
شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران پێی ناوەتە یازدەهەمین ڕۆژی خۆیەوە. لەم یازدە ڕۆژەدا، وێنەیەکی ڕوونتر لە ئامانجەکانی هەرکام لە لایەنەکانی ئەم شەڕە، دەرکەوتووە، ئامانجگەلێکی کە ناوەرۆک و لۆژیکێکی جیاوازیان هەیە. لایەنی ئێرانی لە پێناو مانەوەدا شەڕ دەکات. بۆ کۆماری ئیسلامی، مانەوە و دەربازبوون لەم شەڕە بۆ ڕێژیم، خۆی لەخۆیدا بە سەرکەوتن دادەنرێت. ئەم چاوەڕوانییە لانیکەمە بەڵام واقیعییە، ڕێگە بە ڕژێم دەدات بە هەموو توانایەوە لە بەرامبەر فشارە سەربازییەکاندا خۆڕاگری بکات، چونکە بۆ ئەو هیچ شتێک گرانتر لە داڕمان نییە. لە بەرامبەردا، ئامانجی ئەمریکا زۆر ئەولاتر لە تێکشکاندنی توانا سەربازییەکانی ئێرانە. ئەمریکا هەوڵ دەدات کۆماری ئیسلامی لە ڕژێمێکی دژبەرەوە بگۆڕێت بۆ ڕژێمێکی هاوتەریب و هاوپەیمانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، مۆدێلێکی هاوشێوەی ئەوەی لە عەرەبستانی سعوودی، میسر یان هاوپەیمانە ناوچەییەکانی تری ئەمریکادا دەیبینین. ڕژێمێکی کە نە مەترسی بێت بۆ سەر ئیسرائیل و نە ببێتە بنکەیەک بۆ چین و ڕووسیا و ڕەوتە دژە ڕۆژئاواییەکان لە ناوچەکەدا. ئەم ئامانجە، ئەگەرچی لە ڕواڵەتدا گۆڕینی ڕەفتاری ڕژێم دەکاتە ئامانج، بەڵام لە کردەوەدا بە واتای گۆڕینی بنەڕەتیی ماهییەت و ناسنامەی کۆماری ئیسلامییە، شتێکی کە ڕژێم وەک مەرگی خۆی سەیری دەکات.
لە ڕووی ستراتیژییەوە، لایەنی ئێرانی هەر لە یەکەم ڕۆژەوە تاکتیکێکی نەگۆڕی گرتووەتە بەر: بردنەسەرەوەی تێچووی ئابووریی شەڕ بۆ ئەمریکا لە ڕێگەی ئاستەنگ دروستکردن بۆ بازاڕەکانی وزە. ئەم سیاسەتە تا ڕادەیەک کاریگەر بووە و شوێنەواری خۆی لەسەر ئابووریی جیهانی بەجێهێشتووە. بەڵام ئایا ئەم فشارە دەگاتە ئاستێک کە ئەمریکا ناچار بە ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی بکات، وەڵامەکەی هێشتا ڕوون نییە. کات و تەحەمولی لایەنەکان لەم هاوکێشەیەدا دەورێکی یەکلاکەرەوەیان دەبێت.
