کامێران؛ ڕەشاد پەرویزی ئەندامی نۆژین دەستبەسەرکرا
11:15 – 19 February 2024
هەنگاو؛ دووشەممە ٣٠ی بەفرانباری ٢٧٢٣
ڕەشاد پەرویزی ئەندامی ڕێکخراوی فەرهەنگی _ کۆمەڵایەتی نۆژین لە شاری کامێران، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە و چارەنووسی نادیارە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٢٨ی بەفرانباری ٢٧٢٣) ١٧ی فێبریوەری ٢٠٢٤ (، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لەشاری کامێران، ئەندامێکی ڕێکخراوی فەرهەنگی کۆمەڵایەتیی نۆژین لقی ئەو شارەیان بە ناوی ڕەشاد پەرویزی دەستبەسەر کردووە..
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕەشاد پەرویزی بە بێ پیشاندانی هەر جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری دەستبەسەرکراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگیران و هەروەها ئەو تۆمەتانەی کە خراونەتەپاڵ ئەم چالاکە کوردە لەبەردەستدا نییە.