ئەو وانانەی کە پێویستە لە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا، فێری بین
هەڵسەنگاندنی هاوبەشی ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر) و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا کە ٢٥ی خەرمانانی ساڵی ١٤٠١ لە لایەن ژنانی کوردستانەوە بە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” لە گۆڕستانی ئایچی شاری سەقز و لەسەر گڵکۆی ژینا مێهسا ئەمینی دەستی پێکرد، دوو ساڵی بەسەردا تێدەپەڕێت و لە کاتێکدا کە خەریکە پێدەنێتە ناو سێهەمین ساڵی خۆیەوە، لە فۆرم و شێوازی جۆراوجۆردا هەروا بەردەوامە. دوو ساڵی ڕابردوو دەریخست کە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی “ژن، ژیان، ئازادی”، بزووتنەوەیەکی داواکاری تەوەر، ڕادیکاڵ و شۆڕشگێڕانەیە، بزووتنەوەیەکی جەماوەرییە کە لە خوارەوە شکڵی گرتووە و سەرجەم ئەو توێژانە لەخۆدەگرێت کە حەقدەست و مووچە وەردەگرن و لایەنگر و بەرگریکاری لەناوبردنی هەر چەشنە ستەم و نایەکسانی و هەڵاواردنێکە بەبێ لەبەرچاوگرتنی جنسییەت، نەتەوە، ڕەگەز، زمان، بیروباوەڕی ئایینی، ئاراستەی جنسی و جێندەری. ئەم بزووتنەوەیە لە قوڵایی کۆمەڵگاوە سەری هەڵداوە، جێگە و پێگەی خەباتی لە نێو جەماوەر و لە نێو وڵاتدا جێگیر و پتەو کردووە. ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە درێژەی بزووتنەوەی چین و توێژە زەحمەتکێشەکانی وڵاتە لە مانگی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨دا کە هەڵگری زۆرێک لە ویست داواکارییەکانی ئەو ناڕەزایەتیانەیە. لە دووهەمین ساڵیادی ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیەدا، چاوخشاندنێک بەسەر تایبەتمەندی و دەستکەوت و کەموکوڕییەکانی، دەتوانێ بەسوود بێت لەپێناو هەنگاونان بەرەو داهاتوویەکی باشتردا.
١- ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا لە هەنگاوی یەکەمدا تەقینەوەی ڕق و توڕەیی پەنگخواردووی ژنان بوو لە دژی ئاپارتایدی فرەڕەهەندی جێندەریی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیە سەرکوتی سیستماتیک، کە توانی ڕزگاریی ژن لە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی”دا بکاتە هێمایەک لەسەر ئاڵای
بزوتنەوەکە. ژنانی بوێری ئێران و بەتایبەت کچانی لاو و چاونەترس، نەک هەر سەرپۆش و حیجابی ئیجبارییان وەک ئاڵای دەسەڵاتی ئیسلامی، نایە ژێرپێ، بەڵکوو سەرەڕای دڕندانەترین سەرکوتی فاشیستی، شەپۆلی بەهێزی ئازادپۆشییان بەجۆرێک جێگیر کرد کە بووە مایەی سەرنج و سەرسامیی خەڵکی جیهان. ژنانی بوێر وەک پێشەنگەکانی شۆڕشی ئێستا، بە ڕێکخستنی خۆڕاگرییەکی مەدەنیی درەوشاوە و سەرتاسەری، شۆڕشێکی قووڵی فەرهەنگییان لە کۆمەڵگادا پێکهێناوە. ڕواڵەتی ئەمڕۆی شارەکانی ئێران بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ ڕواڵەتی چەند ساڵ لەمەوبەر، بەراورد ناکرێت. هەموو هەوڵەکانی حکوومەت، سەرەڕای بوونی ٢٢ ڕێکخراو و دامەزراوەی کۆنترۆڵ و چاوەدێریی “حیجاب و عیفاف” و تەنانەت گەشتە بەدناوەکانی “نوور”یش، بە تەواوی لەگەڵ شکست و ناکامی بەرەوڕوو بووەتەوە. ئەم شۆڕشە بەرینە فەرهەنگییە بە ئاراستەی بنیاتنانی سیکۆلاریزمێکی فێمینیستی، دێموکراتیک و لە خوارەوە لە کۆمەڵگادا بەرەوپێش دەچێت.
٢- ڕۆڵی ژنانی لاو لە شۆڕشی ژینادا هاوڕێ لەگەڵ کوڕان و پیاوانی لاو و تێکۆشەر، زۆر دیار و بەرچاوە. ئەوان شانبەشانی یەکتر، زەمینەی پێکهاتنی شۆڕشێکی فەرهەنگی جەماوەرییان لەخوارەوە، خۆشکردووە. ئەم شۆڕشە فەرهەنگییە بەهێزە، بووەتە هۆی لاوازبوونی نەریتی کۆنەپەرستانەی پیاوسالاری و باوەڕ بە جیایی دین لە دەوڵەت و یەکسانیی مافی ژنان و پیاوانیان لە هەموو بوارەکاندا، بردووەتە ناخی کۆمەڵگاوە. ئەم گۆڕانکارییە ناوازەیە، ڕێگای بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی بەدوور لەو دواکەوتووترین سیاسەت و دابونەریتانە خۆش کردووە کە لەلایەن فاشیزمی ئایینییەوە لە ئێران بە یاسایی کراوە. ئەم شەپۆلە بەهێزە فەرهەنگییە دژە پیاوسالارییە، تەنانەت کاریگەری لەسەر ژنان و پیاوانی خاوەن بیروباوەڕی ئایینیش داناوە و وایکردووە کە سەرلەنوێ بە تێڕوانین و بیروباوەڕەکانیاندا بچنەوە. ئاشکرایە کە ئەم بزاڤە بەهێزە فەرهەنگییە تا گەیشتن بە ڕیشەکێشکردنی تەواوەتی یاسا و ڕێسای پیاوسالاری و هەڵاواردن، ڕێگایەکی دوور و درێژی لەپێشە و پێویستی بە هێزێکی بەرینی گۆڕانخوازە هەیە بۆ گۆڕینی ئەم یاسا و رێسا کۆنەپەرستانەیە. یاساگەلێکی وەک میرات، هاوسەرگیری، تەڵاق، سەرپەرشتیکردنی منداڵ، سەفەر و کار و قەساس و هتد، کە بەشێوەیەکی گشتی بە پشتبەستن بە نەریتی جێکەوتووی پیاوسالاریی، سەپێنراون، دەبێ هەڵبوەشێنرێنەوە و یاسای نوێ لەسەر بنەمای مافی یەکسانیی تەواو بۆ ژنان و پیاوان، دابڕێژرێت.
