گیانلەدەستدانی گوماناوی شاهین گەلەداری، بەندکراوی سیاسی کورد لە بەندیخانەی ناوەندی ئورمیە
11:35 – 26 February 2024
هەنگاو؛ دووشەممە ٧ی ڕەشەممەی ٢٧٢٣
شاهین گەلەداری، بەندکراوی سیاسی کورد و خەڵکی ئورمیە بەشێوەیەکی گوماناوی لە بەندیخانەی ناوەندی ئەو شارە گیانی لە دەستدا. بەرپرسانی بەندیخانە ڕایانگەیاندووە کە ناوبراو کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شاهین گەلەداری بەندکراوی تەمەن ٥٠ ساڵ و خەڵکی گوندی "حەکی" سەر بە ناوچەی تەرگەوەڕی ئورمیە، کە ماوەی دوو ساڵەی سزای بەندکرانەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە تێپەڕ دەکرد، ئێوارەی یەکشەممە ٦ی ڕەشەممەی ٢٧٢٣ (٢٥ی فێبریوەری ٢٠٢٤)، بەشێوەیەکی گوماناوی لەو بەندیخانەیە گیانی لە دەستدا.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بەرپرسانی بەندیخانەی ئورمیە بە بەندکراوان و بنەماڵەی گەلەدارییان ڕاگەیاندووە کە ئەو بەندکراوە سیاسییە خۆی کوشتووە. تەرمی ناوبراو بۆ پزیشکی دادی ئورمیە گواستراوەتەوە.
هەنگاو زانیویەتی کە شاهین گەلەداری لەماوەی ڕابردوودا چەندین جار لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیەوە بانگ کراوە و هەڕەشەی لێکراوە و ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی دراوە و تەنانەت سمێلیان تاشیوە.
شاهین گەلەداری ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی ڕەشەممەی ٢٧١٨ (٢٨ی فێبریوەری ٢٠١٩) لە ئەنجامی هەڵکوتانی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە و بێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری دەستبەسەرکرا و دوای ماوەیەک بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرا. ناوبراو ڕەشەممەی ساڵی ٢٧٢٠ لەلایەن لقی سێی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە تۆمەتی هەوڵدان دژ بە ئاسایشی نیشتمانی سزای دوو ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.
شایەنی باسە کە شاهین گەلەداری مانگی ڕەشەممەی ساڵی ٢٧٢٢ بەمەبەستی تێپەڕکردنی سزای دوو ساڵ بەندکرانەکەی دەستبەسەرکرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندی ئورمیە گواسترابووەوە.
بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا لانی کەم ٣٥ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران گیانیان لەدەستداوە کە ٦٠% ئەو کەسانە بەندکراوانی کورد بوون و لانی کەم ١٢ بەندکراو لە بەندیخانەکانی پارێزگای ئورمیە گیانیان لە دەستداوە.