بە بایکۆتکردنی چالاکانە، هەڵبژاردنی موهەندیسی کراوی حکوومەت، بکەین بە خاڵی لاوازی ڕژیم
دەنگیئێمە ڕوخاندنی شۆڕشگێڕانەی حکوومەتی ئیسلامییە
بە “کەوتنەخوارەوەی” هەلیکۆپتەری ئیبراهیم ڕەئیسی و شاندەکەی یاوەری، هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆککۆماریی بۆ دیاریکردنی چواردەهەمین سەرۆککۆماری ڕژیم و پێشخزمەتی ڕێبەر، لە ٨ی پووشپەڕی ١٤٠٣دا بەڕێوە دەچێت. شۆڕای نیگەهبانی ژێر فەرمانی ڕێبەری ڕژیم، لیستی کاندیدە خوازراوەکانی بازنەی بەرتەسکی دەسەڵاتی بۆ “کێبڕکێ” و شانۆی گاڵتەجاڕانەی “هەڵبژاردن” دیاری کردووە. ڕێکخستنی کاندیدەکان بە جۆرێکە کە ویستی ڕێبەری ڕژیم بۆ دیاریکردنی پێشخزمەتێکی نوێ، بە تەواوی بەدی بێنێت. هەروەها دانانی “ڕیفۆرمخوازێک“ی بێ زیانی حکوومەتی، گوێڕایەڵ و ستایشکاریی ڕێبەریش، بە ئامانجی بەشداری هەرچی زیاتری بەرەی ئیسلاخواز و لایەنگەرەکانیان، ئەنجامدراوە کە بێ ئاکامیش نەبووە. کاردانەوەی ئەرێنی سەرجەم باڵە ناوخۆییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ناو بازنەی بەرتەسکی دەسەڵات، دەریدەخات دەدات کە هەموویان ترسیان لە بەهێزبوونی جەماوەر هەیە و بە هەموو شێوەیەک هەوڵی هێشتنەوەی دۆزەخێک بەناوی کۆماری ئیسلامی دەدەن. خەڵک بەپێی ئەزموون بەو ڕاستییە گەیشتوون کە ئومێدەوار بوون بە سندوقێکی دەنگدانی لەپێشدا موهەندیسی کراوی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، جگە لە درێژەی هەژاری و بێکاری و ڕۆژ ڕەشی، هیچی تر نییە. لە ئاکامی ئەم ئاڵوگۆڕانە لە کەشی سیاسی کۆمەڵگادا و لە سەر بەستێنی دەروونناسی جەماوەری خەڵک، وەڕێخستنی هەراوهوریا و جەنجاڵی هەڵبژاردنی ڕژیم، هیچ کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەبووە. کۆمەڵگا هیچ گرنگییەکی بەم یارییە دووبارە و بئ ئاکامە نەداوە. تەنانەت کاردانەوەکان لەسەر ئاستی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش ئەوەندە کەم ڕەنگە کە بەرپرسانی حکوومەتی نیگەران کردووە.
واقیعییەت ئەوەیە کە خەڵکی ئێران لە مێژە حکوومەتی ئیسلامی و سەرجەم باڵەکانی ناو ئەو ڕژیمەیان تێپەڕاندووە. ئەوان بیر لە سەردەمی دوای داڕمانی ئەم نیزامە دۆزەخییە دەکەنەوە. سەردەمی دوو جەمسەریی درۆینە لە نێوان خراپ و خراپتردا کۆتایی هاتووە. خەڵک هەم ڕیفۆرمخوازانی حکوومەت و هەم بناژۆخوازانیان ئەزموون کردووە. چەندین ڕاپەڕینی کۆمەڵایەتی گەورەیان بەمەبەستی ڕوخاندنی شۆڕشگێڕانەی حکوومەتی ئیسلامی ناوەتە پشت سەر. دوایین نموونەی ڕووبەڕووبوونەوەی خەڵک و حکوومەت، لە ئاخێزی شۆڕشگێڕانە و شێلگیر و بەردەوامی ژینادا بوو. ئەم ئاخێزە گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی لە کۆمەڵگادا پێکهێناوە و ئاراستەکەیەکی نیشانداوە کە گەرانەوەی بەرەودوا، مەحاڵە. درێژەی شۆڕشی ڕوو لە قوڵبوونەوەی فەرهەنگی و پەرەسەندنی سیکۆلاریزمی فێمینیستی، دێموکراتیک و لە خوارەوە، بە جۆرێکە کە تەنانەت زۆرێک لە باوەڕدارانی ئایینیش، لە ڕاستی و دروستییەکەی تێگەیشتوون و بە شێوەیەکی لێبڕاوانە دیفاعی لێدەکەن و ئامادەن لەپێناویدا ڕەنج و ئازارەکانی زیندان قبووڵ بکەن.
