
Screenshot
هەشتی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژنان، بیرهێنەرەوەی زیاتر لە سەدەیەک خەباتی ژنانە بۆ ئازادی و یەکسانی. مێژووی خەباتی ژنان لە ئێرانیش بەشێکە لەم مێژووە جیهانییە، مێژوویەک کە لە کۆتایییەکانی سەردەمی قاجارەوە دەستی پێکرد و تا ئەمڕۆ بەردەوامە. لە ماوەی ئەم زیاتر لە سەد ساڵەدا، ژنانی ئێران چەندین جار بۆ مافی خوێندن، بەشداریی کۆمەڵایەتی، یەکسانیی یاسایی و ڕزگاربوون لە هەڵاواردن هاتوونەتە مەیدان و هەر جارێکیش لەلایەن پێکهاتە سیاسی، ئایینی و کۆمەڵایەتییەکانەوە ڕووبەڕووی ئاستەنگی قورس بوونەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم خەباتە هەرگیز نەوەستاوە.
پرسی مافەکانی ژنان لە ئێران بۆ یەکەمجار لە کۆتایییەکانی سەردەمی قاجار بە شێوەیەکی جددی هاتە ئاراوە. لەم سەردەمەدا، هاتنی بیر و ئەندێشە نوێیەکان و هەروەها بوونی ئەو بانگخوازە ئایینییە مەسیحیانەی کە قوتابخانەی نوێیان دامەزراند، پرسی خوێندنی گشتیی کردە بابەتێکی گرنگ لە کۆمەڵگادا. بەڵام خوێندنی ژنان لەگەڵ دژایەتیی توندی پیاوانی ئایینی ڕووبەڕوو بووەوە. هەندێک لە کەسایەتییە ئایینییەکان، لەوانە “شێخ فەزڵوڵڵا نووری“، بە دەرکردنی فەتوا، تەنانەت خوێندنی ژنانیان بە پێچەوانەی شەریعەت ڕاگەیاند. سەرەڕای ئەم دژایەتییانە، ژنانی پێشەنگ لەپێناو کردنەوەی ڕێگەی خوێندن و وشیاری هەوڵیان دا.
یەکێک لەو ژنانە بریتی بوو لە “بیبی خانم ئەستەرئابادی، یەکێک لەو ژنە خوێندەوارانەی کە پێش شۆڕشی مەشرووتە، لە ماڵەکەی خۆیدا لە تاران یەکەمین قوتابخانەی کچانی بە ناوی «مدرسەی دوشیزگان» دامەزراند. چالاکییەکانی ئەو لەگەڵ دژایەتیی توندی پیاوانی ئایینی ڕووبەڕوو بووەوە و لە کۆتاییدا ناچار کرا قوتابخانەکە دابخات. ئەستەرئابادی لە نووسینەکانیدا ڕەخنەی لە کولتووری پیاوسالاری گرت و باسی لە بابەتگەلێکی وەک: سەپاندنی جۆری پۆشاک بەسەر ژناندا، بێبەشکردنیان لە خوێندن، گوشارە کۆمەڵایەتییەکان و هەژاریی بەربڵاو کرد. لە هەمان سەردەمدا، ژنان لە نامەیەکدا بۆ پاڕلمان، بە بەراوردکردنی دۆخی ئێران لەگەڵ ئورووپا، دواکەوتوویی کۆمەڵگایان گەڕاندەوە بۆ دۆخی ژنان. لە تەورێزیش ژنێک بە ناوی “زەینەب پاشا” ژنانی دژی گەندەڵیی حکوومی و ئیمتیازە داگیرکارییەکان کۆکردەوە.
لە کاتی شۆڕشی مەشرووتەدا، ژنان ڕۆڵێکی چالاکیان گێڕا. یەکێک لە گرنگترین ڕێکخراوەکانی ئەو سەردەمە بریتی بوو لە “یەکێتیی نھێنیی ژنان“. ئەم ڕێکخراوە نەک تەنیا لە چالاکییە سیاسییەکاندا بەشدار بوو، بەڵکوو خوازیاری چاکسازیی جددی بوو لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا. ئەندامانی ئەم یەکێتییە لە نامەیەکدا بۆ پاڕلمان تەنانەت پێشنیاریان کرد ئەگەر نوێنەران ناتوانن ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن، با بۆ ماوەیەک بەڕێوەبردنی کاروباری وڵات بدرێتە دەست ژنان. هەروەها تۆڕێکیان لە ژنان لە شارە جیاوازەکاندا دروست کرد و لە کاتی گەمارۆدانی تەورێز لەلایەن هێزە دەوڵەتییەکانەوە، هەندێک لە ژنان تەنانەت بە جلی پیاوانەوە بەشدارییان لە شەڕەکاندا کرد. ژنان هەروەها زێڕ و خشڵەکانی خۆیان بەخشی بۆ دامەزراندنی بانکی نەتەوەیی و ڕێگری لە پاشکۆیەتیی ئابووریی وڵات.
