ڕەخنەیەک لەسەر بۆچوونەکانی خالد عەزیزی: دژە چەپ بوون وەک ڕێگایەک بۆ خۆدزینەوە لە شیکردنەوەی بنەڕەتیانەی کێشەکانی کۆمەڵگە و سەرپۆشێک بۆ سازش و خۆبەدەستەوەدان

 

✍️ کەریم ئەمانی

ماوەیەک لەمەوبەر خالید عەزیزی لە کۆبونەوەیەکی ناوخۆیی لە مەقەڕی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەژێر ناونیشانی “پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان، ئێران و ڕۆژھەڵاتی کوردستان لە ھاوکێشە نێودەوڵەتییەکاندا”، لە بەشێک لە قسەکانیدا کە بە زمانی کوردی پێشکەشی کرد، ھێرشێکی دوژمنکارانە و ناڕەوای کردەسەر بزووتنەوە چەپ و کۆمۆنیستییەکان و بە تایبەت کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران. خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کە لەم کۆبونەوەیەدا لە گشتبێژییەکی دووپاتە دا، هێرشی کردە سەر ڕەوتە چەپ و کۆمۆنیستەکان و ئەوانی وەک ھۆکاری دواکەوتوویی کۆمەڵگەکانی مرۆڤایەتی ناساند و بە تایبەت بوونی بزووتنەوە چەپ و کۆمۆنیستییەکان و لەوانە کۆمەڵەی لە کوردستان کردە ئامانج، نەک هەر لە بۆچونێکی نامێژوویی و نازانستییەوە سەرچاوە دەگرێت، بەڵکوو ئەمە نیشانەی خۆدزینەوەیەکی ئاگایانەیە لە لێکدانەوە و شیکردنەوەی ئەو پێکھاتە چەوسێنەرانەی کە بەڕاستی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیان تووشی نەهامەتی کردووە.

تۆمەتبارکردنی چەپ بە هۆکاری “دواکەوتوویی” کۆمەڵگەکان لە کاتێکدایە کە مێژووی خەباتی دژ بە سەرمایەداری و ستەم و سەرەڕۆیی و عەداڵەتخوازی لە جیهان و بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەبێ بوونی بزووتنەوە چەپەکان تەنانەت شیاوی بیرلێکردنەوەش نییە. لە خەباتی دژە کۆلۆنیالیزمی جەزائیر و ڤێتنامەوە بگرە تا خەبات و خۆڕاگریی دژە سەرمایەداری لە ئەمریکای لاتین، چەپ و کۆمۆنیستەکان بەردەوام پێشەنگی خەبات و تێکۆشان بوون لە پێناو ڕزگاری چین و توێژە زەحمەتکێشەکاندا. لە کوردستانیش کۆمەڵە وەک بزووتنەوەیەکی چەپ و سۆسیالیستی نەک هەر “فاکتەری دواکەوتوویی” نەبووە، بەڵکوو هێزێکی پێشڕەو و شۆڕشگێڕ بووە کە هاوکات لە دژی ستەم و چەوساندنەوەی نەتەوەیی و ستەم لەسەر ژنان و چەوسانەوەی چینایەتی و ڕەوتە کۆنەپەرستە خۆجێییەکان خەباتی کردووە. ئەمڕۆ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە دژوارترین بارودۆخی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیدایە. ئەم ڕێژیمە بە سەرکوتی سیستماتیک و گەندەڵی بەربڵاو و پشتبەستن بە سەرمایەداری جیهانی، خەڵکی ئێران و کوردستانی تووشی هەژاری و ماڵوێرانییەکی لەڕادەبەدەر کردووەتەوە. لە ئاوا هەلومەرجێکدا ئەگەر بوونی هێزە چەپ و کۆمۆنیستییەکانی وەک کۆمەڵە نەبوایە، بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان لەلایەن کەسانی وەک خالید عەزیزی و ڕەوتە ناسیۆنالیستە کۆنەپارێزەکانەوە، بەرەو ناسیۆنالیزمێکی بێناوەڕۆک و سازشکردن لەگەڵ پێکهاتە چەوسێنەرەکان ئاراستە دەکرا. کۆمەڵە و هێزە چەپەکانی دیکە لە کوردستان نەک هەر لە دژی کۆماری ئیسلامی شێلگیرانە خەباتیان کردووە، بەڵکوو بەدیلێکیش بوون لەبەرامبەر سیاسەتی کۆنەپارێزانە و سازشکارانەی ڕەوت و لایەنەکانی وەک حیزبەکەی ئەودا. لە کاتێکدا کە ئەم ڕەوت و لایەنانە زۆرجار کەوتوونەتە داوی ناسیۆنالیزمێکی چەواشەکارانە، چەپەکان لەوانە کۆمەڵە بە پشتبەستن بە خەباتی چینایەتی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و پشت بەستن بە هێزی لەبننەهاتووی کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی ستەملێکراو و ئازادیخواز، نیشانیانداوە کە ڕزگاری ڕاستەقینە، تەنیا بە لەناوچوونی سیستەمی سەرمایەداری و ستەم و سەرەڕۆیی ئایینی مومکین دەبێت.