٣- لەسەر بەستێنی شۆڕشی ژینا، بزووتنەوەی ڕوو لە پێشکەوتنی داواکاریی تەوەر، گەیشتووەتە ئاستێک لە پێگەیشتوویی بێ وێنە. لە هەنگاوی یەکەمدا پۆتانسێل و توانایی بەرچاوی ئەم بزووتنەوەیە، لە داڕمانی ئابووری و خراپتر بوونی بەردەوامی ئاستی ژیانی زۆربەی هەرەزۆری خەڵکەوە سەرچاوە دەگرێت. “ژیان” لە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی”دا بەهرەمەند بوون و چێژوەرگرتن لە خۆش بژێوی گشتیی کۆمەڵگای، بە ئامان گرتووە. کاتێک “ژیان” لە تەنیشت “ژن” وەک بزوێنەری خەبات لەدژی ئاپارتایدی جنسییەتی و “ئازادی”، واتە ڕزگاربوونی مرۆڤ لە کۆت و بەندی ستەم و سەرەڕۆییە ڕەنگاوڕەنگەکاندا خۆی دبینێتەوە، زەمینە بۆ لێک هەڵپێکرانی “خەبات لەپێناو ئازادی” و “خەبات لەپێناو نان”دا دەرەخسێت. ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا، خەبات لەپێناو ئازادی و خەبات لەپێناو نانی، بەیەکەوە گرێداوە. کاتێک شۆڕش ئەرکی جەماوەرە، بەرەوپێشبردنیشی دەکەوێتە سەر شانی زۆرینەی ڕەهای کۆمەڵگا. کۆمەڵگا بەسەر چین و توێژی جیاوازدا دابەش دەبێ و هەر چین و توێژێک لە چوارچێوەی ئەو بزوتنەوانەدا، خاوەنی ویست و داواکاری جیاوازن. هەربۆیە ئێستا شاهیدی پڕکردنەوەی بۆشایی نێوان داواکاری ئازادیخوازانە و مەدەنین بە هێنانە ئارای ویست و داواکاری کۆمەڵایەتی و یەکسانیخوازانە. دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بەردەوام هەوڵی داوە کەلێنی گەورە لە نێوان داخوازی فەرهەنگی و ویست و داخوازییە چینایەتییەکانی خەڵکدا دروست بکات و بە پشتبەستن بە نەریتی پیاوسالاری و یاسا و ڕێسای کۆنەپەرستانە و دژە ژن، بەر بە لێکنزیکبوونەوە و یەکڕیزی جەماوەر بگرێت و بزووتنەوەی یەکگرووانەی جەماوەر تێبشکێنێت. بەڵام شۆڕشی ژینا کۆتایی بەم هەوڵەی دەسەڵات هێنا. ژنانی بەهێز و بەتوانا کە هەم لە بواری فەرهەنگیدا قورسترین گوشاری کۆنەپەرستانی ئاینییان تەحەمول کردووە و هەم بەهۆی بە ژنانەبوونی هەژارییەوە، باری قورسی قەیرانی ئابوورییان لەسەرشانە، بوونەتە یەکێک لە کاراکتەر و بەشە چالاکەکانی لێک نزیککردنەوە و یەکڕیزی بەرینی جەماوەریی. ئەمڕۆ شانبەشانی بزووتنەوەی ئازادیخوازانە و یەکسانیخوازانەی ژنان، ئازادپۆشان، بنەماڵەی دادخوازان، بزووتنەوەی ناڕەزایەتی گەنجان لەپێناو ژیانێکی ئاسایی و هەروەها بزووتنەوەی نەتەوە ستەملێکراوەکان لەپێناو کۆتاییهێنان بە هەڵاواردنی سیستماتیک و جێگیر، شاهیدی بزووتنەوە گەلێکی چینایەتی و داواکاریی تەوەری درەوشاوەین. بزووتنەوە داواکارییەکانی مامۆستایان، ناڕەزایەتییە داواکاری تەوەرەکانی پەرستاران، مانگرتنی پیشەیی کرێکاران، کۆبوونەوە و خۆپێشاندانی یەکگرتووانەی خانەنشینان و مافخوازیی جووتیاران، شانبەشانی بزووتنەوە ئازادیخوازەکان خەریکن پەرە دەستێنن. ئەم بزاڤانە خەبات لەپێناو ئازادی و خەبات لەپێناو نان دا بەیەکەوە لێک هەڵدەپێکن و لە درێژەی خۆیاندا کۆڵەکە سەرەکییەکانی دەسەڵات دەخەنە لەرزە.
4- بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا کە بە پێشەنگایەتی بزووتنەوەی ژنان و هاوخەباتیی لاوانی بوێر، توانی ئێران بگۆڕێت، بەبێ پشتیوانی نەتەوە ستەملێکراوەکان و بیرجیاوازانی ئایینی و فەرهەنگی، نەیدەتوانی بەم ڕادەیە جەماوەریی بێتەوە. دروشمی “ئازادی” و “ژیان” گوزارشت لە مافی یەکسان بۆ سەرجەم شارۆمەندانی وڵات و مافی ئازادی بیروباوەڕ و ڕادەربڕینی گشتیش دەکات. سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا لە کوردستانی ستەملێکراوەوە، هەڵگری واتایەکی ڕەمزیی ڕوون و ئاشکرا بوو. هاوخەباتیی کوردستان و بەلوچستان لەگەڵ ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا بە درێژایی دوو ساڵی ڕابردوو، وەک دوو جوگرافیای زوڵم لێکراو لەباری نەتەوەییەوە، هەڵگری پەیامێکی ڕوونی هاوپشتی و یەکڕیزییە. ئەگەر هەڵاواردنی ڕەگەزی ژیانی بۆ ژنان و ئاڕاستە جنسییەکانی دیکە کردۆتە دۆزەخ، هەڵاواردنە نەتەوەیی، فەرهەنگی و ئایینییەکانیش رۆژگاری زۆرێک لە خەڵکی ستەملێکراوی ئێرانی، تاڵ کردووە. ئەوەی کە ژنان، ئایینە غەیرە شیعەکان، بیرجیاوازانی ئایینی و ئەقیدەتی، لە کۆماری ئیسلامیدا لە مافی یەکسانی هاووڵاتیبوون بەهرەمەند نین، لە هیچ کەس شاراوە نییە. ئەم جیاوازی و هەڵاواردنە فرەڕەهەند و بەربڵاوە، زەمینەی بۆ لێکنزیکبوونەوە و یەکگرتوویی زیاتر لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی جەماوەردا ڕەخساندووە. کوردستان و بەلوچستان لە زومرەی ناوەندە سەرەکییە پر جۆش و خرۆشەکانی ئەم بزووتنەوەیەن کە بوونی هەڵاواردنی جۆراوجۆری نەتەوەیی، ئایینی، پەراوێزکەوتوویی ئابووری و هەژاری لەڕادەبەدەر لەو ناوچانە، دۆخێکی تایبەتی و نزیک لە تەقینەوەی، خوڵقاندووە. دروشمی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی کورد و خەڵکی بەلووچ لە سەرتاسەری ئێران کە لە ناخی شۆڕشی ژینانەوە سەریهەڵدا، لە مێژووی هاوچەرخی ئێراندا ڕووداوێکی بێ وێنەیە و هەستی هاوپشتییەکی گشتی خوڵقاندووە و گورزێکی کاریگەری لە شۆڤێنیستە نەتەوەییەکان داوە.
٥- هەرەسهێنانی دیواری ترس و خوڵقاندنی ورەیەکی شۆڕشگێڕانەی درەوشاوە، یەکێکی ترە لە دەستکەوتەکانی شۆڕشی ژینا. خۆڕاگریی زیندانیانی سیاسی و خەبات و ناڕەزایەتییەکانیان و هەروەها سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەی ناڕەزایەتی، لەلایەن ئەو زیندانیانەوە کە لە زیندان ئازاد دەکرێن، بەیانگەری ئەم ورە بەرزییە ناوازەیە. نموونەی درەوشاوەی خۆڕاگریی قارەمانانەی سپیدە ڕەشنوو، سپیدە قولیان، نێرگس محەممەدی، گۆڵرۆخ ئیرایی، ئانیشا ئەسەدوڵڵاهی، ویدا ڕەبانی، چیرۆکی شەلاق لێدانی ڕوئیا حیشمەتی، بوێری و چاونەترسی تۆماج ساڵحی، مێهدی یەراحی، شێرڤین حاجی زادە و دەیان نموونەی سەربەرزانەی تر، نیشانەی ئەو ورە بەرزی و قارەمانەتییەن کە هەڕەشەی ئەشکەنجەگەران، شەلاق، زیندان و سزای لەسێدارەدانی، لە ئاست ئیرادەی ئەو تێکۆشەرانەدا بێکاریگەر کردووە. ئاشکرایە کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، بۆ ڕزگارکردنی خۆی جگە لە سەرکوت، هیچ ئامرازێکی تری بەدەستەوە نییە. شەپۆلی بەربڵاوی بانگهێشتکردن و گرتن و ئێعدامی جینایەکارانە و کوشتنی دەستبەسەرکراوان لەژێر ئەشکەنجەدا، نیشانەی ئەم ئیرادە دزێو و فاشیستییەیە. بەڵام ئەم ڕیسواییە بێ سنوورە، نەک هەر نەبۆتە هۆی چاوترسێن کردنی جەماوەر و هەڵسووڕاوانی بوارە جۆراوجۆرەکان، بەڵکوو بوێری و خۆڕاگریی بێ وێنەی جەماوەر، ڕواڵەتی دزێوی سەرەڕۆیی ئایینیی، ڕەشتر و ڕسواتر کردووە. ئەمڕۆ زیندانی سیاسی بوون، بۆتە بەڵگە و هێمای شانازی بۆ بنەماڵەکان. ئێستا ئيتر دروشمی “زیندانیانی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێن” لە زمانی خانەنشینانی یەکگرتووی کرماشان، مامۆستایانی ژن و کرێکارانی شووش و حەوت تەپە و کرێکارانی نەوتەوە دەبیسترێت. ئەم ڕەوتە نیشانەی ئاستی بەرزی وشیاریی جەماوەر و ڕۆڵ و پێگەی منداڵەکانیانە کە دیلی دەستی ڕژێمێکی سەرەڕۆ و خوێنڕێژن.
