
ئەمڕۆ پێنجشەممە، خولی سێیەمی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە ژنێف بەڕێوەدەچێت، دانوستانێک کە جارێکی دیکە هەردوو لایەنی لە بەرامبەر یەکتردا دانانەوە. بەڵام ئەمجارە کەشەکە جیاوازە. ئەم خولە دەکرێت بە هەستیارترین و ڕەنگە چارەنووسسازترین ساتەوەختێک دابنرێت کە دیپلۆماسیی هەردوو وڵات لە ساڵانی ڕابردوودا بەخۆیانەوە بینیبێت. لە پشت مێزەکانی دانوستان لە ژنێف، سێبەری قورسی شەڕ زاڵە و هەر وشەیەک لەو ژوورانەدا ئاڵوگۆڕ بکرێت، وەک بابەتێکی چارەنووسساز دەردەکەوێت.
ئەوەی ئەم دانوستانانە لە خولەکانی پێشوو جیادەکاتەوە، ئەو کەشە سەربازییە ئاشکرایەیە کە بەسەر ناوچەکەدا زاڵ بووە. بە وتەی چاودێران، ئارایشی جەنگیی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خەریکە تەواو دەبێت. کەشتییە دەریاییەکان، هێزە ئاسمانییەکان و پشتیوانییە لۆجستییەکان لە شوێنگەلێکدا جێگیر کراون کە پەیامی خۆیان زۆر بەڕوونی دەگەیەنن. لە کەشێکی ئاوادا، ئەمڕۆ پێنجشەممە تەنیا کۆبوونەوەیەکی دیپلۆماسی نییە، بەڵکوو وادیارە دوا پەنجەرەی کراوەی دیپلۆماسییە و سنوورێکی باریک لە نێوان ڕێککەوتن و دەسپێکی پێکدادانێکی سەربازیدا ماوەتەوە.
ترامپ لە دوایین وتاری ساڵانەی خۆیدا لە کۆنگرێس، هیچ پەیامێکی ڕوونی بە ڕای گشتی نەدا. ئەو هەردوو بژاردەی شەڕ و دیپلۆماسیی بە کراوەیی هێشتەوە. ئاراستەیەکی کە بۆ سیاسییەکانی ئەمریکا ئاشنایە، بەڵام بۆ ئەو کەسانەی لێکەوتەکانی شەڕ و ڕێککەوتن بەرۆکیان دەگرێت، چاوەڕوانییەکی ترسناک و گوشارێکی دەروونیی چەندبەرابەر دروست دەکات. تا ئەو شوێنەی پەیوەندی بە دیپلۆماسیی ئەمریکاوە هەیە، ئەم ناڕوونییەی کە بە ئەنقەست دروست دەکرێت، خۆی جۆرێکە لە ئامرازی فشار بۆ سەر لایەنی بەرامبەر.
لە نێوان هەموو ئەو پرسیارانەی کە ئەم ڕۆژانە دەوروژێنرێن، پرسیارێکی بنەڕەتی هەیە کە وەڵامەکەی لە هەموویان گرنگترە، ئەویش ئەوەیە: بۆچی کۆماری ئیسلامی دەچێتە ناو شەڕێکەوە کە لە ئێستاوە دیارە تێیدا دۆڕاو دەبێت؟
نابێت ئەم پرسیارە بە سادە وەربگیرێت. وەڵامەکەی لە لۆژیکی مانەوەی سیستمێکی سیاسیدا خۆی دەبینێتەوە کە دەیان ساڵە بە پێناسەکردنی “دوژمنی دەرەکی“، یەکگرتوویی ناوخۆیی خۆی پاراستووە. لەم دیدگایەوە، شەڕ بۆ دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی دەتوانێت وەهمێک بێت بۆ ڕزگاربوون. بۆ بێدەنگکردنی دەنگە ناڕازییە ناوخۆییەکان و دروستکردنی کەشێک کە تێیدا پرسیارکردن لە ئەدای ناوخۆیی جێگەی خۆی بدات بە نیگەرانی لە ئەمنییەت. بەڵام ئەم وەهمە لە بەرامبەر ڕاستییە سەربازی و ستراتیژییەکاندا خۆ ناگرێت.