لە بەرامبەردا، ستراتیژی سەربازیی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ماوەی ئەم یازدە ڕۆژەدا چەندین جار گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە. لە ڕۆژەکانی سەرەتادا، تەرکیزی سەرەکی لەسەر لەناوبردنی جەستەیی سەرکردایەتیی ڕژێم، لەوانە خامنەیی و فەرماندە باڵاکان چڕ ببووەوە، بەو خەیاڵەی کە هەرەسهێنانی سەرکردایەتی بە خێرایی دەبێتە هۆی خۆبەدەستەوەدان یان لەناوچوونی ڕژێم. بەڵام ئەم گریمانەیە نەهاتەدی. دواتر، سەرنج خرایە سەر ژێرخانە سەربازییەکانی ئێران و گورزی کوشندەیان لەم بەشە دا. پاشان ستراتیژی هێرشکردنە سەر ژێرخانە ئابوورییەکان و لە سەرووی هەموویانەوە کەرتی وزەیان گرتەبەر. سەرەڕای ئەوەش، ڕژێم هێشتا هەروا لەسەرپێیە و هیچ نیشانەیەکی خۆبەدەستەوەدان لە کورتخایەندا بەدی ناکرێت. لە قۆناغێکی ئەم شەڕەدا، ئەمریکا و ئیسرائیل ڕوویان کردە بژاردەیەک کە دەکرێ ناوی بنێین “سیناریۆی کوردستان“. ئەم پلانە وابوو کە بە بەکارهێنانی چەند حیزبێکی چەکداری کوردستانی کە پێشتر بۆ هاوپەیمانی لەگەڵیان وتووێژ کرابوو، تێکەڵەیەک لە بۆردوومانی ئاسمانی و پێشڕەویی زەمینی لە ناوچە کوردنشینەکاندا جێبەجێ بکەن و هەنگاو بە هەنگاو هەندێک ناوچە لە ژێر کۆنترۆڵی کۆماری ئیسلامی دەربهێنن. ئامانجەکە دووبارەکردنەوەی سیناریۆیەک بوو هاوشێوەی ڕووخانی بەشار ئەسەد لە سووریا، بەڵام ئەمجارەیان لە دەروازەی کوردستانەوە. بەڵام ئەم پڕۆژەیە ڕووبەڕووی دوو بەربەستی جددی بووەوە. یەکەم، دژایەتی ڕاشکاوانەی تورکیا کە هەرگیز ئامادە نییە شاهیدی دروستبوونی قەوارەیەکی چەکداریی کورد بێت لەسەر سنوورەکانی. دووەم، هاوکارینەکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە ئامادە نەبوو لەم کایە ترسناکەدا هیچ ڕۆڵێک بگرێتە ئەستۆ. لە ئەنجامدا، ئەم سیناریۆیە وەلا نرا و ئەو حیزبە چەکدارە کوردستانییانەی کە خۆیان گەیاندبووە سەر سنوور، بە دەستی بەتاڵ گەڕانەوە.
هەڵوێستی ئێمە بەرامبەر بەم پرسە ڕوونە: کوردستان نابێ ببێتە گۆشتی بەر دەمی تۆپی سیاسەتەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل. خەڵکی کوردستان وەک باقی خەڵکانی ئێران، لەم ڕژێمە سەرکوتگەر و ستەمکارە بێزارن و خوازیاری نەمانین. بەڵام شەڕ، ڕێگەیەکی گونجاو، کەمتێچوو و جێی متمانە نییە بۆ ڕووخانی کۆماری ئیسلامی. دوور نییە ئەم شەڕە، سەرەڕای هەموو ئەو وێرانکاری و زیانە مرۆیی و ماددییە لەقەرەبوو نەهاتوانەی کە بەدوای خۆیدا دەیهێنێت، خۆی ببێتە هۆکارێک بۆ بەهێزبوون و مانەوەی ڕژێم، هەروەک چۆن شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق لە دەیەی شەستدا وایکرد و ڕژێم توانی وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتی ناوخۆیی و پاساوکردنی دەسەڵاتخوازیی خۆی بەکاری بهێنێت. ئەو حیزبانەی لەو هاوپەیمانییەدا کۆببوونەوە، وایان دەزانی کە بە چوونە ناو کایەی هێزە ناوچەیی و جیهانییەکان، لەسەر داهاتووی کۆماری ئیسلامی، دەبنە ئەکتەرێکی بەهێز و کاریگەر لە کوردستان. بەڵام ئەنجامەکەی پێچەوانە دەرچوو. ئەگەر ئەم حیزبانە بیانەوێت لەگەڵ خەڵکی کوردستان ڕاستگۆ بن، دەبێ بە قبووڵکردنی لێکدانەوەی هەڵەی خۆیان، ئەم ئەزموونە تاڵە بکەنە وانەیەکی بەنرخ بۆ داهاتوو و بیخەنە سەر ئەزموونە نەرێنییەکانی تری سەد ساڵی ڕابردووی نەتەوەی کورد، بۆ ئەوەی چیتر دووبارە نەبێتەوە.
