
بەرەبەیانی سێشەممە ٤ی خاکەلێوە، هێزەکانی پێشمەرگە لە ناوچەی سپیلک لە سنووری سۆران بەر هێرشێکی مووشەکی و درۆنی کۆماری ئیسلامی کەوتن کە بووە هۆی گیانبەختکردنی ٦ پێشمەرگە و برینداربوونی زیاتر لە ٣٠ کەس.
بەپێی دوایین زانیارییەکان، هێرشەکە نزیک کاتژمێر ٣ی بەرەبەیانی ڕۆژی ٤ی خاکەلێوە لە ناوچەی سپیلک لە قەزای خەلیفان ئەنجام دراوە و لە ئەنجامدا ٦ پێشمەرگە گیانیان بەختکردووە و زیاتر لە ٣٠ کەسی دیکەش بە سەختی بریندار بوون. بەپێی ڕاگەیاندنی فەرمی وەزراەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، ناسنامەی گیانبەختکردووان بریتین لە: رێبەر عەبدوڵڵا، زکری بێخشاشی، رامین عادل، شەهاب بێخشاشی، کەیوان موزەفەر و پشتیوان مەلا موسا. بەپێی زانیارییەکان، لانیکەم پێنج مووشەک و ژمارەیەک درۆن بەکارهاتوون کە بەشێکیان لەلایەن سیستەمی بەرگریی ئاسمانییەوە تێکشکێندراون. هەروەها فەرماندەیی دەڤەری یەکی پێشمەرگە ڕایگەیاندووە کە بارەگاکانی فیرقەی ٧ لە دوو کاتی جیاوازدا کراونەتە ئامانج. بەپێی ئەم ڕاگەیاندنە، هێزەکان لە ئامادەباشی تەواودان و لێکۆڵینەوە لە سەرچاوەی هێرشەکان بەردەوامە. شایانی باسە کە لە دەستپێکی گرژییە سەربازییەکاندا، هەرێمی کوردستان بە سەدان مووشەک و درۆن بۆردوومان کراوە و بەشێکیان بە ڕاستەوخۆ هێزەکانی پێشمەرگەیان کردووەتە ئامانج. هاوکات شەوی ڕابردوو ژمارەیەک درۆن ئاراستەی کۆنسوڵخانەی ئەمریکا و فڕۆکەخانەی ھەولێر کران کە لەلایەن سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بەرپەرچ درانەوە.