لە لایەکی دیکەوە، ئەم ئەگەرەش هەیە کە لایەنی ئەمریکایی بەدوای “شەڕێکی سنووردار“دا بێت؛ شەڕێک کە ئامانجەکەی بریتی بێت لە بەدەستهێنانی ئیمتیازی دیپلۆماسی لە ڕێگەی فشاری سەربازییەوە. بەڵام ئەم لێکدانەوەیە، ئەگەر لە سەرەتاشدا ڕاست بێت، ڕووبەڕووی ڕاستییەکی سادە دەبێتەوە: بڕیاردان بۆ دەسپێکی شەڕ زۆر سادەترە لە بڕیاردان بۆ کۆتاییپێهێنانی. شەڕە “سنووردارەکان” لە مێژووی هاوچەرخدا زۆر جار لە کۆنترۆڵ دەرچوون. ئەگەرێکی دیکەش لەسەر مێزە، کە بریتییە لەوەی: ئەمریکا هەر لە سەرەتاوە بە هێرشی قورس و بەرفراوان دەست پێ بکات، بەو تێگەیشتەی کە بە لێدانی یەکەم زەبری قورس، توانای وەڵامدانەوەی ئێران کەم بکاتەوە و لێکەوتەکان کۆنترۆڵ بکات. هەردوو سیناریۆکە، چ شەڕی سنووردار و چ هێرشی بەرفراوان، لە ڕوانگەی بەرژەوەندییەکانی ئەمڕۆ و سبەی خەڵکی ئێرانەوە کارەساتبار دەبن.
بەڵام لە ناو هەموو ئەم لێکدانەوە ستراتیژییانەدا، ئەوەی کەمتر دەبینرێت بارودۆخی هەرئێستای خەڵکی ئێرانە. خەڵکێک کە لە ئاگری گرانی و هەژارییەکی سەختدا دەسووتێن. دۆخی ئابووریی ئێران گەیشتووەتە شوێنێک کە زۆرینەی کۆمەڵگە توانایی دابینکردنی بژێوی ڕۆژانەیان نەماوە و ئەم دۆخە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خراپتر دەبێت. لەپاڵ ئەم ئازارە ئابوورییەدا، دەبێت برینێکی نوێش زیاد بکەین: کۆمەڵگەی ئێران هێشتا لە شۆکی کوشتار و کۆمەڵکوژیی ڕۆژەکانی ١٨ و ١٩ی بەفرانباردایە کە تیایدا هەزاران کەس بوونە قوربانی. ئەم تاوانە، پەیوەندیی زۆرینەی خەڵکی لەگەڵ حکوومەت لە سنووری ڕق و بێزاریی تێپەڕکردووە. ئێستا سەرەڕای ئەم دوو بارەگرانییە تاقەت پروکێنە، قورسایی چاوەڕوانییەکی ناڕوونی شەڕیشی پێوە زیاد بووە، چاوەڕوانییەک کە نە کۆتاییەکەی دیارە و نە قووڵایی لێکەوتەکانی. ئەم تێکەڵەیە، دەروونی گشتیی کۆمەڵگەیەکی خستووەتە ژێر توندترین گوشارەوە کە ساڵانێکە لەگەڵ قەیرانی یەک لە دوای یەک دەستوپەنجە نەرم دەکات.
