به‌پێی ڕاپۆرتی ناوه‌نده‌كانی مافی مرۆڤ، دادگایه‌ك له توركیا پاش چوار مانگ به‌ندكران، حوكمی دیپۆرتكردنه‌وه‌ی “بیژه‌ن مورادی” ناسراو به “هه‌ڵمه‌ت”، په‌نابه‌ری سیاسی كوردی ده‌ركردووه و ئه‌گه‌ری هه‌یه ڕاده‌ستی ئێران بكرێت.
ڕۆژی دووشه‌ممه ٢١ی ڕه‌شه‌مه، “دڵنیا مه‌ولوودزاده” هاوژینی “بیژه‌ن مورادی” له گرته ویدیۆیه‌كدا وێڕای پشتڕاستكردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌واڵه، داوای له ته‌واوی ناوه‌نده‌كانی مافی مرۆڤ كرد یارمه‌تیان بده‌ن و ڕێگه نه‌ده‌ن هاوسه‌ره‌كه‌ی ڕاده‌ستی كۆماری ئیسلامی بكرێت. به‌وته‌ی دڵنیا، بیژه‌ن له ماوه‌ی به‌ندكرانیدا له كه‌مپی دیپۆرتیه‌كانی ئه‌دێرنه، له مافی په‌یوه‌ندی ته‌له‌فوونی له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌ی زیندان و بنه‌ماڵه‌كه‌ی بێبه‌ش كراوه و ئه‌و هه‌ڵسووكه‌وته‌ی پۆلیسی توركیا نیگه‌رانی لای بنه‌ماڵه‌كی درووست كردووه.