٦- بزووتنەوەی ژینا نەک هەر یەکڕیزی و یەکگرتوویی خەباتکارانەی پەرەپێدا و جگەرگۆشە زیندانیکراوەکانی جەماوەری، لە دڵی هەموو لایەکدا جێکردەوە، بەڵکوو تین و تەوژمێکی نوێی بە بزووتنەوەی دادخوازی بەخشی. لەبیرمان نەچۆتەوە کە لە سەرکوتی خوێناوی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینادا، سەدان لاو لە سەرانسەری ئێران بە دەستی هێزە ئەمنییەتی و ئینتیزامییەکانی ڕێژیم گیانیان لە دەست دا. ئەم شەپۆلە وەحسیگەرییە، هاوشێوەی کوشتارە خوێناوییەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨، زۆرێک لە بنەماڵەکانی داغدار کرد. بەڵام داغداربوون تەنیا تایبەتمەندی ئەو بنەماڵانە نییە. ئەوان بوون بە هێزێکی گەورەی دادخوازیی. لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بزووتنەوەی دادخوازی بە شێوەیەکی بەربڵاو هاتووەتەئاراوە. دادخوازانی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا لە پێوەندی لەگەڵ دادخوازانی کۆمەڵکوژییەکانی دەیەی خوێناوی شەست، کۆمەڵکوژی هاوینی ٦٧، کوشتاری کوردستان، بێسەروشوێن کردنەکانی زانکۆ لە ساڵی ٧٦ و هەروەها کۆمەڵکوژیی ساڵەکانی ٨٨، ٩٦ و ٩٨، شەپۆلێکی بەهێزی دادخوازی پێکهێناوە. دادگایی کردنی حەمید نووری جینایەتکار لە سوئێد، هێزێکی زیاتری بەم شەپۆلی داخوازییە بەخشی و ئاستی وشیاری خەڵکی تاڕادەیەکی زۆر بەرزکردەوە. ئێستا بنەماڵەی گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی جەماوەر لە تەواوی ماوەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا، بە شانازییەوە باس لە جگەرگۆشە و ئازیزانیان دەکەن و بزووتنەوەی ماخوازانە و دادخوازیی، کردووە بە یەکێک لە ئامرازەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی ئێران. ئەم بزووتنەوەیە توانیویەتی داواکارییەکانی وەک “نا بۆ لەسێدارەدان” و “هەڵوەشاندنەوەی هەر جۆرە ئەشکەنجە و سزای لەسێدارەدان” بکاتە تەوەری ڕۆژی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە. جگە لەوەش بە هەزاران لەو کەسانەش کە لە بزووتنەوەی ژینادا لەلايەن هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژێمەوە بینایی یان بەشێک لە جەستەیان زیانی بەرکەوت، لەسەر درێژەدان بە خەبات لە سەنگەری بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینادا جەخت دەکەنەوە. هەندێک لەوان گروپی پەیوەندیکردن لەگەڵ یەکتریان پێکهێناوە و ئەزموونەکانیان بەیەوە ئاڵوگۆڕ دەکەن. ئەوان شایەتحاڵی زیندووی وەحشیگەرییەکانی دەسەڵاتن بەرامبەر بە خواستە ڕزگاریخواز و ئازادیخوازانەکان.
٧- یەکێک لە هۆکارەکانی مانەوە و بەردەوامبوونی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا لە بەرامبەر سەرکوتی دڕەندانە و فاشیستی کۆماری ئیسلامی، گرتنەبەری تاکتیکی کەم هەزینە و جەماوەرییە. لە لوتکەی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەدا، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە هەموو هێزەوە بەردەوام هەوڵیدا بۆ ئەوەی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان ڕابکێشێتە ناو ململانێیەکی چەکداریی و بە پاڵپێوەنانی بزووتنەوەی جەماوەریی بەرەو ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیی پێشوەختە، ئەو بزووتنەوە جەماوەرییە لە ڕێگەی سەرکوتێکی نیزامی دڕندانەوە لە شەڕێکی نابەرابەردا، دابمرکێنێتەوە. بەڵام وشیاری هێزە سیاسییەکانی کوردستان، ئەم پیلانەی ڕێژیمی پووچەڵ کردەوە. جگە لەوەش، بەشێک لە هێزەکانی دەرەوەی وڵات کە سواری شەپۆلەکان بوون و هەروەها بەشێک لە گرووپ و لایەنەکانی وابەستە بە زلهێزە بیانییەکانیش، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەڵێنی سەرکەوتنێکى خێرا و پێشوەختەیان دەدا و لەم ڕێگەیەشدا بەرامبەر بە ئەگەری زیانی قورسی گیانیش، هەستیان بە هیچ بەرپرسیارێتییەک نەدەکرد. بەڵام وشیاری گشتیی هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەکە لە ناوخۆی وڵاتدا، ڕێگایەکی دیکەی گرتەبەر. کەڵک وەرگرتنی دروست لە تاکتیکی نافەرمانی مەدەنی لەلایەن ژنانی ئازادپۆشەوە، گرتنەبەری تاکتیکی گونجاو لە لایەن بزووتنەوە داواکاریی تەوەرەکانی مامۆستایان، پەرستاران، کرێکاران، خانەنشینان، جووتیاران و ماڵ لەدەستچووان، ئامرازێکی بەهێز بوون لە دژی سەرکوتی فاشیستی. دەسەڵاتێکی کە بەهۆی دەرکەوتنی تاڵە قژێک، کچەکان دەکوژێت، بەهۆی بەناو بەد حیجابییەوە بڕبڕەی پشتی کچێکی مازەندەرانی دەشکێنێ و تووشی لەکارکەوتوویی دەکات، کیان پیرفەلەک دەداتەبەر دەستڕێژی گوللە و نیکاکان زەجرکوژ دەکات و لاوێکی لاهیجانی لەژێر ئەشکەنجە و ئازاردا دەکوژێت، نیشانی داوە کە چەندە بێبەزەیی و دڕندەیە. خەبات لە ژێر دەسەڵاتی ئاوا ڕێژیمێکدا پێویستی بە گەلێک تاکتیکی وشیارانە هەیە. ئەم وشیارییە تاکتیکییە، یەکێکە لە دەستکەوتەکانی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا کە خۆی لە فۆرمی نافەرمانی مەدەنی، مانگرتن، ناڕەزایەتی، بایکۆتی بەربڵاوی گاڵتەجاڕی بەناو هەڵبژاردنەکانی ڕژێم، بانگەواز، کۆڕوکۆبوونەوەی جۆراوجۆر و کەمپەینەکاندا، نیشان داوە.
