ڕاگەیەندنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران سەبارەت بە مەترسیی توندبوونەوەی سەرکوتی هەڵسواڕاوان لە یەکەم ڕۆژەکانی دوای کۆتایهاتنی شەڕ


ڕاگەیەندنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

سەبارەت بە مەترسیی توندبوونەوەی سەرکوتی هەڵسواڕاوان لە یەکەم ڕۆژەکانی دوای کۆتای هاتنی شەڕ

شەڕی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل پێی ناوەتە سێیەم هەفتەی خۆیەوە. ئەم شەڕە ناتوانێت بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام بێت. هاوسەنگیی هێزەکانی ئێستاش ئەوە نیشان دەدەن کە ئەگەری شکستی سەربازیی ڕژیم لە ئارادایە. بەڵام شکست لە شەڕدا، کۆتایی کاری ڕژیم نییە. لەگەڵ کۆتایی هاتنی شەڕی سەربازی، شەڕێکی تر دەست پێدەکات، واتە شەڕی کۆماری ئیسلامی دژی جەماوەر. ئەم شەڕە لە بوارە جیاوازەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا بەردەوام دەبێت. ئەم شەڕە بۆ ڕژیم ترسناکترە لە شەڕی ئێستا، چونکە ئەمجارە لایەنی بەرامبەر، خەڵکی ناڕازیی و وەگیانهاتووی ئێران دەبن.

بەدڵنیایەوە بزوتنەوە کۆمەڵایەتیە بەردەوامەکان چالاک دەبن.

هەر لە ئێستاوە نیشانەکان دەریدەخەن کە ڕژیم خەریکە خۆی بۆ قۆناغی داهاتوو ئامادە دەکات. یەکێک لە تەوەرەکانی ئەم ئامادەکارییە، بریتییە لە وەشاندنی گورزێکی پێشوەختە لە هەڵسووڕاوانی سیاسی و، پێشڕەوانی کۆمەڵایەتی و کەسایەتییە خاوەن نفووز و کاریگەرییەکان لەبەردەم ئەم مەترسییەدان.

ئامانجەکە ڕوونە، ڕژیم دەیەوێت بەر لە دەستپێکردنی هەر شەپۆلێکی ناڕەزایەتی، کۆمەڵگا چاوترسێن بکات، دەنگە کاریگەرەکان کپ بکات و هەر حەرەکەتێکی سیاسی لە سەرەتاوە خامۆش بکات. نیشانەکان شاراوە نین. میدیا فەرمییەکانی حکوومەت ئەم ئاراستەیەیان ئاشکراتر کردووە. ئەم ڕۆژانە بەیاننامە هەڕەشەئامێزەکانی ناوەندە ئەمنییەکان پەرەی سەندووە. دانپێدانانە زۆرەملێ تەلەوزیۆنییەکان بەردەوامن. بەرپرسانی حکوومەت بە ئاشکرا باس لە ئامادەیی هێزەکەنیان بۆ تەقەکردن لە خەڵک دەکەن. هەموو ئەمانە نیشانەی توندبوونەوەی کەشی ترس و تۆقاندن و ترسی حکوومەتن لە گۆڕانکارییەکانی داهاتوو.

دوای کۆتایی هاتنی شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق، ڕژیم ڕێک هەمان ڕێچکەی گرتەبەر. هەڵسووڕاوانی سیاسی کردە ئامانج. زیندانیانی سیاسی کۆمەڵکوژ کرد. کۆمەڵگای تووشی شۆک کرد. ئەمڕۆ دەبێ ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەو کارەساتە بکرێت.

