گیلان؛ سەپاندنی سزای بەندکردن بەسەر ١٠ مامۆستای قوتابخانە و چالاکی پیشەیی
21:51 – 6 March 2024
هەنگاو: چوارشەممە، ١٦ی ڕەشەمەی ٢٧٢٣
لانی کەم ١٠ مامۆستای قوتابخانە و چالاکی پیشەیی لە پارێزگای گیلان بە ناوەکانی تەیموور باقریکوودەکانی، تەهماسوب سوهرابی، غوڵامڕەزا ئەکبەرزادەباغبان،عەلی نەهالی، محەمەدجەواد سەعیدی، جەهانبەخش لاجوەردی، یەدوڵڵا بەهارەستانی، ئەنووش عادڵی، مەحموود سدیقیپوور و عەزیز قاسمزادە، لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە سەرجەم سزای ٢٠ ساڵ بەندکردن بەسەردا سەپاوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە ماوەی ڕابردوودا ١٠ مامۆستای قوتابخانە و چالاکی پیشەیی لە پارێزگای گیلان بە ناوەکانی تەیموور باقریکوودەکانی، تەهماسوب سوهرابی، غوڵامڕەزا ئەکبەرزادەباغبان، عەلی نەهالی، محەمەدجەواد سەعیدی، جەهانبەخش لاجوەردی، یەدوڵڵا بەهارەستانی، ئەنووش عادڵی، مەحموود سدیقیپوور و عەزیز قاسمزادە، لەلایەن لقی سێی دادگای شۆڕشی شاری ڕەشت هەرکامیان سزای ٢ ساڵ و ١ ڕۆژ بەندکردنیان بەسەردا سەپاوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو مامۆستا و چالاکانە جگە لە سزای بەندکردنیان، هەرکام سزای دوو ساڵ قەدەغەکردنی ئەندامەتیی حزب و گرووپ و ڕێکخراوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانیان بەسەردا سەپاوە.
دانیشتنی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەو ١٠ مامۆستا و چالاکە پیشەیییە، ٢٣ی ڕێبەندانی ئەمساڵ بەڕێوە چووە و هەروەها تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی گشتی لە ڕێگەی بەشداریکردن و ڕێکخستنی کۆبوونەوەی پیشەیی و سەرپێچیکردن لە فەرمانی پۆلیس، دراوەتە پاڵیان.
شایانی باسە کە ئەنووش عادلی، مەحموود سدیقیپوور و عەزیز قاسمزادە پێشتر لەلایەن هەمان لقی دادگای شۆڕشەوە سزای ساڵێک بەندکردنیان بەسەردا سەپاوە و دواتریش لەلایەن دادگای پێداچوونەوە جارێکی تر سزاکەیان پەسەند کراوەتەوە، هەنووکەش لە بەندیخانەی "لاکان"ی ڕەشت بەمەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەیان ڕاگیراون.
ئەو مامۆستا و چالاکە لە مانگی خەرمانانی ٢٧٢٢ و لە ڕەوتی ناڕەزایەتیی مامۆستایان و چالاکانی پیشەیی لە پارێزگای گیلان، دەستبەسەر کراون و پاش دوو حەفتە بە دانانی بارمتەی ٨٠ ملیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کراون.