٨- یەکێکی تر لە وانەکانی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا، بریتییە لەو پڕەنسیپە بێ ئەملاو ئەولایەی کە شۆڕش کاری جەماوەرە. کاتێک پرۆسەیەکی شۆڕشگێڕانە دەست پێدەکات، ئەوە خەڵکن کە لەسەر بنەمای ویست و ئامانجەکانیان بەرەوپێشی دەبەن. بیرکردنەوە لەوەی کە گۆیا دەتوانرێت بە ڕیکلامی چڕوپڕ و ژاوەژاو و پشت بەستن بە دەرەوەی کۆمەڵگا، خەڵک بەرەو ئەملا یان ئەولا ڕابکێشرێت، بۆچوونێکی بێهودە و شکستخواردووە. زۆرێک لەو هێزانەی کە پشتیان بە زلهێزە دەرەکییەکان بەستبوو و تاوی گەیشتن به دەسەڵاتی خێرا و بێ دەردەسەر دایگرتبوون، لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا بێهیوا بوون و هەندێکجار خەڵکیان بە کەم کاری تۆمەتبار دەکرد و هێرشیان دەکردە سەر توێژی خۆڵەمێشیی ناو کۆمەڵگا”. ئەوان پێیان وابوو کە دەتوانرێت بە وەڕێخستنی شەپۆلی پڕوپاگەندەی ناڕاست، بە پێکهێنانی ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتیانەی کە لە دەرەوە ئاراستە دەکران، بە پێکهێنانی گروپی جۆراوجۆری کە هیچ پەیوەندییەکی ڕێکخراویان لەگەڵ جەماوەری خەڵک نەبوو و تەنها بە پشتبەستن بە لایەنگرانی جیهانی و پشت بەستن بە نەفرەت و بێزاری خەڵک لە ڕژێمی فاشیستی، دەتوانن ئەو گۆڕانکاریانەی کە دەیانەوێت بەدەستی بهێنن. بەڵام ئەم ئومێدە بێهودەیان بوو بە بڵقی سەرئاو. خەڵکی ئێران نیشانیان دا کە ئەوان بە ئاسانی ئامادە نین بەبێ هەبوونی مۆدێلێکی ڕوون، بەبێ بەرچاوڕوونییەکی تەواو سەبارەت بە دەسەڵاتی داهاتوو و هەروەها بەبێ ڕۆڵ و جێگە و پێگەی شوێندانەری خۆیان لە پێشهاتەکاندا، جارێکی تر بە چاوبەستراوی لە چاڵێکەوە بکەونە ناو چاڵێکی تر. سەرەڕای هەموو ئەمانە، لە دوو ساڵی ڕابردوودا، شاهیدی گەشە و بەرەوپێشچوونی جەماوەر لە سەرجەم بوارەکانی خەبات لە دژی فاشیزمی ئایینی بووین .
