به‌یانی سێشه‌ممه ٢٣ی گه‌لاوێژ، كۆمیته‌ی به‌رگری له عوسمان ئیسماعیلی، چالاكی كرێكاری خۆشناوی خه‌ڵكی سه‌قز، ڕاگه‌یاندنی ژماره ٢١ی خۆی سه‌باره‌ت به دۆخی ته‌ندرووستی ناوبراو و گواستنه‌وه‌ی بۆ زیندان بڵاو كرده‌وه.
له‌و به‌یاننامه‌یه‌دا هاتووه، به‌یانی سێشه‌ممه، عوسمان ئیسماعیلی، له ڕێگه‌ی په‌یوه‌ندی تهلهفوونی له‌لایه‌ن لقی ٢ی دادگای ئیجرای ئه‌حكامی سه‌قز به مه‌به‌ستی به‌دواداچوون بۆ وڵامی پزیشكی دادی سنه بانگهێشت كرا. پاش ئه‌وه‌ی ناوبراو سه‌ردانی دادگای كردووه، قازی په‌روه‌نده‌كه به‌و چالاكه كرێكارییه‌ی ڕاگه‌یاندووه كه پزیشكی دادی سنه پشتڕاستی كردووه‌ته‌وه كه عوسمان ئیسماعیلی توانای هه‌یه ماوه‌ی به‌ندكرانه‌كه‌ی له زیندان دا تێپه‌ڕ بكات. هه‌ر به‌و بۆنه‌وه عوسمان ئسماعیلی ده‌ستبه‌سه‌ر و ڕه‌وانه‌ی زیندانی سه‌قز كراوه. گواستنه‌وه‌ی ئه‌و چالاكه كرێكارییه له حاڵێكهدا ڕووی داوه كه ناوبراو كێشه‌ی كاناڵی نۆخاعی هه‌یه و چوار مۆره‌ی بڕبڕه‌ی پشتی پێویستی به نه‌شته‌رگه‌ری هه‌یه. پێشتر پزیشكان به عوسمان ئیسماعیلیان ڕاگه‌یاندبوو كه ئه‌بێ ڕۆژی ٣٠ی گه‌لاوێژ سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌ی فیرووزگهر بكات. ئێستا كه عوسمان ئیسماعیلی ڕه‌وانه‌ی زیندان كراوه، پڕۆسه ده‌رمانیه‌كه‌ی دوا ده‌كه‌وێت و ته‌ندرووستی ده‌كه‌وێته مه‌ترسییه‌وه. شایانی باسه كه ئه‌و چالاكه كرێكارییه له‌و كاته‌وه كه مه‌ره‌خه‌سی ده‌رمانی پێ دراوه، چه‌ند جار له سنه، مهاباد و تاران نه‌شته‌رگه‌ری بۆ كراوه. كۆمیته‌ی به‌رگری له عوسمان ئیسماعیلی ڕایده‌گه‌ینێت كه گواستنه‌وه‌ی ناوبراو بۆ زیندانی سه‌قز به ئاگاداری ناوه‌نده ئه‌منیه‌تیه‌كانی كوردستان و دادستانی سه‌قز ئه‌نجام دراوه و له‌سه‌ر دۆخی ته‌ندرووستی ئه‌و چالاكه كرێكارییه زانیاری ته‌واویان هه‌یه. به‌و بۆنه‌وه ئه‌گه‌ر مه‌ترسییه‌ك له‌سه‌ر گیانی كاك عوسمان درووست بێت، به‌رپرسیاره‌تیه‌كه‌ی ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی به‌رپرسانی ئه‌منیه‌تی، قه‌زایی و سه‌رۆكی زیندانی سه‌قز و ئێمه خوازیاری ئازادی بێ شه‌رت و مه‌رجی ناوبراوین.