 ئەگەر کۆمەڵگەکانی مرۆڤایەتی لەگەڵ کێشەی دواکەوتوویی، نایەکسانی و کێشە ئابووری و ژینگەیییەکان بەرەوڕوون، سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سیستەمی سەرمایەداری جیھانی و دابەشکردنی نادادپەروەرانەی سامانی گشتی، نەک بۆ رۆلی ئەو بزووتنەوانەی کە بەڕاستی دژ بەو سیستەمە خەباتیان کردووە. وڵاتەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیمپریالیزمی ڕۆژاوا و ڕۆژھەڵات (لەوانە ئێران و کوردستانیش)، نەک بەھۆی بوونی چەپەکان، بەڵکوو بەھۆی وابەستەییان بە سەرمایەداری جیھانی و دەسەڵاتە ئۆلیگارشییە خۆجێییەکانەوە نوقمی گێژاوی قەیران بوون. خالید عەزیزی بە ھێرشکردنە سەر کۆمەڵە و ڕەوتە چەپەکانی تر، بە ئەنقەست چاوپۆشی لەو ڕاستیە دەکات کە ئەوە ئەم ڕەوت و لایەنانە بوون کە لە دژوارترین قۆناغەکانی سەرکوتدا، ھەم لەدژی دیکتاتۆری پەھلەوی و ھەم دژ بە کۆماری ئیسلامی خەباتیان کردووە. ئایا هۆکاری دواکەوتوویی لە کوردستان دەگرێتەوە بۆ خەبات و تێکۆشانی چەپەکان، یان سیاسەتی سەرکوتگەرانەی حکوومەتی ناوەندی و ڕۆڵی سازشکارانەی ھەندێک لە ڕەوت و لایەنە کۆنەپارێزە خۆجێییەکانی وەک حیزبەکەی خالید عەزیزی؟

عەزیزی و هاوبیرەکانی بە ھێرشکردنە سەر لایەنە چەپەکان، لە ڕاستیدا خۆیان لە وەڵامدانەوە بەم پرسیارە گرنگە دەدزنەوە کە ئایا ناسیۆنالیزمێکی ڕووت، بە بێ بوونی بەرنامەیەکی دادپەروەرانەی ئابووری و کۆمەڵایەتی، دەتوانێت ئاسۆیەکی ڕوون بەڕووی خەڵکی کوردستاندا بکاتەوە؟ مێژوو نیشانی داوە کە ناسیۆنالیزمی بورژوایی لە باشترین حاڵەتدا، تەنیا دەبێتە ھۆی دروستبوونی چینێکی نوێی دەسەڵاتداری خۆجێیی، بەبێ ئەوەی هیچ ئاڵوگۆڕێک لە پێکھاتە چەوسێنەرەکانی دژ بە کرێکاران و ژنان و کەمینەکاندا پێک بهێنێت. قسەکانی خالید عەزیزی نەک ڕەخنەیەکی سیاسیی ئەرێنی، بەڵکوو دووبارەکردنەوەی ئەو گوتارە ڕاستڕەوانە و خۆ بەدەستەوەدەرانەیە کە هەوڵدەدات بە تۆمەتبارکردن و هێرشکردنە سەر ڕەوتە چەپەکان، بەرپرسیارێتی کێشە و قەیرانەکانی کۆمەڵگە لەسەر شانی سەرمایەداری و دەوڵەتە پشتیوانەکەی لاببات. بزووتنەوەی چەپ لە کوردستان و جیھان، بە پشتبەستن بە خەباتی چینایەتی و عەداڵەتخوازانە، وەک هەمیشە ئاڵاهەڵگری ڕاستەقینەی ڕزگاری و دڕکی چاوی ڕەوت و لایەنە کۆنەپارێز و خۆ بەدەستەوەدەرەکانە. ئەگەر خالید عەزیزی و ھاوبیرەکانی بەڕاستی کەڵکەڵەی خەڵکی کوردستانیان لەسەردایە، پێویستە لەبری ھێرشکردنە سەر چەپ و کۆمۆنیستەکان، لەسەر خاڵە هاوبەشەکانی دژ بە دیکتاتۆری ئیسلامی و ئیمپریالیزم و سیستەمی نێولیبراڵی پێداگری بکەن. بەڵام ئاشکرایە کە ئەم هەڵوێستە دژە چەپ و پێشکەوتنخوازانە، زیاتر لەوەی کەڵکەڵەی خەڵکی کوردستان بێت، ھەوڵێکن بۆ شاردنەوەی بێتواناییەکان لە ئاست خستنەڕووی ئاڵترناتیڤێکی شۆڕشگێڕانە و دادپەروەرانە.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە

ڕووداوە گرنگەکان

پەیام نێت

گەلەری

هاوڕێمان بن! ​

پەیوەندی

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net