ک.م.م.ک:
بەپێی زانیارییەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی دووشەممە ١٣ی سەرماوەزی ٢٧٢٣ی کوردی، لقی یەکی دادگای ئینقلابی ڕێژیمی ئێران لە شاری شنۆ بە سەرۆکایەتی دادوەر مەهدی ڕەزایی بەتۆمەتی ئەندامەتی و هاریکاری حیزبە کوردییە دژبەرەکانی ئێران سەرجەم ٢٧ساڵ و ٥ مانگ زیندانی بەسەر ٩ گەنجی دەستبەسەرکراوی ئەو شارەدا سەپاند.
بەگوێرەی هەواڵەکە، بەپێی ئەم حوکمە: یەعقووب مەحموودی ئازرە ٧ ساڵ، خۆشناو عەینی ٢ساڵ، پیرووت تابناک ٢ساڵ، یووسف ڕەحمانی٢ساڵ و ٥مانگ، خزر عەبدوڵایی ساڵێک، فەرهەنگ کەرامەت٢ساڵ و ٦ مانگ، بەهمەن مەحموودی ئازەر٧ ساڵ، موحسین عەزیزی٢ساڵ و عوسمان هەمزەزادە بە ساڵێک و ٦ مانگ زیندان مەحکووم کراون.
بەپێی یاسای خستنەسەریەکی حوکمەکان، تەواوی حوکمەکان بۆ یەعقووب مەحموودی ئازەر و بەهمەن مەحموودی ئازار دەبێ جێبەجێ بکرێت.
جێی بیرهێنانەوەیە کە ئەم هاوڵاتیانە ساڵی ٢٧٢٢ی کوردی هەرکام لەم مانگانەدا دەستبەسەر و بەبارمتە ئازاد کراون: یەعقووب مەحمودی ئازەر خەڵکی گوندی سینگان٢٦ی پووشپەڕ دەستبەسەر و ٢٧ی گەلاوێژ بەبارمتە ئازاد کراوە.
فەرهەنگ کەرامەت خەڵکی گوندی سینگان٢٢ی پووشپەڕ دەستبەسەر و ٢٧ی گەلاوێژ بەبارمتە ئازاد کراوە.
موحسین عەزیزی خەڵکی شنۆ و خۆشناو عەینی خەڵکی سینگان ٢٢ی پووشپەڕ دەستبەسەر و ٢ی گەلاوێژ بە بارمتە ئازاد کراوە.
بەهمەن مەحموودی ئازەر خەڵکی شنۆ ٦ی پووشپەڕ دەستبەسەر و ١٣ی گەلاوێژ بەبارمتە ئازاد کراوە.
خزر عەبدوڵایی خەڵکی شنۆ و عوسمان هەمزەزادە خەڵکی گوندت کورووشاوای سەربە شنۆ ١٨ی پووشپەڕی ئەمساڵ دەستبەسەر و دواتر بە بارمتە ئازاد کراوە.
جێی سەرنجە کە هێزە ئەمنییەکانی ئێران بەبێ نواندنی حوکمی قەزایی ئەم هاوڵاتیانەیان دەستبەسەر کردووە.
ق.ش