كۆڵبه‌رێك له سنووری پیرانشار له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ڕژیمه‌وه كوژرا و ته‌رمه‌كه‌ی له ژێر به‌فردا دوزراوه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها له سنووره‌كانی مه‌ریوان، نه‌وسوود و بانه چوار كۆڵبه‌ری دیكه به ته‌قه‌ی هێزه‌كانی ڕژیم و لێدان بریندار كراون.
به‌پێی ڕاپۆرتی كۆڵبه‌رنیووز، ڕۆژی دووشه‌ممه ٢١ی ڕه‌شه‌مه، كۆڵبه‌رێكی خه‌ڵكی پیرانشار به ناوی “محه‌ممه‌د گه‌نجه” ون بووه و ڕۆژی چوارشه‌ممه ٢٣ی ڕه‌شه‌مه، ته‌رمه‌كه‌ی له سنووری په‌تكی، له ژێر به‌فردا له‌لایه‌ن خه‌ڵكی مه‌ده‌نی و بنه‌ماڵه‌كه‌یه‌وه دۆزراوه‌ته‌وه. ڕۆژی سێشه‌ممه ٢٢ی ڕه‌شه‌مه، كۆڵبه‌رێكی خه‌ڵكی گوندی “به‌رده‌ڕه‌شی” مه‌ریوان به ناوی “به‌همه‌ن ڕاه په‌یكه‌ر” ته‌مه‌ن ٢٢ ساڵ به ته‌قه‌ی هێزه‌كانی ڕژیم له سنووری ئه‌و شاره بریندار كرا. هه‌مان ڕۆژ له سنووری نه‌وسوود كۆڵبه‌رێكی خه‌ڵكی داڵاهوو به ناوی “ته‌یموور ته‌هماسبی” ته‌مه‌ن ٣٢ ساڵ به ته‌قه‌ی هێزه‌كانی حكوومه‌ت بریندار و ڕه‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی تاڵقانی كرماشان كرا، كۆڵبه‌رێكی دیكه‌ی خه‌ڵكی سنه له هه‌مان سنوور به ناوی “خه‌بات فه‌ره‌جی” پاش ده‌ستبه‌سه‌ركران، به لێدان و ئه‌شكه‌نجه بریندار بوو. ڕۆژی چوارشه‌ممه ٢٣ی ڕه‌شه‌مه، كاسبكارێكی خه‌ڵكی گوندی چۆمانی سه‌ر به شاری بانه به ناوی “محه‌ممه‌د ته‌وفێقی” به ده‌ستڕێژی گوله‌ی سه‌ركوتگه‌رانی كۆماری ئیسلامی بریندار و ڕوانه‌ی نه‌خۆشخانه كرا.