ڕۆژی سێشه‌ممه ٩ی گه‌لاوێژ، كوردانی شاری قامیشلوو له ڕۆژئاوای كوردستان و چالاكانی سیاسی كورد له چه‌ند وڵاتی ئورووپایی له چه‌ند كۆبوونه‌وه‌ی جیاجیادا، سه‌پاندنی سزای ئێعدام‌یان به‌سه‌ر شه‌ریفه محه‌ممه‌دی و په‌خشان عه‌زیزی به توندی شه‌رمه‌زار كرد.
به‌پێی ڕاپۆرته‌كان، نوێنه‌رانی یه‌كێتیه كرێكارییه‌كانی میدیا و ڕۆژنامه‌وانانی ئازاد له كۆنفڕانسێكی هاوبش دا له شاری قامیشلوو، سه‌پاندنی سزای ئێعدام‌یان به‌سه‌ر شه‌ریفه محه‌ممه‌دی و په‌خشان عه‌زیزی مه‌حكووم كرد، له شاری دێرێك خه‌ڵكی شۆڕشگێڕی ڕۆژئاوا دژبه كۆماری ئیسلامی كۆبوونه‌وه و خوازیاری ئازادی ئه‌و دوو چالاكه كرێكاری و مه‌ده‌نییه بوون. له‌لایه‌كی دیكه‌وه، بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی ژنانی یه‌كگرتووی ڕۆژئاوای كوردستان له به‌یاننامه‌یه‌كدا، كۆماری ئیسلامی به ڕژیمی فاشیستی مه‌لاكان وه‌سف كرد و ڕایگه‌یاند كه ڕۆحی له‌بن نه‌هاتووی بزووتنه‌وه‌ی ژن،ژیان،ئازادی ئیلهامبه‌خشی ژنانی جیهانه و به سه‌ركوتی كۆماری ئیسلامی له ناو ناچێت، به‌ڵكوو به‌هێزتر ده‌بێت. هه‌روه‌ها له شاری هلسینكی فه‌نلاند و له‌به‌رده‌م ناوه‌ندی ئه‌منێستی له له‌نده‌نی به‌ریتانیا، كوردانی ئازادیخواز كۆبوونه‌وه و خوازیاری ئازادی بێ شه‌رت و مه‌رجی شه‌ریفه محه‌ممه‌دی و په‌خشان عه‌زیزی بوون.