گەشە و قووڵبوونەوەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا، تەنیا بوارەکانی ئازادی و سیکۆلاریزمی پێشکەوتنخوازانە لەخۆ ناگرێت، بەڵکوو پەرەسەندنی بەردەوامی وبزووتنەوە داواکاریی– چینایەتیەکانیش قووڵایی و بەرفراوانبوونی ئەم ئاخێزەی پەرە پێداوە. خەباتی درەوشاوەی کرێکاران، مامۆستایان، دادخوازان، پەرستاران، خانەنشینان، جووتیاران و هتد، لەپێناو داواکارییە سنفییەکانیان و لێکهەڵپێکرانی بە داخوازییە گشتییەکانی ژنان، نەتەوەکان، لاوان و ستەمدیتووانی فەرهەنگی و مەزهەبییەوە، یەکێکە لە دەستکەوتەکانی ئێستای گەشە و پەرەسەندنی ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە. ئێستا بزووتنەوەی داواکاریی– چینایەتی کرێکاران و زەحمەتکێشان، بووەتە بەستێنێکی گونجاو بۆ لێکهەڵپێکرانی خەبات لەپێناو ئازادی و خەبات لە پێناو ناندا. ئێستا ئیتر خەبات بۆ یەکسانی مافی ژنان لەگەڵ پیاوان لە هەموو بوارەکاندا، مافی هاوڵاتیبوون بۆ سەرجەم نەتەوەکان و خەباتی ئەوان بۆ نەهێشتنی ستەمی نەتەوایەتی و یەکگرتوویی خۆبەخشانە، لەگەڵ خەبات لەپێناو دەستەبەری کۆمەڵایەتی گشتگیر و دابینکردنی هەلومەرجی ژیانی شایستەی ئینسانی، بۆ هەمووان و ڕێکخستنەوەی ئابووری لەسەر بنەمای خواست و پێویستی هەموو جەماوەر، بەتایبەتی هەژاران و زەحمەتکێشان، بەیەکەوە گرێدراوە. پرۆسەیەکی لەم شێوەیە بەبێ پشتبەستن بە ئازادییە سیاسییە بێ شەرت مەرجەکان و دێموکراسییەکی بەردەوام و لە خوارەوە، هیچ دەرئەنجامێکی نابێت. ئاسۆیەکی لەو شێوەیە، هەموو هێزە ڕەنگاوڕەنگەکانی بەرەی بۆرژوازی و سەرجەم بەرگریکارانی نیزامی سەرمایەداری بەڕیز کردووە و لە بەرامبەر شۆڕشی بەردەوام و ڕوو لە قووڵتربوونەوەی ژینادا ڕاگرتووە.
ئێمە وەک داکۆکیکارانی ئازادی، دێموکراسی و سۆسیالیزم لەسەر ئەو بڕوایەین کە هەوڵی دەسەڵات بۆ ڕێکخستنەوەی ئۆرگانە حکوومەتیەکان، بە ئامانجی یەکخستنی هێزەکانیەتی، بەمەبەستی سەرکوتکردنی هەرچی زیاتری بزووتنەوەی جەماوەری. گەمەی گاڵتەجاڕانەی دیاریکردنی پێشخزمەتی داهاتووی وەلایەتی فەقی، جگە لە چەواشەکاری و خۆڵکردنە چاوی جەماوەر و یەکدەست کردنی ڕیزەکانی خۆی، هیچ مەبەستێکی تری لەپشت نییە. خەڵکی ئێران بیر لە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی دەکەنەوە. لەپێناو ئەم گۆڕانکارییەانەدا، یەکخستنی زۆرترین هێز بە گرتنەبەری تاکتیکە کەم هەزینە جەماوەرییەکان، سازماندان و خۆڕێکخستنی هەرچی زیاتر، لێک نزیکبوونەوە و یەکگرتویی و دیفاعی بەردەوام لە ویست داخوازی و دروشمی بەشە جۆراوجۆرەکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و جەماوەرییەکان، پاڵپشتی و پاراستنی کادیر و ڕێبەرانی سروشتیی بزووتنەوەکە و هەروەها خەباتی هاوئاهەنگ بۆ ئازادی سەرجەم زیندانیانی سیاسی، لە زومرەی گرنگترین ئەرکەکانی ئەم قۆناغەن. لە بەرامبەر هەوڵەکانی دەسەڵات بۆ ڕێکخستنەوەی خۆی، پێویستە بزووتنەوەی جەماوەریش هەوڵی خۆڕێکخستن و یەکگرتووکردنی هەرچی زیاتری خەباتی خۆی بدات. بە بایکۆتکردنی چالاکانەی شانۆی هەڵبژاردنی دەسەڵات، بە چۆڵکردنی شەقامەکان و بەتایبەتی ناوەندەکانی دەنگدان، دەکرێت بە دەسەڵاتی سەرەڕۆ نیشان بدرێت کە خەڵک ڕێگەیەکی جیاوازتری هەڵبژاردووە. ئەمڕۆ ئێران بۆ ڕزگاربوون لە دۆزەخی کۆماری ئیسلامی و بەرنامە کارییە شکستخواردووەکانی لە هەموو بوارەکاندا، پێویستی بە گۆڕانکارییەکی بنچینەیی، بە دەستی بەتوانای جەماوەر و بە تایبەت کۆمەڵانی خەڵکی کرێکار زەحمەتکێش هەیە. با بە هەموو هێزمانەوە، وەڵامی ئەم پێویستییە بدەینەوە. بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی حکوومەتیدا، واتە دەنگدان بە مانەوەی ئەم دەسەڵاتە جینایەتکار و سەرکوتگەرە. با گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنی موهەندیسی کراوی حکوومەت، بکەینە خاڵی لاوازی ڕژیم.
بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی
سەرکەوتوو بێ شۆڕشی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران
بژی ئازادی، دێموکراسی و سۆسیالیزم
ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر) و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
شەممە 26ی جۆزەردانی ١٤٠٣/ ١۵ی ژوئێنی ٢٠٢٤