هاوینی ساڵی ١٣٦٧ یەکێک لە ڕەشترین وەرزەکانی مێژووی کۆماری ئیسلامی ئێرانە. ڕێژیمی ئیسلامی دوای قبووڵکردنی ئاگربەست لە شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق و ئەوەی خومەینی بە “خواردنەوەی جامە ژەهر” ناوی برد، تاوانێکی ترسناکی خوڵقاند کە کاریگەرییەکانی دوای نزیکەی چوار دەیە، وەک برینێکی قووڵ لەسەر جەستەی ئەم کۆمەڵگایە ماونەتەوە. ئەم کۆمەڵکوژییە لە دوو قۆناغدا بەڕێوەچوو: یەکەم: کۆمەڵکوژیی دڕندانەی ئەندامان و لایەنگرانی ڕێکخراوی موجاهدینی خەڵق لە مانگی گەلاوێژ و پاشان کۆمۆنیستەکان لە مانگی خەرماناندا. کۆتایی هاتنی شەڕی ئێران و عێراق بە شکستی کۆماری ئیسلامی، پەنجەرەیەکی هیوای بەڕووی خەڵکی ئازارچێشتووی ئێراندا کردەوە. ئەو خەڵکەی کە هەشت ساڵ بوو لە ئاگری شەڕدا دەسووتان، ئێستا هیوادار بوون کە بتوانن ژیانێکى ئاسایی دەستپێبکەنەوە و ئەو داواکارییە ئینسانیانە بخەنەڕوو کە بە بیانووی شەڕ سەرکوت کرابوون. ئەم شادییەی جەماوەری خەڵک و هەستی شکستی ڕێژیم، ترسی خستە دڵی ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامییەوە.
خومەینی و ڕاوێژکارە سەرەکییەکانی واتە ڕەفسەنجانی، خامنەیی و ئەوانی تر، ئەو ڕاستییەیان دەزانی کە شکستی شەڕ دەتوانێت ببێتە هۆی ئەگەری سەرهەڵدانی ئاخێزی جەماوەری دژ بە نیزام. ئەوان بڕیاریان دابوو کە خۆشی خەڵک بەبۆنەی کۆتاییهاتنی شەڕ، بکەنە غەم و ماتەمینی. بەڵام هیچ بیانوویەکی ئەوتۆیان نەبوو بۆ کوشتاری خەڵک لەناو شەقام و بازاڕەکاندا. هەربۆیە هاوشێوەی ڕووداوی ٣٠ی جۆزەردانی ١٣٦٠، جارێکی تر شمشێرە ژەهراویەکەیان لەناو زیندانەکان و لە دژی زیندانیانی سیاسی بەکارهێنا.
خومەینی بە دەرکردنی فەتوایەکی ئایینی، کومیتەیەکی کە دواتر بە “هەیئەتی مەرگ” ناسرا، ڕاسپارد بۆ جێبەجێکردنی فەرمانی کۆمەڵکوژکردنی هەزاران زیندانی سیاسی. کوشتاری زیندانیانی سیاسی لە یەکەم ڕۆژەکانی گەلاوێژی ١٣٦٧ بە لەسێدارەدانی ئەندامان و لایەنگرانی ڕێکخراوی موجاهدینی خەڵق دەستی پێکرد. ئەم قۆناغە بە درێژایی مانگی گەلاوێژ بەردەوام بوو و هەزاران کەسی کۆمەڵکوژ کرد. هەفتەی یەکەمی مانگی خەرمانان دەستپێکی قۆناغی دووەمی کوشتاری زیندانیانی سیاسی بوو. دوای ئەوەی کوشتاری ئەندامان و لایەنگرانی ڕێکخراوی موجاهدینی خەڵق تەواو بوو، نۆرە گەیشتە کۆمۆنیستەکان و ئەم قۆناغە لە مانگی خەرماناندا بە کۆمەڵکوژ کردنی زۆرێک لەو کۆمۆنیستانە بەڕێوەچوو کە لە زیندانە جۆراوجۆرەکانی ئێراندا ڕاگیرابوون و ماوەی سزاکەیان تێپەڕکردبوو و چاوەڕێی ئازادکران بوون و تەنانەت هەندێک لەو زیندانیانەش کە هێشتا تۆمەت و هۆکاری دەستگیرکردنەکەیان نادیار بوو.
