گیانله‌ده‌ستدان و برینداربوونی چوار كۆڵبه‌ر له‌ سنووره‌كانی بانه و نه‌وسوود

ماڵپه‌ڕی په‌یام

ڕۆژانی هه‌ینی و یه‌كشه‌ممه‌ ٣ و ٥ی خاكه‌لێوه‌ی ١٤٠٣، دوو كۆڵبه‌ر به‌ ناوه‌كانی “سۆران عه‌بدی” خه‌ڵكی بانه و “محه‌ممه‌د بایه‌ر محه‌ممه‌دی” خه‌ڵكی گوندی زێڕانی جوانڕۆ به‌ ته‌قه‌ی ڕاسته‌وخۆ و جه‌ڵته‌ی دڵه‌وه‌ گیانیان له‌ده‌ستدا و دوو كۆڵبه‌ری دیكه‌ به‌ ناوه‌كانی “”ئومید مورادی” خه‌ڵكی مه‌ریوان و “میلاد بایه‌ر محه‌ممه‌دی” ته‌مه‌ن ١٥ ساڵ به‌هۆی به‌ربوونه‌وه‌ له‌ به‌رزایی بریندار بوون.

به‌پێی ڕاپۆرتی كۆڵبه‌رنیووز، ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌، كۆڵبه‌رێكی گه‌نج به‌ ناوی “سۆران عه‌بدی” ته‌مه‌ن ٢٢ ساڵ، خێزاندار، به‌ ته‌قه‌ی هێزه‌كانی هه‌نگی مه‌رزی بانه گیانی به‌خت كرد. هه‌مان ڕۆژ له‌ سنووری نه‌وسوود كۆڵبه‌رێكی خه‌ڵكی مه‌ریوان به‌ ناوی “ئومید مورادی” ته‌مه‌ن ٤٠ ساڵ، خێزاندار و باوكی منداڵێكی نه‌خۆش، به‌ هۆی به‌ربوونه‌وه‌ له‌ به‌رزایی و بڕانی تاندوونی لاقی چه‌پ، به‌سه‌ختی بریندار و ڕه‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه كرا. ڕۆژی هه‌ینی، كۆڵبه‌رێكی خه‌ڵكی گوندی “زێڕان”ی سه‌ر به‌ شاری جوانڕۆ به‌ ناوی “محه‌ممه‌د بایه‌ر محه‌ممه‌دی” له‌كاتی كۆڵبه‌ری جه‌ڵته‌ی دڵ لێی دا و گیانی له‌ده‌ستدا. ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌، كوڕی ته‌مه‌ن ١٥ ساڵی ئه‌و كۆڵبه‌ره‌ به‌ ناوی “میلاد بایه‌ر محه‌ممه‌دی” له‌كاتی كۆڵبه‌ری له‌ هه‌مان سنووردا به‌ هۆی به‌ربوونه‌وه‌ له‌ به‌رزایی، بریندار بووه‌. له‌ هه‌واڵێكی دیكه‌دا، به‌یانی دووشه‌ممه‌ هێزه‌كانی هه‌نگی مه‌رزی نه‌وسوود، باری ده‌یان كۆڵبه‌ریان زه‌وت كردووه‌.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە

پەیام نێت

گەلەری

هاوڕێمان بن! ​

پەیوەندی

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net