چالاکڤانێکی کۆچبەران لە یۆنان، ڕۆژی سێشەممە وتی: “22 کۆچبەریان خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانن و 17 یان خەڵکی باشووری کوردستانن“.
کۆچبەرەکان لە تورکیاوە بۆ ئیتاڵیا بەڕێکەوتبوون، ڕۆژی١٨ی ئەم مانگە لە یۆنان لەلایەن پۆلیسی دەریاوانی ئەو وڵاتەوە دەستگیرکراون.
ئەو چالاکوانە کە لەگەڵ کۆچبەرەکاندا قسەی کردوووە دەڵێت: “یۆنان رەوانەی تورکیای کردنەوە و کۆچبەرەکان خۆیان پەیوەندییان بە پۆلیسی تورکیاوە کرد و دوای چوار کاژێر پۆلیس چوو بە هانایانەوە و بردنییەوە تورکیا“.
بەگوێرەی ئەوڤیدیۆیانەی کۆچبەرەکان تۆماریان کردووە، لەنێو بەلەمەکەدا ژمارەیەک ژن و منداڵ هەن.
هەر رۆژی سێشەممە ١٩ی مانگ هەواڵی دیارنەمانی دوو بەلەمی دیکەی کۆچبەران کە لە لیبیاوە بۆ ئیتاڵیا بەڕێکەوتوون بڵاوبووەتەوە و دەگوترێت زۆرینەیان کوردن.
بە گوێرەی رێکخراوی نێودەوڵەتی تایبەت بە کۆچ، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو 12ـی مانگی ٨، 85 هەزار و 747 کۆچبەر چوونەتە ئەورووپا کە 80 هەزار و 708یان بە دەریادا چوون. لە هەمان ماوەدا هەزار و 212 کەس لەو رێگەیەدا بێسەروشوێن بوون یان مردن لەکاتێکدا کە ئاماری پار سێ هەزار و 812 کەس بوو.