بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی ئیسنا، عەلی فەدەوی جێگری فەرماندەی سپای پاسداران، ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی خهزهڵوهر لە زانکۆی سەنعەتی شەریف، بە بۆنەی ساڵیادی داگیرکردنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە لایەن خوێندکارە کۆنەپەرستەکانی پەیڕەوی خەتی ئیمامەوە، وتارێکی پێشکەش کرد. سەرجەم قسەکانی ئەو سپاییە وەک هەمیشە بریتی بوو لە شێواندن و چەواشەکردنی ڕاستییەکان. ناوبراو لە بەشێکی قسەکانیدا ئیدیعای ئەوەی کرد کە داگیرکردنی باڵوێزخانەکە هەنگاوێکی سەرکەوتووانە بوو و ئەمریکا نەیتوانیوە ڕاستەوخۆ لەبەرامبەریدا هیچ کاردانەوەیەکی هەبێت، هەربۆیە بەوتەی ناوبراو لە ڕێگەی گرووپە چەکدارەکانی، لە کوردستانەوە هێرشەکانی لە دژی کۆماری ئیسلامی دەستپێکردووە. ناوبراو زۆر ناشارەزایانە دەستپێکی ئەم هێرشە ساختەیەی ئەمریکای لە ڕێگەی کوردستانەوە بۆ سەر کۆماری ئیسلامی، گەڕاندەوە بۆ بەرواری ٢٤ی ڕێبەندانی ١٣٥٨. بەڵام مێژووی ڕاستەقینەی ڕووداوەکانی کوردستان لە دوای ڕووخانی ڕژێمی شا، ئەوەندە ڕوون و بەڵگەمەندن کە هیچ بوارێک بۆ وڕێنە و چەواشەکاریی کەسانی هاوشێوەی ئەم سوپاییە کۆنەپەرستە ناهێڵێتەوە.
مێژووی ڕاستەقینە پێمان دەڵێت کە: نەک هەر لە کوردستانەوە هێرش نەکرایە سەر ڕژیمی تازە بەدەسەڵات گەیشتوو، بەڵکوو بە پێچەوانەوە ئەوە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بوو، کە لە ڕێگەی دارودەستە و تاقمە بەکرێگراوە خۆجێییەکانی و بە هاوکاری دوایین پاشماوەکانی ڕژێمی شا لە پادگانی سنە و مەهابادەوە، دەستیاندایە کوشتاری بەکۆمەڵی ئەو خەڵکەی کە لەسەر گەیشتن بە ئامانجی دروشمەکانی سەردەمی شۆڕشی دژە پاشایەتی، کە بریتی بوون لە ئازادی و ئەمنییەت و ژیانێکی باشتر، داکۆکیان دەکرد. کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، لەسەر بەستێنی بارودۆخێکی کە لە ئاکامی شۆڕشی ١٣٥٧دا پێکهاتبوو، سەرقاڵی ڕێکخستنی ئۆرگانە خۆجێیەکانی خۆیان بوون بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی خۆیان و بەدیهێنانی ویست و داواکارییەکانیان، کاتێک لەگەڵ هێرشی دڕندانەی ڕژێمی تازە بەدەسەڵات گەیشتوو، بەرەوڕوو بوونەوە. لە بەرامبەر ئاوا هێرشێکدا بوو کە خەڵکی کوردستان بە مەبەستی بەرگریکردن لە دەستکەوتەکانیان و دیفاع لە ڕێز و کەرامەتی خۆیان و هەروەها دیفاع لە بوونی خۆیان، دەستان بۆ چەک برد. مەگەر کەس هەیە نەورۆزی خوێناوی سنە و جینایەتەکانی پادگانی ئەم شارەیان کە کۆماری ئیسلامی لە ڕژێمی شاوە بە میرات پێیگەیشتبوو، لەبیر کردبێ؟ مەگەر کەس هەیە ئێعدامە بەکۆمەڵەکانی خەڵخاڵی جەلادی لە شارەکانی کوردستان لەبیر کردبێت، تاوانی ئەو گیانانە چی بوو کە لەلایەن خەڵخاڵیەوە و بە فەرمانی ڕاستەوخۆی خومەینی، ئەستێندران، جگە لەوەی کە، شانبەشانی جەماوەری خەباتکار لە سەرتاسەری ئێران، دەستیاندابووە چەککردنی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕژێمی شا، جگە لەوەی کە دەستیانکردبوو بە ڕێکخستن و بنیاتنانی دامەزراوەکانی دەسەڵاتی جەماوەریی لەخوارەوە. جگە لەوەی کە خەڵکیان لە شۆڕای گەڕەکەکان، شۆڕای کرێکاران و ژنان و جوتیارانی هەژار و کرێکارانی گوندەکاندا ڕێکدەخست. جگە لەوەی کە کەشێکی دێموکراتیکی ئەوتۆیان لە کوردستاندا خوڵقاندبوو کە گەنج و لاوەکان پۆل پۆل لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئێرانەوە دەهاتن بۆ ئەم ناوچەیە بۆ ئەوەی لە ئەزموونی خەباتگێڕانەی خەڵکی کوردستان وانە وەربگرن و هەناسەیەک بە ئازادی بکێشن. ڕژیمی تازە بەدەسەڵات گەیشتوو، ڕێک ئەو کەش و هەوایەی بۆ تەحەمول نەدەکرا و ترسی ئەوەی هەبوو کە ببێتە مۆدێلێک بۆ بەشەکانی دیکەی ئێرانیش.
ئەوە کۆماری ئیسلامی بوو کە هەر لە سبەی ڕۆژی دوای ڕووخانی ڕژێمی شاوە، بە هاوکاری ڕێکخراوەکانی وەک “مەکتەبی قورئان” و دامەزراندنی شۆڕاکانی عەشایەر و چەکدارکردنیان، لە هەوڵی ئامادەکاریدا بوو بۆ بەرەوڕووبوونەوەی چەکدارانە لەگەڵ جەماوەری ڕزگاربوو لە دەست ستەم و سەرەڕۆیی پاشایەتی. لەو ڕۆژانەدا، بە پێچەوانەی ئیدیعای فەدەویی پاسدار، ئەوە ئیمپریالیزمی ئەمریکا بوو کە لە درێژەی کۆنفرانسی گوادلۆپ و لە سازشێکی نهێنیدا لەگەڵ بەرپرسانی ڕەوتی ئیسلامی و بە ڕاوێژ لەگەڵ ژنڕاڵ هایزەر، نێردەی تایبەتی جیمی کارتێر، سەرۆککۆماری ئەوکاتی ئەمریکا، بەپەلە ئەرتەشی دژە خەڵکی شاهەنشاهی، ساواک، پۆلیس و دام و دەزگاکانی بیرۆکراسی، ڕادەستی کۆماری ئیسلامی کرد بۆ ئەوەی هێزە شۆڕشگێڕەکان و نەیارانی حکوومەتی نوێ سەرکوت بکەن. ڕژیمی نوێ، بەر لە هێرش بۆ سەر کوردستان بە فەتوای خومەینی، هێرشی بۆسەر ژنان، خوێندکاران و خەڵکی مافخواز لە خوزستان و تورکمان سەحرا و کرێکاران لە ئیسفەهان و بەندەر ئەنزەلی، دەستپێکردبوو. هیچ کەس ئەو فەرمانی جیهادی خومەینی لە دژی خەڵکی کوردستان لەبیر نەکردووە، کە نیوەڕۆی ٢٨ی خەرمانانی ١٣٥٨ لە ڕادیۆی تارانەوە بڵاو کرایەوە. فەتوایەک کە تیایدا بە مەبەستی هاندانی لایەنگرەکانی، بە ئەنقەست و بە درۆ وتبووی کە کۆمۆنیستەکان لە کوردستان ژنانی موسڵمانیان بەدیل گرتووە و بردوویانن بۆ مزگەوتی جامعە و ئاگریان لە خەرمان و دەغڵ و دانی جووتیارانی ناوچەکە بەرداوە و زۆر درۆ و چەواشەکاری تری لەم چەشنە.
