گیانلەدەستدانی برینداربوویەکی تەقینەوەی مین لە سۆمار
10:47 – 13 February 2024
هەنگاو: سێشەممە، ٢٤ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣
برینداربوویەکی تەقینەوەی مین لە ناوچەی سنووریی سۆمار بە ناوی ئیرەج مەحموودی کە حەفتەی ڕابردوو بەسەختی بریندار بوو، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەست دا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی دووشەممە، ٢٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣ (١٢ی فێبریوەری ٢٠٢٤)، ئیرەج مەحموودی، تەمەن ٣٩ ساڵ و خەڵکی گوندی "وێژنان"ی سەر بە شاری گیەڵان کە حەفتەی ڕابردوو بەهۆی تەقینەوەی مینی چێندراو لە سنووری سۆمار بەسەختی بریندار بوو، دوای حەفتەیەک لە ناوەندێکی پزیشکیی شاری ئیلام بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەست دا.
لەم ڕووداوە دوو هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی هەمان گوند بریندار بوون کە ناسنامەی یەکیان بە ناوی محەممەد مەحموودی و تەمەن ٥٠ ساڵ بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە.
شایانی باسە کە ڕۆژی سێشەممە، ١٧ی ڕێبەندان (٦ی فێبریوەری)، ئەم سێ هاووڵاتییە بەهۆی تەقینەوەی مینی چێندراو لە ناوچەی "بانسارات"ی سۆماری قەسرشیرین بەسەختی بریندار و کەمەندان بوون.
بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ساڵی ٢٠٢٣دا، لانی کەم ٧ هاووڵاتی لە ناوچە سنوورییەکان بەهۆی تەقینەوەی مین و تەقەمەنییە بەجێماوەکانی شەڕ گیانیان لەدەست داوە، هەروەها ٢٠ هاووڵاتیی دیکەش بریندار یان کەمەندام ون. ٢٦ کەسیان لە سنوورەکانی کوردستان تۆمار کراوە.