هەیئەتی مەرگ بە بەکارهێنانی هەمان ئەو شێواز و ڕێوشوێنانەی قۆناغی یەکەم، زیندانییە کۆمۆنیستەکانیشیان دادگایی کرد. سەبارەت بە بیروباوەڕی ئایینی و هەڵوێستیان لەسەر کۆماری ئیسلامی و پابەندبوونیان بە پرەنسیپەکانی ڕێژیمی ئیسلامی، پرسیاریان لێ دەکرا. ئەوانەی سازشیان لەسەر بیروباوەڕەکانیان نەکرد و ئامادە نەبوون تەوبە بکەن و پەشیمانی دەرببڕن، سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا. هەرچەندە ژمارەی ڕاستەقینەی قوربانیانی ئەم تاوانە ترسناکە هەرگیز ڕانەگەیەندرا، بەڵام بەپێی ڕاپۆرتە جۆراوجۆرەکان، لە دوو قۆناغی ئەم کۆمەڵکوژییەدا لە نێوان شەش بۆ ١٠ هەزار کەس لە سێدارە دران. تەرمی قوربانییەکان لە خاوەرانی تاران، دارولڕەحمەی شیراز، باغڕەزوانی ئیسفەهان، حەوشەی دادگای شۆڕشی سنە و دەیان شوێنی دیکە، زۆر بە بێدەنگی و بە نهێنی، بە خاک سپێردران.
دەسەڵاتدارانئەوگۆڕستانانەیانبە “لەعنەتاوا” ناوزەد کرد بۆ ئەوەی خەڵک لێیان دوور بکەوێتەوە. ئەو شوێنانەی کە زۆر زوو بوون بە گۆڕستانی ئازیزانی لەبیرنەکراو و بە دڵنیاییەوە لە داهاتوویەکی نەک زۆر دووریش دا دەبنە ژوانگەی ئاشقانی ڕێگای ڕزگاری مرۆڤایەتی. یەکێک لە لایەنە کارەساتبارەکانی ئەم تاوانە، بریتی بوو لە بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. دەوڵەتانی ئورووپا و ئەمریکا بەرامبەر بەم کۆمەڵکوژییە نەک هەر ناڕەزایەتیان دەرنەبڕی، بەڵکوو بە نهێنی هێشتنەوەی، بە کردەوە، پەسەندیان کرد. دەوڵەتانی ڕۆژئاوا کە سیاسەتی یارمەتیدانی دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامییان بەمەبەستی جێگیبوون گرتبووەبەر، دەستی بەرپرسانی ڕێژیمیان ئاواڵە کرد بۆ ئەنجامدانی ئەو کۆمەڵکوژییە. میدیا بەناو ئازادەکانی زلهێزە ئیمپریالیستییەکانیش بە ئەنقەست ئەم کارەساتەیان پەردەپۆش کرد.
ئەمڕۆ لە هەلومەرجێکدا یادی قوربانیانی کوشتاری به کۆمەڵی زیندانیانی سیاسی ساڵی ١٣٦٧ دەکەینەوە، کە کۆماری ئیسلامی له قوڵترین قەیرانەکانی پتر لە چوار دەیە دەسەڵاتدارێتی خۆیدا نوقم بووه. ڕێژیمێکی کە ٣٧ ساڵ لەمەوبەر بە ڕشتنی خوێنی هەزاران گەنجی تێکۆشەر و شۆڕشگێڕ، پێی وابوو کۆمەڵگای بۆ هەمیشە لە ئاست ستەم و سەرەڕۆیی دا بێدەنگ کردووە، ئێستا خۆی لە داوی بێبەزەییانە و چارەهەڵنەگری مەرگدا گرفتار بووە.