هەڵسەنگاندنی ئێمە بۆ ئاسۆی ئەم شەڕە ئەوەیە کە سەرەنجام بە جۆرێک لە ڕێککەوتن و سازان کۆتایی دێت. نیشانەکانی ئەم ڕاستییە ئێستا لە ڕەفتار و گوتاری هەردوولادا دەبینرێت. هیچ کام لە لایەنەکان ناگەنە ئامانجە ڕاگەیەندراوە سەرەتاییەکانی خۆیان، بەڵام هەر لایەک ئیدیعای ئەوە دەکات کە سەرکەوتوو بووە. بەڵام ڕاستییەکی لەوە گرنگتر ئەوەیە کە: ئەو کۆماری ئیسلامییەی لە ناو جەرگەی ئەم شەڕە دەربازی دەبێت، ئیتر ئەو کۆماری ئیسلامییەی پێشوو نابێت. ئەم ڕژێمە لە هەموو ڕوویەکەوە، لە ڕووی سەربازی، ئابووری، سیاسی و مەشروعییەتی ناوخۆییەوە، لاوازتر لە جاران دەبێت. ڕێک لەو ساتەی کە دەنگی تەقینەوەکان کپ دەبێت و گرمەی فڕۆکەکان لە ئاسمانی ئێران نامێنێت، ڕژێم ڕووبەڕووی ئاڵەنگارییەکی گەورەتر و بەهێزتر لە هەر بۆمبێک دەبێتەوە: جەماوەرێکی کە خوازیاری وەڵامدانەوەن.
ئایا پێشبینیکردنی شکستی کۆماری ئیسلامی لەم ڕووبەڕووبوونەوە سەربازییەدا دژوار بوو؟ نەخێر. بەڵام شکستی ڕاستەقینەی ئەم ڕژێمە نەک لە مەیدانی شەڕ، بەڵکوو لە بەرامبەر جەماوەرەکەیدا ڕوو دەدات. ئەو جەماوەرەی کە دوای کۆتاییهاتنی شەڕ بیر لە کەم و کورتییەکان، بێکاری، هەژاری و گرانی دەکەنەوە. ئەو جەماوەرەی کە کۆمەڵکوژییەکانی ڕۆژانی هەژدە و نۆزدەی بەفرانباریان بیر نەچووەتەوە و هیچ تۆپ و بۆمبێک ناتوانێت ئەو یادەوەرییانە لە مێشکدا بسڕێتەوە.
خەڵکی ئێران لە ئەزموونەکانی ڕابردوو فێربوون. دەزانن کەی کاتی گونجاوە بۆ کارکردن و کەی دەبێ ئارام بگرن. کوێرکوێرانە خۆیان نادەنە دەست قەدەەر. ئەوان ئەمجارە لە قاڵبی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکاندا دێنەوە مەیدان: بزووتنەوەی کرێکاران، بزووتنەوەی ژنان، مامۆستایان، پەرستاران، دادخوازان و بزووتنەوەی خەڵکی کوردستان. بە شێوازێکی نوێی خەباتکارانە و داهێنەرانەی ئەوتۆی کە هێزە سەرکوتگەرەکان لەکار بخات و ڕژێم بخاتە تەنگەژەوە. ئەو ڕۆژە دەبینین کە دەوترا ئەو هێزەی ئەگەر نەچێتە ناو ئەو هاوپەیمانییە پڕ لە کەموکوڕییەوە، گۆشەگیر دەبێت، چۆن سەربەرزانە و بەوپەڕی هێزەوە پێدەنێتە ناو قۆناغێکی نوێی خەباتەوە. خەباتێکی کە نەک لەسەر بنەمای بۆمبەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، بەڵکوو لەسەر بنەمای ئیرادە و هۆشیاریی گەل بونیاد نراوە.