کانە خەڵوزەکانی ئێران، قەتڵگاکانی کار و کەڵەکەبوونی قازانج

ئێران یەکێکە لە وڵاتە مەترسیدارەکانی جیهان بۆ کرێکاران. بەپێی دوایین ئاماری فەرمی، تەنیا ساڵی ڕابردوو هەزار و ٩٠٠ کرێکار لە ڕووداوەکانی شوێنی کاردا گیانیان لەدەستداوە، ئامارێکی کە تەنانەت بە پێوەرە ئامارییە ناڕاست و سانسۆرکراوەکانی کۆماری ئیسلامیش قەبارەی کارەساتەکە ئاشکرا دەکات. ئەم ئامارانە وێنەیەکی ڕوونی واقیعێک نیشان دەدەن، ئەویش ئەوەیە کە لەم سیستەمەدا گیانی کرێکار هیچ بەهایەکی نییە، ئەوەی کە پیرۆزە بریتییە لە قازانج و کەڵەکەکردنی سەرمایە. لە نێو سەرجەم کەرتەکانی کاردا، کانەکان و بەتایبەتی کانە خەڵوزەکان، بە مانای ڕاستەقینەی وشە بوونەتە قەتڵگای کرێکاران. لە قووڵایی زەویدا، دوور لە چاوی کۆمەڵگا، ئەو کرێکارانەی کە مانگانە بە حەقدەستی پێنج هێندە لە خوار هێڵی هەژارییەوە کار دەکەن، هەموو ڕۆژێک لەگەڵ مەرگدا دەست و پەنجە نەرم دەکەن، بەبێ هیچ گەرەنتییەکی ئەمنییەتی، لەژێر هەژموونی خاوەنکار و دەوڵەتێکی کە ژیانیان بە هەزینەیەکی کەم بۆ بەردەوامبوونی قازانج دەزانێت.

ڕووداوەکانی شوێنی کار لە ئێران ئاکامی ڕووداو گەلێکی بەڕێکەوت نیین، بەڵکوو دەرئەنجامی سیستەمێکن کە هێزێکی کاری دەوێت تا ڕادەی مردن هەرزان بێت. تۆڕێک لەو بەڵێندەر و خاوەنکار و دامەزراوە دەوڵەتیانەی کە لەسەر بنەمای گرێبەستی هەرزان، لانیکەمی تێچوو بۆ دابینکردنی ئەمنییەت و بەدەستهێنانی زۆرترین دەرهێنان و قازانج ڕێکدەخەن. سیستەمێکی پشکنین و چاوەدێری کار کە لەبری سەرپەرشتی جێبەجێکردنی بنەماکانی ئەمنییەت، بە کردەوە بووەتە باسکی پاساوکاری خاوەنکار و لایەنگری سەرمایە. لە ئاوا پێکهاتەیەکدا، کەمتەرخەمی و گرنگی نەدانی حکوومەت، وەزارەتی کار، دامەزراوە چاوەدێرییەکان و خاوەنکاران بە گیانی کرێکاران بۆتە یاسایەکی ئاسایی و نەنووسراو. ئاماری ڕووداوە کارەساتبارەکانی کانەکانی خەڵوز لە ئێران، تەنیا لە چەند ساڵی ڕابردوودا، قووڵایی کارەساتەکە بە ڕوونی دەردەخات: لە یەکەمی مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵەوە تا نزیکەی مانگێک لەمەوبەر، تەنیا لە کانەکانی خەڵوزی دامغان، کرمان و تەبەس پێنج ڕووداو ڕوویانداوە و بەهۆیەوە ١١ کرێکار گیانیان لەدەست داوە، لە کاتێکدا هۆکاری سەرەکی هەموو ئەم ڕووداوانە بریتی بووە لە نائەمنی شوێنی کار و ڕەچاونەکردنی بنەماکانی ئەمنییەتی.

مانگی گوڵانی ١٣٩٦، بەهۆی تەقینەوەیەک لە کانگای زستان یۆرت لە پارێزگای گۆڵستان، ٤٢ کرێکار لە ژێر داروپەردوودا گیانیان لەدەستدا. ١٦ی خەرمانانی ١٣٩٩، بەهۆی داڕمانی تونێلی ژمارە ٢ی کانگای خەڵوزی هەجدەک (نزیک کرمان)، ٤ کرێکار گیانیان لەدەست دا. گوڵانی ١٤٠٠، لە کانگای خەڵوزی ئەلبورزی ڕۆژهەڵات (تەرزەی دامغان)، ٢ کرێکار بوونە قوربانی ڕەچاونەکردنی ستانداردەکانی ئەمنییەتی کار. ٢٢ی خەرمانانی ١٤٠٠، بە هۆی ڕووخانی کانگای خەڵوزی هەجدەک لە پارێزگای کرمان، ٣٥ کرێکار گیانیان لە دەست داخەرمانانی ١٤٠٢، بەهۆی تەقینەوەیەک لە کانگای تەزرە ٦ کرێکاری دیکە گیانیان لەدەستدا١٣ی جۆزەردانی ساڵی ١٤٠٣، داڕمانی کانگای خەڵوزی ئابنێل لە گوندی بیبی حەیات لە (کرمان)، کرێکارێک گیانی لەدەست دا و پێنج کرێکاریش بریندار بوون٢٧ی جۆزەردانی ١٤٠٣، بەهۆی داڕمانی کانگای لم و ماسە، ٤ کرێکار کەوتنە ژێر بارستاییەک لە خاک و بەرد، لە کاتێکدا تەرمی یەکێک لە قوربانییەکان هێشتاش لە ژێر داروپەردوودایە.