٩- یەکێکی دیکە لە وانەکانی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا ئەوەیە کە هیچ هێزێک ناتوانێت لەبەرامبەر جەماەری ڕاپەڕیو و ناڕازیدا خۆڕاگریی بکات. ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا تەواوی تەرح و پلانە سەرکوتگەرییەکانی ڕژیم و لەوانە تەرحی یەکدەست کردن و مشتی ئاسنینی لەگەڵ شکست و ناکامی، بەرەوڕوو کردەوە. ڕێژیمی ئیسلامی بە پێشبینی کردنی بزووتنەوە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان، بە پشتبەستن بە ئەزموونەکانی لە ئاخێزەکانی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨، سیاسەتی مشتی ئاسنینی گرتەبەر. بۆ هەرچی گاریگەرتر بوونی ئەو سیاسەتە دژە خەڵکییە، دەستی کرد بە پاڵاوتن و یەکدەست کردنی دەسەڵات و دانانی حکوومەتێکی گوێڕایەڵ و پێشخزمەت. حکوومەتی ڕەئیسی، بە بەکارهێنانی “لاوانی حیزبوڵڵایی هەنگاوی دووهەمی شۆڕشی ئیسلامی” ئەرکی ئەوەی پێ سپێردرابوو کە بەربە پێشڕەوییەکانی جەماوەر بگرێت و لە ئەگەری تەقینەوە جەماوەرییەکاندا، بە مشتی ئاسنین بەرەنگاری خەڵک ببتەوە. کاردانەوەی توند و بێبەزەییانەی دەسەڵات بەرامبەر بە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا لەسەر بنەمای ئەو سیاسەتە بەڕێوە چوو. دەستبەسەرکردنی زیاتر لە ٩٠ هەزار کەس و کوێرکردنی سەدان کەس بە گوللەی ساچمەیی، ئاکامی ئەم سیاسەتە بوو. بەپێی ئەو خەمڵاندنانەی کە مانگی خەزەڵوەری ١٤٠١ لەلایەن دوکتۆرەکانی چاوەوە بڵاو کرایەوە، ٥٨٠ حاڵەتی پشتڕاستکراوەی برینداربوونی سەختی چاو لە کاتی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی “ژن، ژیان، ئازادی”، تەنیا لە یەکەم مانگی ئەو ئاخێزە شۆڕشگێڕانەدا، ڕوویانداوە. لە ٢٦ی خەرمانانەوە تا ٢٠ی بەفرانباری ١٤٠١، زیاتر لە ٥٤٠ کەس لەوانە ٧٤ منداڵی (خوار تەمەنی ١٨ ساڵ) لە سەرتاسەری ئێران، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی گیانیان لەدەستدا. دەسەڵات پێیوابوو کە بەو ئاستە لە دڕندەیی و وەحسیگەریی ڕێکخراوی دەوڵەتی، ئەم ڕاپەڕینە شۆڕشگێڕانەیە سەرکوت دەکات و دەتوانێت بەبێ سەرئێشە، درێژە بە دەسەڵاتەکەی بدات. بەڵام هێزی ناڕەزایەتی جەماوەریی و ئەو نەفرەت و بێزارییە پەنگخواردووەی کە خۆی لە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا و پێشتریش لە بایکۆتی بەربڵاوی گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی ساڵی ١٤٠٠دا، نیشاندابوو. بە جۆرێک کاریگەری دانا کە دوو ساڵ دواتر، دەسەڵات ناچار بوو سیاسەتی پاڵاوتن و یەکدەست کردن بخاتە لاوە، دەست بەداوێنی ئۆپۆزسیۆنی ناوخۆ بێت و بەرەو ئاراستەی دەوڵەتی یەکگرتوویی حکوومەتی هەنگاو بنێت. پێشهاتەکانی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی جۆزەردانی ١٤٠٣ و دەنگی یەکپارچەی متمانەی مەجلیس بە کابینە پەسەندکراوەکەی خامنەیی، نیشانەی ترسی دەسەڵاتە لە ئەگەری تەقینەوەی نەفرەت و بێزاریی پەنگخواردووی جەماوەر لە سەرتاسەری وڵات. دەسەڵات درکی بەوە کردووە کە تەنیا بە مشتی ئاسنین ناتوانێت لە ئاست ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی جەماوەردا خۆڕاگریی بکات. هەربۆیە تێکەڵەیەک لە سیاسەتی سەرکوتی توندوتیژ و فریودانی بەشێک لە چین و توێژەکانی خەڵکیان گرتۆتە بەر. دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، ئەم نەبەردەی بە خەڵک دۆڕاندووە.
١٠- هیچ هێزێکی دەرەکی، لایەنگری بەهێزبوونی خەڵکی ئێران نییە. ئەمە یەکێک لە وانەکانی تری ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینایە. لە سەرەتای ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی “ژن، ژیان، ئازادی”دا، کە باوەڕ بە ئاڵوگۆڕی خێرای دەسەڵات و گرتنەدەستی کۆنترۆڵی دەسەڵات لەلایەن هێزەکانی وابەستە بە زلهێزە بیانییەکانەوە، وەک بۆچوونێکی زاڵ نیشان دەدرا، ئەو بڕوایە هەبوو کە گۆیا بەشێک لە زلهێزە دەرەکییەکان لایەنگری گۆڕینی ڕژێم لە ئێراندان و هەوڵ دەدەن پشتیوانی لە بەدەسەڵات گەیاندنی ئەو هێزانە بکەن کە بە ئاراستەی بەرژەوەندییەکانی ئەوان کار دەکەن. بەڵام درێژە خایاندنی شەڕی جەماوەر لەگەڵ دەسەڵات و زاڵبوونی باری چینایەتی بزووتنەوەی جەماوەریی و هاتنەئارای ویست و داواکارییە جەماوەرییەکانی وەک پەروەردە، بێهداشت و دەرمانی بێبەرامبەر، دەستەبەری کۆمەڵایەتی گشتگیر و هەمەلایەنە، هەڵوەشاندنەوەی شیرکەتە پەیمانکارییەکان هاوکات لەگەڵ خەبات بۆ نەهێشتنی هەر چەشنە هەڵاواردنێکی جێندەری، نەتەوەیی، فەرهەنگی و ئەقیدەتی و هەروەها خەبات لەپێناو سیکۆلاریزمێکی فمینیستی و لە خوارەوە و دیفاع لە ئازادییە بێ شەرت و مەرجە گشتگیرەکان و جەختکردنەوە لەسەر مافی خەڵک سەبارەت بە دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان، زۆرێک لەو وڵاتانەی لە بەهێزبوونی ئەم ڕەوتە نیگەران کردووە. هیچ کام لە وڵاتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە و هیچ زلهێزێکی جیهانیش، خوازیاری ئێرانێکی ئازاد، ئاوەدان، دێموکراتیک و پشتبەستوو بە ئۆرگانەکانی دەسەڵاتدارێتی جەماوەریی نین. جەختکردنەوە لەسەر یەکسانی مافی ژنان و پیاوان، جەختکردنەوە لەسەر نەهێشتنی هەڵاواردنی نەتەوەیی و هەنگاونان بە ئاراستەی یەکگرتوویی خۆبەخشانەی نەتەوەکانی نیشتەجێی ئێران و هەروەها جەختکردنەوە لەسەر مافی خەڵک بۆ بەهرەمەند بوون لە هەموو سەرچاوە و ئیمکاناتەکانی وڵات، بابەتگەلێکی جێگەی پەسەندی زلهێزە پاوانخوازەکان نییە. ئێستا خەڵکی ئێران باشتر لەوە تێگەیشتوون کە زلهێزە دەرەکییەکان بۆچی بە کودەتا دەستکەوتەکانی شۆڕشی مەشرووتەیان تێکشکاند و لە ڕێگەی کودەتاوە کۆتاییان بە دەوڵەتی دوکتۆر موسەددق هێنا و یان بۆچی لە سەردەمی شۆڕشی شکۆداری ڕێبەندانی ساڵی ١٣٥٧دا بە هەموو توانایانەوە پشتیوانییان لە بەهێزبوون و بەدەسەڵات گەیشتنی فاشیزمی ئایینی لە ئێراندا کرد. لەسەر بنەمای ئەم وشیارییە مێژووییەیە کە ئەمڕۆ سەرجەم پڕۆژەکانی زلهێزە دەرەکییەکان لەپێش چاوی خەڵک کەوتوون و ئیتر هیچ بایەخێکیان نییە. ئەم بزووتنەوەیە توانیویەتی سەرجەم ئەو هێز و لایەنە خاوەن ئەڵتەرناتیڤە ساختە و جیا لە هێزی جەماوەر و بێناوەرۆکانەی کە خۆیان بە زلهێزە جیهانییەکانەوە هەڵواسیوە، لەجێگەی خۆیان دابنیشێنێتەوە. ئێستا قورسایی خەباتی جەماوەر لە ناوخۆی وڵاتدایە و لەسەر ڕێکخراوبوونی ڕێبەرانی سروشتی خۆی لەناو تێکۆشەرانی ناوخۆ، بەشێوەیەکی تایبەتی جەخت دەکاتەوە. لێرەدا پێویستە جەخت لەوە بکەینەوە کە هەندێک لە ڕەوتەکان لەسەر ئاستی نێونەتەوەییدا هاوسۆزییان لەگەڵ ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا دەربڕی کە بریتی بوون لە بزووتنەوە چەپ و فێمینیست و پێشکەوتنخوازەکان. ئەمە ڕەوتێکی ئومێدبەخشە کە درێژەی ئەم شەڕەی ئێستا لەگەڵ دەسەڵات و بەردەوامبوونی، یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەهێزتر بوون و پتەوتر کردنی ڕیزەکانی.
١١- لە هەلومەرجێکدا کە زلهێزە دەرەکییەکان بیر لە هاوکاری لەگەڵ ڕێژیمی ئیسلامی دەکەنەوە و نیگەرانن سەبارەت بە پێشهاتە شۆڕشگێڕییەکان لە وڵاتێکی گرینگ و لە هەستیارترین ناوچەی جیهان، هاوپشتی و هاوسۆزی خەڵکی جیهان لەگەڵ ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی جەماوەریی لە ئێران، مایەی هیوا و دڵخۆشییە. خاڵێکی دیکەی ئەرێنی و جێگەی ستایشی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا، بریتییە لە ڕەنگدانەوە و دەنگدانەوەی جیهانی ئەو ئاخێزە. ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە لە دوو ساڵی ڕابردوودا توانیویەتی دروشمی جوان و پڕ لە سۆزداری “ژن، ژیان، ئازادی” به هەموو جیهاندا بڵاوبکاتەوە. سەرنج و هەستی هاوپشتی خەڵکی ئازادیخواز و دێموکرت و یەکسانیخوازی جیهان بەرەولای خۆی ڕابکێشێت. دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” وەرگێڕدراوەتە سەر زمانەکانی دیکە و لە زۆرێک لە ناڕەزایەتی و بزووتنەوە جەماوەرییەکاندا دەوترێتەوە. درەوشاوەیی ئەم دروشمە لە خۆپێشاندانی سەدان هەزار کەسی لە هیندستان لە ناڕەزایەتی بەرامبەر بە دەستدرێژی و کوشتنی ژنێکی گەنجی پزیشک، نیشانی دا کە چۆن ئەم شەپۆلی هاودەنگییە خەریکە جیهانگیر دەبێت. هاوپشتی ژنان و کچانی تورکیە و بەتایبەتی هونەرمەندەکانیان لەگەڵ بزووتنەوەی ژنان و کچانی ئێران، هاوپشتی و هاوسۆزی زۆرێک لە هونەرمەندان و کەسایەتییە ناسراوەکانی فەرهەنگی و هونەریی لە ئورووپا لەگەڵ ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا، یەکێکە لە دەستکەوتە درەوشاوەکانی بزووتنەوەی خەڵکی ئێران.