دوای پێکهێنانی ئەنجومەنی دووەم لە ساڵی ١٩٠٦، ڕێکخراوەکانی ژنان لە تاران و شارەکانی دیکە گەشەیان کرد. لە یەکێک لە ڕووداوە بەناوبانگەکانی ئەو سەردەمەدا، نزیکەی سێسەد ژنی چەکدار چوونە ناو پاڕلمان و داوایان لە نوێنەران کرد بەرگری لە سەربەخۆیی وڵات بکەن. سەرەڕای ئەم حزوورە چالاکە، یاسای بنەڕەتیی مەشرووتە هیچ مافێکی بۆ ژنان لەبەرچاو نەگرت و ئەوان هەروا لە بێ مافیی سیاسیدا مانەوە. لە ساڵەکانی دواتردا، ڕێکخراوە جیاوازەکانی ژنان پێکهاتن. “انجمن آزادی زنان” لە زومرەی ئەو یەکەمین ڕێکخراوانە بوو کە بە ڕاشکاوی داوای مافە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ژنانی دەکرد. “لێژنەی زنان اصفهان” بە ڕێبەرایەتی “سدیقە دەوڵەتئابادی” ڕۆژنامەیەکی بە ناوی «زمانی ژنان» بڵاو دەکردەوە و باسی لە دیموکراسی و سۆسیالیزم دەکرد. هەروەها ڕێکخراوی “پەیکی سعادتی نسوان” لە ڕەشت کاری دەکرد بۆ فێرکردن و بارهێنانی ژنان، دروستکردنی قوتابخانەی کچان و برەودان بە یەکسانیی کۆمەڵایەتی.
شۆڕشی ئۆکتۆبەری ڕووسیا لە ساڵی ١٩١٧ کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی ئێران لەوانە بزووتنەوەی ژنان هەبوو. لە ساڵی ١٩٢١دا ژنان لە بەندەر ئەنزەلی بۆ یەکەمجار یادی ڕۆژی جیهانیی ژنانیان کردەوە. لە هەمان سەردەمدا، “کۆمەڵەی شۆڕشگێڕانەی ژنان” لە شیراز بۆ ئازادی و یەکسانیی ژنان و دژی حیجابی زۆرەملێ چالاکیی دەکرد، هەرچەندە حکوومەت زۆر زوو قەدەغەی کرد.
لە سەردەمی پەهلەویدا، بەهۆی گەشەی ئابووریی سەرمایەداری و پێویستی بە هێزی کاری هەرزان، هەندێک چاکسازیی یاسایی لە بەرژەوەندیی ژنان ئەنجام دران. لە ساڵی ١٩٦٢ مافی دەنگدان بە ژنان درا و تەمەنی یاسایی هاوسەرگیری بەرز کرایەوە. هەروەها یاسای خێزان چاکسازی تێدا کرا. چوونە ناو بازاڕی کاری ژنان تا ڕادەیەک پێگەی کۆمەڵایەتیی ئەوانی گۆڕی، بەڵام سەرەڕای ئەم پێشکەوتنانە، لە ناوەڕاستی دەیەی ١٣٥٠ واتە دەیەی حەفتای زایینی، ژنان تەنیا نزیکەی ١٣٪ی هێزی کاریان پێکدەهێنا.
بە سەرکەوتنی شۆڕشی ١٣٥٧، ڕەوتی گۆڕانکارییەکان وەستا و کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتاوە سیاسەتێکی توندی دژی ژنان گرتەبەر. تەنیا دوو هەفتە دوای جێگیربوونی حکوومەتی نوێ، پرسی حیجابی زۆرەملێ هاتە ئاراوە و ژنان لە ناڕەزایەتی دژ بەو بابەتە ڕژانە سەر شەقامەکان. ئەم ناڕەزایەتییانە یەکەمین حەرەکەتی ناڕەزایەتی بوو دژی حکوومەتی تازە بەدەسەڵات گەیشتوو، بەڵام زۆرێک لە هێزە سیاسییەکانی ئەو کاتە لە گرنگییەکەی تێنەگەیشتن. حکوومەتی نوێ هەوڵی دا ژنان دووبارە بگێڕێتەوە بۆ ڕۆڵە نەریتییەکەیان واتە “دایکێتی و کاروباری ناوماڵ“. زۆرێک لە ژنانی فەرمانبەر لە کارەکانیان دەرکران و ڕێژەی کارکردنی ژنان بە ڕادەیەکی بەرچاو دابەزی. تەمەنی یاسایی هاوسەرگیری بۆ کچان کەم کرایەوە. سیاسەتەکانی هاندان بۆ پەرەسەندنی دانیشتووان جێگەی سیاسەتەکانی کۆنترۆڵکردنی لەدایکبوونیان گرتەوە. یاسا نوێیەکان نەک تەنیا مافەکانی ژنانیان سنووردار کرد، بەڵکوو هەڵاواردنی بەربڵاویان لە بوارە جیاجیاکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و یاساییدا دروست کرد.