دەستی ڕژیمی ئیسلامی لەو دەستێوەردانە ناوچەییانەی کە بۆ ماوەی ساڵانێک سەرچاوەی دەسەڵات و نفووزی ئەو بوون، کورت بۆتەوە. شکستە یەک لە دوای یەکەکانی لە سوریا و لوبنان و عێراق و یەمەن و هەروەها لەدەستدانی هاوپەیمانە ستراتیژییەکان و ئەو گورزە سەربازییە کوشندانەی کە لەلایەن ئیسرائیلەوە بەریکەوتووە، ڕژێمی لەگەڵ خراپترین دۆخ بەرەوڕوو کردووەتەوە، ئەو پڕۆژە ئەتۆمییەی کە بە تێچووی ملیاردها دۆلار لە بەرهەمی ڕەنج و کاری خەڵک لە قۆناغی تەواوکردندا بوو، لە ماوەی چەند ڕۆژدا بوو بە خۆڵەمێش.
ئابووری وڵات لە دۆخێکی کارەساتباردایە. سزا بەربڵاوە نێودەوڵەتییەکان، ناکارایی، گەندەڵی بەربڵاو و خەرجییە نیزامییە سەرسوڕهێنەرەکان و دەستێوەردانە ناوچەییەکان، ئابووری ئێرانیان گەیاندووەتە لێواری داڕمان. بەرزبوونەوەی بەردەوامی هەڵاوسان، داڕمانی نرخی تمەن، بێکاریی بەربڵاو، کەمیی حەقدەست، کەمیی ئاو و کارەبا، تێکچوونی ژینگە و لەناوچوونی سامانە سروشتییەکانی وڵات، ژیانی دەیان ملیۆن لە دانیشتوانی ئێرانی کردووە بە دۆزەخ. لە هەمان کاتدا ئەو ناڕەزایەتیانەی کە نیشانەی کەڵەکەبوونی نەفرەت و توڕەیی گشتییە، لە ئاستە جیاجیاکانی کۆمەڵگادا خەریکە پەرەدەستێنێ و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕێکخراوتر و بەربڵاوتر دەبن.
سەرەڕای تێپەڕبوونی ٣٧ ساڵ بەسەر ڕوودانی ئەم جینایەتەدا، بزووتنەوەی دادخوازی بۆ قوربانیانی کۆمەڵکوژیی ساڵی ١٣٦٧، هەروا بەردەوامە. بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ساڵانەی یادکردنەوە، چالاکییەکانی لێکۆڵینەوە بۆ ڕۆشنکردنەوەی ڕەهەندە نادیارەکانی ئەم کارەساتە و کەمپەینە نێودەوڵەتییەکان، هەموویان نیشانەی زیندووبوونی یادی ئەو ئازیزانەیە. یاد و بیرەوەری قوربانیانی ئەم کۆمەڵکوژییە، بۆ هەمیشە بەزیندوویی دەمێنێتەوە. کۆمەڵانی خەڵکی ئێران ئەنجامدەرانی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی ئەم تاوانە، “نە لەبیر دەکەن و نە لێيان خۆش دەبن“. تا ئەوکاتەی دادپەروەری نەیەتەئاراوە و تاوانبارانی ئەو کۆمەڵکوژییە دادگایی نەکرێن، بزووتنەوەی دادخوازی بەردەوام دەبێت.
ئەمڕۆ دوای نزیکەی چوار دەیە، دادخوازی بۆ ئەم ئازیزانە، تەنیا بابەتێکی سۆزداری نییە، بەڵکوو بووەتە پێویستییەکی کردەیی و سیاسی. ئەو دەسەڵاتەی کە پێی وابوو بە کوشتاری ئەو لاوانە، بەردەوامبوونی دەسەڵاتەکەی مسۆگەر کردووە، ئێستا لەبەردەم داڕماندایە. هەموو بەڵگەکان ئەوە دەردەخەن کە ڕۆژانێکی باشتر بەڕێوەیە. ئەو قەیرانە قووڵ و فرە ڕەهەندییانەی کە ڕێژیم لەگەڵی بەرەوڕووە، مژدەی ڕووخانی شۆڕشگێڕانەی ئەم ڕێژیمە تاوانبارە دەبەخشن. دوور نییە ئەو ڕۆژەی کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی، لە دادگای دادپەروەرانەی جەماوەری خەڵکی ئێراندا، دادگایی بکرێن و بە سزای شایستەی خۆیان بگەن.