گیان لە دەستدانی ئەسعەد حەسەنپوور، کۆڵبەری بریندار بەهۆی سەختی برینەکانییەوە
22:06 – 22 November 2023
هەنگاو؛ چوارشەممە ١ی سەرماوەزی ٢٧٢٣
ئەسعەد حەسەنپوور، کۆڵبەری تەمەن ٢٥ ساڵی خەڵکی سەقز کە بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری هەنگەژاڵی بانە بە سەختی بریندارکرابوو، بە هۆی سەختی برینەکانییەوە گیانی لە دەستدا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی چوارشەممە ١ی سەرماوەزی ٢٧٢٣ (٢٢ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣)، ئەسعەد حەسەنپوور، کۆڵبەری خەڵکی گوندی جافرخانی سەقز، کە سکی بە چەند گوللە پێکرابوو، لە نەخۆشخانەی سەلاحەددین ئەیووبی شاری بانە بە هۆی سەختی برینەکانیەوە گیانی لەدەستدا.
هەنگاو پێشتر بە ئاماژەکردن بەوەیکە شەوی سێشەممە ڕۆژی ٣٠ی خەزەڵوەر، ئەسعەد حەسەنپوور لە کاتی کۆڵبەریدا لە سنووری بانە بریندار بووە، ڕایگەیاندبوو کە ناوبراو بەهۆی سەختی برینەکانییەوە بۆ بەشی چاودێری تایبەتی نەخۆشخانە گواستراوەتەوە و بارودۆخی ناجێگیر ڕاگەیەندراوە.
بەپشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ١٩ ڕۆژی ڕابردوودا (دوای ڕۆیشتنی ئیبراهیم ڕەئیسی بۆ شاری بانە) لانی کەم ٤ کۆڵبەر لە سنوورەکانی ئەو شارەدا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون.