ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە سەبارەت بە ئیدانەکردنی هێرشی بەردەوامی کۆماری ئیسلامی و هێزە بە وەکالەتەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان


ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە

سەبارەت بە ئیدانەکردنی هێرشی بەردەوامی کۆماری ئیسلامی و هێزە بە وەکالەتەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان

ئێستا شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسڕائیل لەدژی کۆماری ئیسلامی پێی ناوەتە سێزدەهەمین ڕۆژی خۆیەوە. ئەم شەڕە بە چڕی بەردەوامە و ڕۆژبەڕۆژ کەسانێکی زیاتر گیان لەدەست دەدەن. ژیانی زۆرکەس لە ناو دەچێت. ژێرخانی وڵات وێران دەبێت. قوربانیانی ئەم شەڕە کەسانێکن کە هیچ ڕۆڵێکیان نەبووە لە دەستپێکردن و ئامانجی دژە خەڵکیی هەردوولا. نە ئامانجی کۆماری ئیسلامی کە لە هەوڵی مانەوەی خۆیدایە، پەیوەندی بە ئازادیی جەماوەرەوە هەیە، نە ئامانجی ئەمریکا و ئیسرائیل کە هەوڵی بەچۆکداهێنان و کۆنتڕۆڵکردنی کۆماری ئیسلامی دەدەن، پەیوەندی بە ڕزگاری خەڵکی ستەملێکراو و چەوساوەی ئێرانەوە هەیە. لەم نێوەندەدا هەرێمی کوردستان بەردەوام لەژێر هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکیدایە.

ڕێبەرانی هەرێمی کوردستان بە فەرمی ڕایانگەیاند کە نایانەوێت بەشێک بن لەم شەڕە و بێلایەنی خۆیان ڕاگەیاندووە. بەڵام بەم حاڵەشەوە ڕۆژ نییە بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرش نەکرێتەسەر شارە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان. پاساوی ئەم هێرشانە بوونی بنکە ئەمریکییەکانە لە ناوچەکەدا

بەڵام بۆنموونە چۆن هێرشی مووشەکی ورد بۆ سەر هۆڵی کۆبوونەوەی گشتیسەعد عەبدوڵڵالە شاری هەولێر پاساو دەکرێت؟ لە شاری سلێمانیش خانووی نیشتەجێبوون کراونەتە ئامانج

ڕاستە بەشێک لە مووشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بە بەرگری ئاسمانی خراونەتە خوارەوە، بەڵام خودی سروشتی ئەو هێرشانە و تەقینەوەکان و دروستکردنی ئەو کەشە نائەمنە، ئارامی خەڵکی تێکداوە و گەورەترین فشار دەکەوێتە سەر منداڵان و بەساڵاچووان و هاووڵاتیان بە گشتی

ڕێبەرانی هەرێمی کوردستان هەروەها بە ڕوونی ڕایانگەیاندووە کە بڕیار نییە هیچ هێرشێکی سەربازی لەم ناوچەیەوە لە لایەن هێزە سیاسییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامییەوە ئەنجام بدرێت.

سەرەڕای ئەوەش، لە ماوەی ١٣ ڕۆژی ڕابردوودا، ئەو کەمپانەی کە خێزانە کوردەکانی تێدا نیشتەجێن، چەندین جار بە هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کراونەتە ئامانج و ژمارەیەکیش کوژراون یان بریندار بوون. ئەمە هێرشێکی ئاشکرایە بۆ سەر ژیان و ئاسایشی ئەو خەڵکەی کە خۆیان بوونەتە قوربانیی سەرکوتی کۆماری ئیسلامی و پەنایان هێناوەتەبەر ئەم ناوچەیە. ئێمە ئەم هێرشانە بە توندترین شێوە ئیدانە دەکەین، چ ڕاستەوخۆ لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە ئەنجام بدرێت یان لەلایەن هێزە بە وەکالەتەکانی وەک گرووپەکانی حەشدی شەعبی.

هێرشکردنە سەر شارەکان و ماڵ و حاڵی خەڵک و ناوەندە گشتییەکان و کەمپەکانی پەنابەران، تاوانێکی ڕوونە و هیچ پاساوێک هەڵناگرێت

ئێمە هاوکات ڕایدەگەیەنین کە هەرێمی کوردستان بە پشتی جێبهەی خەباتی چەکداریمان نازانین. ئێمە خۆمان لە ئاست ئاسایش و خۆشگوزەرانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بە بەرپرسیار دەزانین. ئەو خەڵکەی کە هەمیشە بە باوەشی ئاواڵەوە پێشوازییان لێکردووین، نابێت باجی شەڕێک بدەن کە هیچ پێوەندییەکی بەوانەوە نییە. دەبێت دەستبەجێ هێرش بۆ سەر هەرێمی کوردستان ڕابگیرێت و ئاسایشی خەڵکی ئەم هەرێمە گەرەنتی بکرێت. نابێ لەوە زیاتر لە شەڕ و ململانێی نێوان زلهێزەکاندا کایە بە گیان و ژیانی خەڵکی بێ دیفاع بکرێت

کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە

رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

٢٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٤

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە

ڕووداوە گرنگەکان

پەیام نێت

گەلەری

هاوڕێمان بن! ​

پەیوەندی

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net