ڕۆژی یه‌كشه‌ممه ١٧ی پووشپه‌ڕ، كۆمه‌ڵێك له كرێكاران، چالاكانی كرێكاری و ئه‌ندامانی كۆمتیه‌ی هاوئاهه‌نگی بۆ دامه‌زراندنی ڕێكخراوه‌ی سه‌ربه‌خۆی كرێكاری له شاری سنه له به‌یاننامه‌یه‌كدا سه‌پاندنی تۆمه‌تی ناڕه‌وای به‌غی به‌سه‌ر شه‌ریفه محه‌ممه‌دی و مه‌حكووم كردنی به ئێعدام‌یان به توندی شه‌رمه‌زار كرد و خوازیاری ئازادی بێ شه‌رت و مه‌رجی بوون.
له به‌شێكی ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌دا هاتووه، كرێكاران، زه‌حمه‌تكێشان و خه‌ڵكی ئازادیخواز، هه‌ر ئه‌و جۆره كه ئاگادارن، شه‌ریفه محه‌ممه‌دی كه‌سایه‌تی خۆشناو و كارگه‌ری تێكۆشه‌ری بزووتنه‌وه‌ی كرێكارانی ئێران به ناڕه‌وا له‌لایه‌ن ڕژیمی په‌ت و سێداره‌وه به ئێعدام مه‌حكووم كراوه. سه‌پاندنی تۆمه‌تی به‌غی به‌سه‌ر چالاكێكی كرێكاری كه ته‌مه‌نی بۆ به‌رگری له مافی ڕه‌وای هاوچینه‌كانی ته‌رخان كردووه، نیشانه‌ی داماوی ڕژیمێكی سه‌ركوتگه‌ره كه سیاسه‌ته‌كانی شكستی هێناوه و ئێستا ده‌یه‌وێت له ڕێگای نایاساییه‌وه چالاكانی كرێكاری، سنفی، مه‌ده‌نی و مافی ژنان به وه‌حشیانه‌ترین شێوه سه‌ركوت بكات. ئێمه وێڕای شه‌رمه‌زاركردنی ئه‌و حوكمه ناڕه‌وایه، پشتیوانی خۆمان له شه‌ریفه محه‌ممه‌دی ڕاده‌گه‌ینین و داوا ده‌كه‌ین به زووترین كات ئازاد بكرێت.