بەڵام ژنانی ئێران هەرگیز لە بەرامبەر ئەم گوشارانەدا تەسلیم نەبوون. لە دەیەکانی یەکەمی دوای شۆڕشدا، گرووپ و ڕێکخراوە جیاوازەکان لەلایەن ژنانەوە پێکهاتن. لەوانە کۆمەڵەی ژنانی خەباتکار، ئەنجومەنی ڕزگاریخوازی ژنان، یەکێتی ژنانی خەباتکار و ڕێکخراوەکانی دیکە. زۆرێک لەو ڕێکخراوانە لە بزووتنەوە سیاسییەکانی ئەو سەردەمە نزیک بوون و هەوڵیان دەدا دەنگی ژنان لە ناو کۆمەلگادا بەرز بکەنەوە.
لە دەیەکانی دواتردا و بەتایبەت دوای کۆتایی هاتنی شەڕی ئێران و عێراق، پرسی مافەکانی ژنان جارێکی دیکە لە ئاستی کۆمەڵگادا هاتەوە بەر باس. هەندێک لە بزووتنەوەکان بە پێشنیارکردنی چەمک گەلێکی وەک “فێمینیزمی ئیسلامی” هەوڵیان دا چاکسازییەکی سنووردار لە چوارچێوەی ئەو یاسایانەی ئێستادا بخەنە بواری جێبەجێکردنەوە. جگە لەوەش بزووتنەوە سیکۆلارەکان و هەروەها گرووپ گەلێکی بچووکی فێمینیستە چەپەکانیش لە بوارە جیاجیاکاندا دەستانکرد بە چالاکی.
هەروەها کەمپەینەکانی وەک “یەک ملیۆن واژۆ بۆ گۆڕینی یاسا جیاکارییەکان“یش هەر لەم سەردەمەدا دروست بوون.
واقعییەت ئەوەیە کە سەرەڕای هەموو ئەمانەش هەڵاواردن دژی ژنان لە ئێران هەتا ئێستاش پێکهاتەیی و قووڵە. ژنان لە زۆر بواردا خاوەنی مافی یەکسان نین. ئەزموونی زیاتر لە سەدەیەک خەبات نیشانی داوە کە ڕزگاریی ڕاستەقینەی ژنان تەنیا بە چاکسازیی سنووردار لە یاساکاندا بەدەست نایەت. پرسی ژنان بەستراوەتەوە بە پێکهاتە قووڵە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگاوە. مێژووی خەباتی ژنان لە ئێران نیشانی دەدات کە هەر کاتێک ژنان لە پاڵ بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەدا، بەتایبەت بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە ئازادیخوازەکاندا وەستان، دەرفەتی پێشڕەویی زیاتریان بۆ ڕەخساوە.
ئەمڕۆ لە ڕۆژی جیهانیی ژناندا، وەبیرهێنانەوەی ئەم مێژووە دوور و درێژە گرنگییەکی تایبەتی هەیە. ئەو ژنانەی لە درێژەی سەدەی ڕابردوودا بۆ خوێندن، ئازادی، یەکسانی و کەرامەتی مرۆڤ خەباتیان کردووە، ڕێگەیەکی سەخت بەڵام ئیلهامبەخشیان کردووەتەوە. بەردەوامیی ئەم ڕێگەیە پێویستی بە هاوپشتیی بەربڵاوی کۆمەڵایەتی و بەستنەوەی خەباتی ژنان بە خەباتی گشتی بۆ ئازادی و دادپەروەری هەیە. بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» کە سەرەنجام هەڵوەشاندنەوەی یاسای حیجابی زۆرەملێی بەسەر حکوومەتدا سەپاند و دەروازەیەکی نوێی بەرەو ئازادیی ژنان لە کۆت و زنجیری ستەمی ئایینی و پیاوسالاری کردەوە، لە درێژەی هەمان ئەو ڕێبازەدایە کە سەد ساڵ لەمەوبەر “بیبی خانم ئەستەرئابادی” دەستی پێکردبوو.