ئێمە هۆشداری دەدەین کە لە یەکەم ڕۆژەکانی دوای کۆتایی هاتنی شەڕ، مەترسیی تەڵە ئەمنییەکان زیاتر دەبێت. ئەم ڕۆژانە هەستیارترین ڕۆژن. ڕژیم لەم قۆناغەدا پەلەیەتی. دەیەوێت پێش دروستبوونی هەر ڕێکخراوێک و هەر شەپۆلێکی ناڕەزایەتی، دەستبەکار بێت. ئەم مەترسییە بەتایبەت هەڕەشەیە بۆسەر هەڵسووڕاوانی سیاسی لە ئاستە جیاوازەکان، هەڵسووڕاوانی کرێکاری، چالاکوانانی بزووتنەوەی ژنان و خوێندکاران، ڕۆژنامەنووسە سەربەخۆکان، بنەماڵە دادخوازەکان و زیندانیانی سیاسی پێشوو و هەروەها کەسایەتییە ناسراوە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکان.

ئەم خاڵە لەبیر مەکەن، تەنانەت ئەو کەسانەی کە ساڵانێک لەمەوبەر دۆسیەیان  بۆ کراوەتەوە، ڕەنگە سەرلەنوێ ببنەوە ئامانجی هەڕەشەکان. ڕژیم بۆ پاساوی سەرکوتکردن، هەمیشە پێویستی بە هۆکاری ڕاستەقینە نییە، بەڵکوو بیانوو دەدۆزێتەوە، دۆسیە دروست دەکات و تۆمەت هەڵدەبەستێت.

ئێمە داوا لە سەرجەم هەڵسووڕاوانی ناوخۆی وڵات دەکەین کە بەوپەڕی وریاییەوە مامەڵە بکەن. ئامادەیی سیاسی و ڕێکخراوەیی دەبێ بپارێزرێت. بەڵام لەم قۆناغەدا دەبێ لەسەرەخۆ و پشوودرێژ بن. دەبێ خۆ بپارێزن و لە هەر هەنگاوێکی بیر لێنەکراوە خۆببوێرن. بەتایبەت سەبارەت بەم حاڵەتانە زۆر هەستیار بن:

پەیوەندییە لەناکاو و چاوەڕواننەکراوەکان. ئەو بانگهێشتانەی کە سەرچاوەکەیان ناڕوونە. بەڵێنی دانوستان یان سازان لەگەڵ هەڵسووڕاوانی مەدەنی لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەکانەوە و هەروەها ئەو سیناریۆیانەی کە بەمەبەستی بەدەستهێنانی متمانە داڕێژراون.

ئێمە هەروەها جەخت دەکەینەوە کە حیزب بە وردی دۆخەکە هەڵدەسەنگێنێ و بە ڕاوێژ لەگەڵ پێشڕەوان و هەڵسووڕاوانی بە ئەزموون لە ناوخۆی وڵات، لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندن و لێکدانەوەی دیاریکراو، سیاسەت و تاکتیکی دیاریکراو بۆ هەر قۆناغێک دەخاتە بەرنامەی کاری خۆیەوە.

 

وشیاری ئەمڕۆ، مەرجی درێژەدان بە خەباتی سبەینێیە. پاراستنی هێزەکان ئەرکێکی سیاسییە. هەرکەسێک بکەوێتە داوی ڕژیمەوە لە مەیدان دەچێتە دەرەوە. هەرکەسێک خۆی بپارێزێت دەتوانێت سبەی ڕۆژ لە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیدا، ڕێکخەرێکی کاریگەر بێت. کۆماری ئیسلامی دەیەوێت بە زاڵکردنی ترس و تۆقاندن درێژە بە حوکمڕانی خۆی بدات. سەرکوت دەتوانێت مەترسی دروست بکات، بەڵام ناتوانێت ئەم دەسەڵاتە لەو چارەنووسە حەتمییە ڕزگار بکات کە چاوەڕێی دەکات. شەپۆلی گۆڕانکاری بەڕێوەیە. دەبێت خۆمانی بۆ ئامادە بکەین.

کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

٢٤ی ڕەشەممەی ١٤٠٤

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە

ڕووداوە گرنگەکان

پەیام نێت

گەلەری

هاوڕێمان بن! ​

پەیوەندی

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net