١٢- ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا، کە خەبات لەپێناو ئازادی و خەبات لەپێناو نانی لەیەک هەڵپێکاوە و بزووتنەوە داواکاریی تەوەرەکانی لە خوارەوە پەرەپێداوە و هەروەها ناخی کۆمەڵگای وروژاندووە، بە کردەوە بووەتە هۆی ئاڵوگۆڕ و وەرچەرخانێک بەرەو چەپێکی چینایەتی. واقیعییەت ئەوەیە کە ئەو داواکارییە فرەڕەهەندانەی جەماوەر کە ئێستا لە کەشوهەوای وڵاتدا شەپۆل دەدەن، لەوانە ئازادییە بەربڵاو و گشتگیرەکان، مافی یەکسان بۆ ژنان و پیاوان لە هەموو بوارەکاندا، نەهێشتنی هەڵاواردنی نەتەوەیی، فەرهەنگی، جینستی و ئەقیدەتی، پەروەردە، بێهداشت و دەرمانی بێبەرامبەر و دەستەبەری کۆمەڵایەتی گشتگیر و هەمەلایەنە، زاڵکردنی یاسای ئینسانی لە ناوەندەکانی کار، ڕێکخستنەوەی ئابووری لەسەر بنەمای پێویستی زۆرینەی کۆمەڵگا، قبوڵکردنی مافی خەڵک بۆ دیاریکردنی چارەنووسی سیاسی خۆی بە پشتبەستن بە دەنگی ڕاستەوخۆ، نهێنی و گشتگیر و هەڵبژاردنی ئۆرگانەکانی دەسەڵاتی جەماوەریی، داڕشتنەوەی یاسای بنەڕەتی لەلایەن نوێنەرانی خەڵکەوە و لە یەک کەلامدا، سپاردنی سەرجەم دەسەڵاتەکان بە ئۆرگانە هەڵبژێردراوەکانی جەماوەر، لە زومرەی ئەو ویست و داواکارییانە نین کە مەبەستی ئۆپۆزسیۆنەکانی ڕاست و لایەنگرانی نیزامی سەرمایەدارین. تەنیا ئاڵترناتیڤێک دەتوانێ نوێنەرایەتی ئەم ویست و داواکاریانە بکات کە لایەنگرێکی ڕاستگۆ و بێ ئەملاو ئەولایەی ئازادی و دێموکراسی و سۆسیالیزم بێت. ئێستا لە سەر بەستێنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و خەبات و ناڕەزایەتییە جەماوەرییە بەردەوام و هەنگاو بە هەنگاوەکانی ئەمڕۆ، دەرفەتێکی مێژوویی بۆ ڕێکخستنەوەی سەرلەنوێی سۆسیالیزم و زیندووکردنەوەی ئەلتەرناتیڤێکی سۆسیالیستی، پێکهاتووە. وەدیهاتنی ویست و داواکاری زۆرینەی کۆمەڵگا، تەنیا لە ڕێگەی بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتی سیاسی لەلایەن چینی کرێکارەوە مسۆگەر دەبێ و هەروەک لە مانیفێستدا هاتووە، بۆ ئەوەی چینی کرێکار بتوانێت بگات بەو ئامانجە، پێویستە بە خەبات و تێکۆشان دێموکراسی بەدەست بهێنێت بۆ ئەوەی بتوانێت کۆمەڵگایەک بنیات بنێت کە تێیدا گەشە و بەرەوپێشچوونی ئازادانەی هەر تاکێک، مەرجی گەشە و بەرەوپێشچوونی گشتی بێت. ئێستا لە دووهەمین ساڵیادی ئەم ئاخێزە بەردەوام، بەهێز، جەماوەری و پێشڕەوەدا، ئەرکی سەرشانی سەرجەم هێزە شۆڕشگێڕ و مرۆڤە خاوەن ویژدان و ئازادیخواز و مرۆڤدۆستەکانە کە بێنە مەیدان بۆ بەڕێوەبردن و بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری دووهەمین ساڵیادی ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە. سەرجەم هێز و لایەنەکانی دەرەوەی وڵات، وەک زمانحاڵی دەنگی ئازادی و یەکسانیخوازانەی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی “ژن، ژیان، ئازادی”، دەتوانن هەموو ئیمکاناتێکی خۆیان لەپێناو گەیاندنی دەنگی جەماوەری خەڵکی ئێران بە بیروڕای گشتی جیهان، بەکاربهێنن و دیکتاتۆری فاشیستی ڕژێمی ستەمکار و خوێنڕێژی وەلایەتی فەقی لە هەر شار و وڵات لە هەر گۆشەیەکی ئەم جیهانە، ڕسوا و شەرمەزار بکەن. دووهەمین ساڵیادی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا، بە پشتبەستن بە وانە درەوشاوەکانی ئەو ئاخێزە، دەرفەتێکە بۆ ئەوەی هێزە شۆڕشگێڕەکانی بەرگریکاری ئازادی، دێموکراسی و سۆسیالیزم، بتوانن ڕیزەکانی خۆیان هەرچی زیاتر بەهێز بکەن و بە هەموو توانایانەوە ڕۆڵی شۆڕشگێڕانەی خۆیان لەم هەلومەرجە مێژووییەی خەباتی خەڵکی ئێراندا بگێڕن. لە ماوەی دوو ساڵی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینادا، خەباتەکانی ئەمڕۆی خەڵکی ئێران لەپێناو پێکهێنانی ئەڵتەرناتیڤێکی سیاسی بۆ بنیاتنانی ئۆرگانەکانی دەسەڵاتی زۆرینەی جەماوەر کە لەلایەن زۆربەی هەرەزۆری کۆمەڵگاوە پێکدێن، شێوازێکی خێراتر و ئومێدبەخشی بەخۆیەوە گرتووە.
بڕووخێ ڕژێمی کۆماری ئیسلامی
سەرکەوتوو بێ شۆڕشی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران
بژی ئازادی، دێموکراسی و سۆسیالیزم
حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر)
یەکشەممە ١١ی خەرمانانی ١٤٠٣ / ١ی سێپتامبری ٢٠٢٤