هەڵسەنگاندنێکی سادە نیشان دەدات کە کۆماری ئیسلامی لە ئەگەری هەر دوو ئەو ئاراستەیەدا، لاوازتر لە ئەمڕۆ، دێتە دەرەوە. ئەگەر دانوستانەکان بە ڕێککەوتن کۆتایی بێت، ڕژێم ناچارە مەرجگەلێک قبوڵ بکات کە چەندین مانگە لە بەرامبەریاندا ڕاوەستاوە، واتە لە بەرامبەر فشارەکانی ئەمریکا، پاشەکشە دەکات. لە ئەنجامی ئەم پاشەکشەیەدا، برینە ناوخۆییەکانی ناو دەسەڵات دەکولێنەوە و شایەدی قۆناغێک لە ململانێی توندوتیژانە لە سەرەوە دەبین. بەڵام ئەمە هەموو چیرۆکەکە نییە. لە کاتی لەناوچوونی ژێرخانە سەربازییەکاندا، ئەوەی لە ژێرخانی ئابووریی ئێران ماوەتەوە، دەکەوێتە بەر مەترسیی وێرانکارییەکی کە ئاوەدانکردنەوەی، زەمەنێکی دوور و درێژی دەوێت. لە هەردوو بارەکەدا، ئەوەی لەم پرۆسەیە دێتە دەرەوە، ڕژێمێکی لاوازکراوە. ئەم لاوازبوونە مەرج نییە بە مانای کۆتایی خێرای حکوومەت بێت، بەڵام دەرفەتێکە کە دەبێت کۆمەڵگەی مەدەنیی ئێران، بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و بەتایبەت بزووتنەوەی کرێکاری، بۆ کەڵک لێوەرگرتنی، ئامادە بن. دەرفەتی گۆڕانکاری، لە پاش یەکلایی بوونەوەی ئەم دۆخە ناڕوونە، لە هەناوی خودی ئەم لاوازییە پێکهاتەییەی ڕژێمەوە سەر هەڵدەدات.
ئەگەر خراپترین ڕووداو ڕوو بدات و ئەگەر شەڕ ببێتە واقیعێک، یەک شت هەر لە ئێستاوە ڕوونە: کۆماری ئیسلامی هیچ بەرنامەیەکی بۆ دابینکردنی ئەمنییەتی خەڵک نییە و ناشیبێت. ڕژێمێک کە دەیان ساڵە خەڵک وەک ئامرازی ئایدیۆلۆژیای مەزهەبی و مانەوەی حکوومەت دەبینێت، لە کاتی مەترسیی ڕاستەقینەشدا بە تەنیا جێیان دەهێڵێت.
لە ئاوا ساتەوەختێکدا، تەنیا شتێکی کە دتوانێت ببێتە قەڵغانی خەڵک، بریتییە لە هاوپشتیی ئینسانی لەگەڵ یەکتر. ئەم هاوپشتییە دەبێت بە شێوازی دیاریکراو پێناسە بکرێت: ئاڵوگۆڕی زانیاری بە مەبەستی خۆحەشاردان، یارمەتیدانی دراوسێ لاوازەکان، پاراستنی ژنان و منداڵان و هێشتنەوەی تۆڕە پەیوەندییە ناوخۆییەکان. لە ناو جەرگەی بۆردومان و تەقینەوەکاندا، نابێت دەستی یەکتر بەردەین. جگە لەوەش، ڕوودانی شەڕ تاقیکردنەوەیەک دەبێت بۆ ئێمە وەک کۆمەڵگەیەک. ئەوەی لەم تاقیکردنەوەیەدا نیشانی دەدەین، دەبێتە بەردی بناغەی ئەو کۆمەڵگەیەی کە لە پاش شەڕ و پاش ئەم ڕژێمە، دەبێت بونیادی بنێین. دانوستانەکەی ئەمڕۆی ژنێف تەنیا دیدارێکی دیپلۆماسی نییە. بەڵکوو ئەو خاڵەیە کە بە ئەگەرێکی زۆر لەوانەیە ئاراستەی جیاواز لە مێژووی ئێراندا بێنێتە ئاراوە. لە ئەگەری هاتنەئارای هەر ئاراستەیەک، خەڵکی ئێران دەبێت خۆیان بە چەقی ئەم لێکدانەوەیە بزانن. شەڕخوازان لە هەردوو لاوە هیچ دەستکەوتێکیان بۆ خەڵکی ئەم کۆمەڵگەیە نابێت. تێپەڕین لەم بارودۆخە سەختەی ئەمڕۆ هەنگاونان بەرەو داهاتوویەکی ڕوون، بونیادنانی کۆمەڵگەیەک کە تێیدا ئەمنییەت، ئازادی، ئاسوودەیی و خۆشگوزەرانی دەستەبەر بێت، تەنیا بە هەوڵ و هیممەتی ئەم جەماوەرە و هێزە پێشڕەوەکانی، مومکین دەبێت.