ئەمانه تەنیا ئەو نموونانەن که له هەواڵەکان یان لە میدیاکاندا بڵاوکراوەتەوە. لە زۆرێک لە کانە بچووکەکانی هەڵکەوتوو لە ناوچە دوورەکان، هەرگیز ڕووداوەکان تۆمار ناکرێن یان زۆر بە کورتی تەنیا لە میدیا خۆجێییەکاندا دەمێننەوەخاڵی هاوبەشی هەموو ئەم حاڵەتانەدا ئەوەیە کە دەتوانرێت بەر بە ڕوودانیان بگرێت، بە مەرجێک ستانداردەکانی ئەمنییەتی و چاودێرییەکی سەربەخۆی ڕاستەقینە تێیاندا ڕەچاو بکرێت. زۆربەی هەرەزۆری ئەو کرێکارانەی کە لەم تونێلانەدا گیانیان لەدەست دەدەن و لە قوڵایی ژێر زەوی و لەژێر داروپەردوودا نوقم دەبن، بە گرێبەستی کاتی، سپی ئیمزا یان گرێبەست کار دەکەن، حەقدەستی مانگانەیان کەمتر لە ٢٠٠ دۆلارە، لە بیمەی تەواو، بیمەی بێکاری، چاودێری پزیشکی کاریگەر و ئەمنییەتی پیشەیی بێبەشن. لەبەرامبەردا خاوەن کانەکان و بەڵێندەران و تاقمێک لە دەڵاڵ و ناوەندکاران، لەسەر بنەمای ئەم هێزە کارە هەرزان و بێ دیفاعە، قازانجێکی زۆر بەدەست دەهێنن. دەوڵەت و دەسەڵاتیش بە وەرگرتنی حەقی وەبەرهێنان و باج و کرێ و ئیمتیازاتی تر هاوبەشی ڕاستەوخۆی ئەم چەوساندنەوەن.

لە ئاوا پەیوەندییەکدا مەرگی کرێکار بە بەشێک لە تێچووی بەرهەمهێنان دادەنرێت، تێچوویەکی کە هەمیشە دەتوانرێت بە چەند پەیامێکی کورتی سەرەخۆشی و پێکهێنانی لیژنەیەکی ڕواڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بەسەریدا تێپەڕ بیت. لە وەها بارودۆخێکدا تەنیا یەک فاکتۆر دەتوانێت بەر بە ڕەوتی ئەم تاوانە بگرێت یان لانیکەم خاوتری بکاتەوە، ئەویش بریتییە لە ڕێکخستنی چینایەتی کرێکاران. کرێکارانی کانەکان، وەک بەشەکانی تری چینی کرێکار، ئەگەر بە پەرشوبڵاوی و ناڕێکخراو بمێننەوە، بە کردەوە لە بەرامبەر سەرمایەداران و دەوڵەتدا بێ دیفاع دەبن. هەر ناڕەزایەتییەکی تاکەکەسی بە خێرایی سەرکوت دەکرێت، دەر دەکرێت، یان لەناو دەبرێت. لەبەرامبەردا لەو شوێنانەی کە کرێکاران توانیویانە خاوەن ڕێکخستنێکی تەنانەت زۆر سەرەتاییش بن، لانیکەم خاوەنکار ناتوانێت هەر وا بە ئاسانی بنەماکانی ئەمنییەتی شوێنی کار پشتگوێ بخات، چاوەدێرانی کار ناتوانن ڕاپۆرتەکان بەتەواوی بشارنەوە، ڕووداوەکان و پێشێلکردنی ستانداردەکان زۆر خێراتر و بەربڵاوتر لە میدیاکانەوە بڵاودەکرێنەوە و بنەماڵەی کرێکارانی گیانبەختکردوو بە تەنیا ناهێڵرێنەوە. لە هەلومەرجی ئێستای ئێراندا، ڕێکخراوبوونی کرێکاران لە ڕێکخراوە چینایەتییە سەربەخۆکانی خۆیان، لەوانە شۆڕاکان، سەندیکاکان، کۆمیتەکانی ئەمنییەتی، ئەنجومەنەکانی کرێکاری و هاوپشتی، تاکە ڕێگەیە بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ دەستدرێژیی جینایەتکارانەی سەرمایەداران و دەوڵەت. وەڵامی ڕاستەقینە بەم دۆخە، نە لە فرمێسکی درۆینەی دەسەڵاتداران و نە لە ڕاپۆرتە ئەرشیفکراوەکانی لێکۆڵەرانی کاردا، بەڵکوو لە دەسەڵاتی ڕێکخراوەی خودی کرێکاران و پێوەندی و هاوخەباتییان لە پێناو دابینکردنی ئەمنییەتی کار، حەقدەستی گونجاو و ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی لە پەیوەندییە چەوسێنەرەکاندایە. تا ئەو ڕۆژە داڕمانی هەر کانێک، هەر تەقینەوەیەک و هەر کرێکارێک کە لە ژێر داروپەردوودا گیان لەدەست دەدات، تۆمەتێکە لەدژی سەرتاپای ئەو سیستەمە و سەرجەم بەرگریکار و هاوبەشەکانی.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە

ڕووداوە گرنگەکان

پەیام نێت

گەلەری

هاوڕێمان بن! ​

پەیوەندی

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net