ڕۆژی پێنجشه‌ممه ١٨ی ڕێبه‌ندانی ١٤٠٣، پارێزه‌رانی “په‌خشان عه‌زیزی” به‌ندكراوی سیاسی مه‌حکوم به ئێعدام، ڕایانگه‌یاند كه داواكارییه‌كه‌ی بۆ دووباره دادگاییكردن له لایه‌ن دیوانی باڵای كۆماری ئیسلامییه‌وه ره‌تكراوه‌ته‌وه.
ناوبراو ١٣ی گه‌لاوێژی ١٤٠١، له گه‌ڵ چه‌ند ئه‌ندامێكی بنه‌ماڵه‌كه‌ی له لایه‌ن ئیداره‌ی ئیتلاعاته‌وه ده‌ستبه‌سه‌ر كرا و پاش سێ مانگ و سێ حه‌فته ڕاگرتنی له ژووری تاكه‌كه‌سی، ئه‌شكه‌نجه و ئازارێكی زۆر و هه‌روه‌ها لێپرسینه‌وه له لایه‌ن ناوه‌نده ئه‌منیه‌كانه‌وه بۆ به‌ندی ژنانی زیندانی ئێڤین ڕاگوێزرا. له ڕێكه‌وتی ٣ی گه‌لاوێژی ١٤٠٣، له لایه‌ن دادگای ئینقلابی تارانه‌وه به تۆمه‌تی “به‌شداری له گرووپه نه‌یاره‌كانی كۆماری ئیسلامی” و “شۆڕشی چه‌كداری“، حوكمی سێداره‌ی به‌سه‌ردا سه‌پێندرا. به وته‌ی پارێزه‌ری “په‌خشان عه‌زیزی“، داواكاری بۆ دووباره دادگاییكردنی” له لایه‌ن دیوانی باڵاوه ره‌تكراوه‌ته‌وه و مه‌ترسی له سێداره‌دانی له ئارادایه.