوی ژێرخانە گرنگەکانی وڵات کە بۆ ژیانی ڕۆژانەی خەڵک زۆر گرنگن، دەبێتە هۆی کوژرانی بەربڵاوی خەڵکی مەدەنی و قەیرانێکی مرۆیی لە ئاستێکی بێوێنە لە مێژووی هاوچەرخدا دەخوڵقێنێت. دژایەتی ئێمە لەگەڵ ئەم شەڕە ئەولاتر لە دەربڕینی هەڵوێستێکی ئەخلاقی، هەوڵێکی ئاگایانەیە بۆ ڕێگریکردن لە لەناوچوونی ژیانی ملیۆنان مرۆڤ و بوونی ئێران بە وڵاتێکی داوکوتوو لەباری ئابووری و تەکنەلۆژییەوە. دژایەتی ئێمە لەگەڵ شەڕی نێوان دوو دەوڵەتی ئایینی، تەنیا هەڵوێستێکی پرەنسیپی و ئەخلاقی نییە، بەڵکوو بەشێکە لە هەوڵێکی وشیارانە و هەنگاوێکی کرداری بۆ پێشگرتن لە کارەساتێکی کە دەتوانێت مەترسی لەسەر ژیانی ملیۆنان ئینسان دروست بکات و ئێران بکاتە یەکێک لە دواکەوتووترین وڵاتانی جیهان، لە ڕووی ئابووری و تەکنەلۆژییەوە. سەرەڕای ئەوەش دەزانین کە بەردەوامی و پەرەسەندنی ئەم شەڕە، بەپێچەوانەی ویستی ئێمە، لەوانەیە ببێتە واقیعێک. لەمڕووەوە وێڕای دەربڕینی ڕاشکاوانەی دژایەتی لەگەڵ شەڕێکی لەو چەشنە، پێویستە خۆمان بۆ کاریگەرییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئامادە بکەین.
بەوحاڵەشەوەسەرەڕایویستیشەڕخوانەیهەردووڕژیم،پەرەسەندنیشەڕوپێکدادانەکە،دوورلەچاوەڕوانینییە. لەم بارودۆخەدا، تاکە ڕێگای کاریگەر بۆ وەستاندنی شەڕ، بریتییە لە ئاخێزێکی ڕێکخراو و سەرتاسەری کۆمەڵانی خەڵکی ئێران. ئێمە ناتوانین ڕێگە بدەین بە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کە هیچ بەهایەک بۆ ژیانی خەڵک دانانێنێت، بە پێداگریی لەسەر ئەو پرۆژە ناووەکییە بێمانایەی خۆی، کۆمەڵگا بە بارمتە بگرێت. نابێ لە بەرامبەر شەڕێکدا کە هەردوو ڕژیمی جینایەتکار بە درێژەپێدانی، خەڵک دەکەنە ئامانجی پێشکەوتووترین چەکە کۆمەڵکوژەکان بێدەنگ بین، پێویستە لە چوارچیوەی خەبات لە پێناو ڕوخاندنی کۆماری ئیسلامی، داخوازی “وەستاندنی خێرا و دەستبەجێی شەڕ” ببێت بە یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانی خەڵکی ئێران. یەکێک لە هێما سەرەکییەکانی سەرکەوتنی ئاخێزی جەماوەر لە دژی شەڕ، بریتییە لە ڕێکخراوبوون و گشتگیربوونی. بەشداری چالاکی ئەو دامەزراوە مەدەنی و بزووتنەوە کۆمەڵایەتیانەی کە لە دەیەکانی ڕابردوودا خەباتێکی بەردەوام و هەمە لایەنەیان لە دژی ڕژیمی ئیسلامی بەرەوپێشبردووە و خاوەنی ئەزموونێکی دەوڵەمەندن لە بواری کاری وشیاریدەرانە، ڕێکخستن و ڕێبەریکردنی ناڕەزایییە جەماوەرییەکان، ڕۆڵێکی گرنگیان لە بەسەرکەوتنگەیاندنی ئەم خەباتەدا دەبێت. جگە لەوەش هاوکاری و یەکگرتوویی نێوان حیزبە چەپ و هێزە پێشڕەوەکان، یەکێکە لە پێویستییەکانی شکڵگرتنی ئاخێزی جەماوەریی لە دژی شەڕ.
ئەزموونی ئاخێزی “ژن، ژیان، ئازادی” جارێکی تر نیشانی دا کە کوردستان نەک هەر ڕۆڵێکی نمونەیی، بەڵکوو بەرپرسیارێتییەکی پێشەنگایەتیشی هەیە لە بەرەوپێشبردنی خەباتی سەرتاسەریدا. سەرەڕای ئەوەش جەخت دەکەینەوە کە هیچ ناوچەیەک بە تەنیا و بەبێ پەیوەندی بە خەباتی سەرتاسەرییەوە ناتوانێت سەرکەوتن مسۆگەر بکات. ئەمڕۆ بەردەوامی ئاخێزی “ژن، ژیان، ئازادی” دەبێت خۆی لە چوارچێوەی ناڕەزایەتی جەماوەر لە دژی ئەم شەڕە کۆنەپەرستانەدا ببینێتەوە. ئەم بەباتە پێویستی بە ئامادەبوونی بەردەوامی خەڵک لە مەیداندا و هەروەها داهێنانی کرداری هێزە سیاسییەکان و ڕێکخستنی جەماوەری هەیە. لەم ڕێگە هەستیارەدا، کۆمەڵە داوا لە سەرجەم هێزە سیاسییە چالاکەکانی کوردستان دەکات کە بە خێرایی و بەبێ بەفیڕۆدانی کات، بەمەبەستی گفتوگۆ، ئاڵوگۆڕی ڕاوبۆچوون و شرۆڤەی سیناریۆ ئەگەرییەکانی داهاتوو، لە دەوری یەک کۆببنەوە. پێویستە ئێمە ئەگەرە نەخوازراو و چاوەڕوان نەکراوەکانی ئەم شەڕە ماڵوێرانکەرە بەوردی لەبەرچاو بگرین و خۆمان بۆ وەڵامێکی بەکۆمەڵ ئامادە بکەین. تەنها لە ڕێگەی هاوفکری و هاوکاریی کردارییەوە دەتوانرێت، ئامادەیی بەکۆمەڵ پەرەپێبدرێت. گفتوگۆ و هاوکارییەکی لەم چەشنە دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕێت لە پەرەسەندنی ئامادەیی بەکۆمەڵ، یەکگرتوویی هێزە ئازادیخوازەکان و هاوهەنگاوبوون لە بەرامبەر داهاتوویەکی هەستیار و پڕ مەترسیدا.
کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە
(ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)
٢٦ی جۆزەردانی ١٤٠٤