ڕۆژی ١٧ی دیسامبری ساڵی ١٩٩٩، كۆبونهوهی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ١٢ی ئاگۆست بەرامبەر بە ٢١ی گەلاوێژی وەک ڕۆژی جیهانی لاوان ڕاگەیاند. ئەگەرچی بۆنەیەکی لەو چەشنە تا ئێستا گرێیەکی لە کێشە و گرفتەکانی لاوان بە تایبەت لە وڵاتانی دواکەوتووی سەرمایەداری نەکردۆتەوە، بەڵام لانیکەم دەرفەتێکە بۆ ئاوڕدانەوە لە کێشەکانی لاوان لە وڵاتێکی وەک ئێران. کۆمەڵگای ئێران بەشێوەیەکی ڕێژەیی خاوەنی زۆرترین دانیشتوانی لاوە لە ئاستی جیهاندا. بەجۆرێک کە لاوانی تەمەن ١٥ بۆ ٣٠ ساڵ نزیکەی ٣٦ ملیۆن لە کۆی دانیشتوانی وڵات پێکدەهێنن. لەم نێوەندەدا نزیکەی ١٤ میلیۆن کەس لە دانیشتوانی ئێران خوێندنی زانکۆیان هەیە و ئەڵبەت ئەم توێژە لە کۆمەڵگای ئێران هەر بەم ڕێژەیەش زۆرترین بێبەشی و زیانی کۆمەڵایەتی بەرکەوتووە.
یەکێک لە گرینگترین ئاستەنگەکانی بەردەم لاوانی ئێران، بریتییە لە بێکاریی بەربڵاو، بە تایبەت لە نێو دەرچووانی زانکۆدا. سەرەڕای سەرمایەگوزاری زۆری بنەماڵەکان لەسەر خوێندن و پەروەردەی منداڵەکانیان، بەڵام ڕێژەیەکی بەرچاو لە دەرچووانی زانکۆ لەگەڵ بازاڕێکی کارێکی نەگونجاو و هەلی کاری سنووردار بەرەوڕوو دەبنەوە. بە پێی ئامارە نیمچە فەرمییەکان، ڕێژەی بێکاری لە نێو لاوانی خوێندەوار لە ئێران گەیشتووەتە زیاتر لە ٥٠ لەسەد. ئەگەر تا دوێنێ بنەماڵەکان پێیان وابوو منداڵەکانیان دەنێرن بۆ زانکۆ بۆ ئەوەی لە داهاتوودا کارێکی گونجاو بدۆزنەوە، ئەمڕۆ دەبینن نەک هەر ئەم ئامانجە بەدی نەهاتووە، بەڵکوو خوێندنی زانکۆ بۆتە کێشە بۆ گەنجەکانیان لە دۆزینەوەی کاردا. ئەو لاوانەی کە بە هەزار هیوا و ئاواتەوە دوای تێپەڕاندنی دەیان کۆسپ و تەگەرەی کە ڕژیم و یان هەژاری زۆری مادی خستوویەتە سەر ڕێیان، سەرەنجام توانیویانە مەدرەکی خوێندنی دواناوەندی، هونەرستان و یان زانکۆ بە دەست بێنن، دوو ساڵی تەمەنیشیان لە دەورەی سەربازیی بۆ ڕژیم تێپەڕ بکەن، دیسانیش هیوایەکیان بە دۆزینەوەی کارێکی گونجاو لەگەڵ مەدرەکەکەیان نییە و وا هەست دەکەن کە هەموو ئاوات و ئارەزووەکانیان بە فیڕۆ چووە. حاڵ و ڕۆژی ئەو لاوانەی کە هەر بەم هۆکاری بێکاری و نەبوونی سەرچاوەی دارایی سەربەخۆیە، خۆیان بە سەرباری بنەماڵە دەبینن و تەنانەت توانایی دابینکردنی تێچووی زەماوەند و پێکهێنانی بنەماڵەشیان نییە، گەنجێک کە نە لە خۆشی و حەماسەتی گەنجی بەهرەمەند دەبێت و نە دەرفەتی گەشەپێدانی توانا و بەهرەکانی بەدەست دەهێنێت، سەیر نییە ئەگەر تووشی دڵەڕاوکێ و نائارامی دەروونی بێت یان بکەوێتە بەر مەترسی زیانە کۆمەڵایەتییە ئازاربەخشەکان و لەوانە ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان.