خەڵکی شۆڕشگێڕی کوردستان لە بەرامبەر پڕوپاگەندە و فەتوایەکی ئاوادا بوو کە چەکیان هەڵگرت و لە ماوەی کەمتر لە سێ مانگدا هێزە داگیرکەرەکانیان ناچار بە قبووڵکردنی ئاگربەست کرد. دوای ئەوەش بە پێکهێنانی هەیئەتی نوێنەرایەتی خەڵکی کورد، نەک ڕێگای درێژەدان بە شەڕ، بەڵکوو ڕێگەی دانوستان و گفتوگۆیان گرتەبەر. لەو وتووێژانەدا نوێنەرانی خەڵکی کوردستان خوازیاری مافە سەرەتایی و دێموکراتیکەکانی خۆیان بوون، لە ڕوانگەی کۆمەڵەوە وەک یەکێک لەلایەنەکانی هەیئەتی نوێنەرایەتی خەڵکی کورد، دەبوو دابینکردنی ئەو مافانە یەکێک بوايە لە دەرەنجامە سەرەتایی و خێراکانی دوای ڕووخانی ڕژێمی شا. بەڵام ئامانجی کۆماری ئیسلامی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە و ئاشتیانە نەبوو، بەڵکوو دانوستانەکانی بەکارهێنا بۆ سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی هێزەکانی و خۆئامادەکردن بۆ هێرشێکی نوێ و هەروەها دوبەرەکی دروستکردن لە نێوان هێز و لایەنەکانی کوردستان و بۆ جاری دووەم لە چەند مێحوەرێکەوە هێرشی بۆسەر کوردستان دەستپێکردەوە. پێشتریش لە کاتی خەبات و تێکۆشان بەمەبەستی دەرکردنی پاسداران لە شارەکانی سنە و مەریوان، خەڵک و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان ڕێگای خەباتی مەدەنی و دانوستانی ئاشتیانەیان گرتبووە بەر. بۆ نموونە دەکرێ ئاماژە بە مانگرتن لە خواردنی خەڵکی سنە لەناو مزگەوتی جامعەی شار و کۆچی مێژوویی خەڵکی مەریوان بکەین کە بەشێکن لە لاپەڕە درەوشاوەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان. ناتوانرێ مێژوو بە وتەی پاسدارێکی دواکەوتوو پێچەوانەوە نیشان بدرێت. ئەوە ئەمریکا نەبوو کە لە کوردستانەوە هێرشی کردە سەر کۆماری ئیسلامی، بەڵکوو ئەوە کۆماری ئیسلامی بوو کە هێرشی کردە سەر کۆمەڵانی خەڵکی مافخواز و ئاشتیخوازی کوردستان.
ئەوەی بە کورتی ئاماژەی پێکرا، دەریدەخات کە چۆن سپاییەکی نەخوێندەوار و جینایەتکاری وەک فەدەوی، مێژوو چەواشە دەکات بۆ ئەوەی جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستانی پێ پاساو بکات. کوردستانی شۆڕشگێر لە ماوەی ٤٥ ساڵ خۆڕاگرییدا، هەرگیز لەگەڵ سیاسەت و بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتی ئەمریکا لە ئێران و لە کوردستاندا هاوتەریب نەبووە. ئەمرۆ کوردستانی شۆڕشگێڕ چاوگەی ئاخێزی ڕزگاریبەخشی “ژن، ژیان، ئازادی“یە. ئاخێزێکی کە هاوکات لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکی هاوچارەنووس لە سەرانسەری ئێران، وێڕای ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی، بەرەو گەیشتن بە ئامانجە بەدینەهاتوو و پێشێلکراوەکانی شۆڕشی ١٣٥٧، هەنگاو دەنێت.