لێرەدا پێویستە جەخت لەسەر ئەو ڕاستییەش بکرێتەوە کە ئەگەرچی لاوانی ئێران بە هۆی دەسەڵاتی ڕێژیمێکی کۆنەپەرست و دژە ئازادییەوە، خاوەن کێشە و گرفتی هاوبەشن، بەڵام بە هۆی ئەوەی کە سەر بە چین و توێژی جیاوازن، ڕەنج و مەینەتییەکانیان یەکسان نییە. ئاشکرایە کە گرفتی لاوانی سەر بە چینی کرێکار لەگەڵ ئەو لاوانەی کە چەتری پشتیوانی بنەماڵەیەکی دەوڵەمەندیان لەسەرە جیاوازە. بەڵام گەنجێک کە بەهرەکانی لەلایەن دەسەڵاتێکی کۆنەپەرستەوە بەدیل گیراوە، گەنجێک کە باشترین ساڵەکانی تەمەنی لە قوتابخانە و ئامادەیی و زانکۆ لە ژێر فشاری خوێندنی دژە زانستی و کۆنەپەرستانەدا بەسەر بردووە، گەنجێک کە تەنانەت ئازادی هەڵبژاردنی جلوبەرگیشی لێ زەوت کراوە، گەنجێک کە بەهۆی بچووکترین ناڕەزایەتی بەرامبەر بە سەختی و پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان زیندانی و ئەشکەنجە دەکرێت، ئازاری هەموو ئەم گەنجانە لەگەڵ گەنجانی سەر بە چینی کرێکار و زەحمەتکێش هاوبەشە و ڕزگاربوونیان لەم بارودۆخە نامرۆڤانە، لە ڕێگەی هاوپشتی و یەکگرتوویی لەگەڵ خەباتی چینی کرێکار مسۆگەر دەبێت.
بەڵام ژیانی لاوانی ئێران بەبێ جەختکردنەوە لەسەر واقیعێکی ئومێدبەخش کە لەپەنای هەموو ئەو سەختی و نەهامەتیانەدا بەرچاو دەکەوێت، بە تەواوی وێنا ناکرێت. ڕێژیمی ئیسلامی بۆ زاڵبوون بەسەر جەستە و دەروونی لاواندا گەلێک پلان و پڕۆژەی جێبەجێ کرد، بەڵام هەموو ئەم پڕۆژانە لە بەرامبەر شەپۆلی بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگادا بوونە بڵقی سەرئاو. لە ڕاستیدا لە ماوەی ٤٦ ساڵی ڕابردوودا هەموو هەوڵەکانی ڕێژیمی ئیسلامی لەم بوارەدا بەفیڕۆچووە. لەمڕووەوە ئەم ڕێژیمە بەردەوام خەریکی خۆ ئامادە کردنە بۆ تۆڵەسەندنەوە لەو گەنجانەی کە لە قوتابخانە و ئامادەییدا نەیتوانیوە بە پێی ویستی خۆی، دواکەوتوو و لاواز و بێ ئیرادە پەروەردەیان بکات. بەشێکی زۆر لە لاوانی ئێران، هەرچەندە بێکارن و لە سەرەتاییترین دەرفەتەکان بۆ بەهرەمەندبوون لە ئیمکاناتی سروشتی سەردەمی لاویی بێبەشن، بەڵام لە ئاست ئەو دۆخەدا بەچۆکدا نەهاتوون و ڕێگای خەبات و تێکۆشان لە دژی ئەم ڕژێمەیان گرتۆتە بەر. ئەوان بە شێوازی جۆراوجۆر بەرەنگاری ئەو دۆخە بوونەتەوە و ڕێگەی نوێ بۆ دەربڕینی ویست و داواکارییەکانیان دەدۆزنەوە. ئەم خۆڕاگرییە نەک هەر لە ناڕەزایەتی سەر شەقامەکاندا، بەڵکوو لە فەرهەنگ، هونەر، ئەدەب و تەنانەت شێوازی ژیانی ڕۆژانەشیاندا بە ئاشکرا دەبینرێت.
خۆڕاگریی لاوانی ئێران لە ئاخێزی “ژن، ژیان، ئازادی” پاییزی ساڵی ١٤٠١دا گەیشتە لوتکە، ئەم ئاخێزە نیشانی دا کە جیلی گەنجی ئێران، ئەو دۆخەی ئێستا قبووڵ ناکات. گەنجان و تازەلاوان لە سەرانسەری وڵات بەوپەڕی بوێری و فیداکارییەوە ڕژانە سەر شەقامەکان و خوازیاری گۆڕانکاری بنەڕەتی بوون. ئەم ئاخێزە دەریخست کە لاوانی ئێران خاوەن پۆتانسێلێکی شاراوە و تواناییەکی کۆمەڵایەتی بەرزن بۆ گۆڕانکاری. واقیعییەت ئەوەیە کە سەرەڕای ئەو هەموو سەختی و سەرکوتکردنە، ڕۆحی خۆڕاگریی لە نێو لاوانی ئێراندا هێشتا زیندووە. ئەوان ملیان بەو شێوازە ژیانە نەداوە کە کۆماری ئیسلامی بەسەریاندا دەسەپێنێت و پاشەکشەیان بە فەرهەنگی زاڵ کردووە. گەنجان لە فەزای مەجازی، لە زانکۆکان، گەڕەکەکان و تەنانەت لەناو بنەماڵەکاندا، بە شێوازی داهێنەرانە و جۆراوجۆر خەریکی گۆڕینی فەرهەنگی کۆمەڵگان.