نزیکەی ساڵێک بەسەر شەڕی دەوڵەتی ئیسرائیل لە دژی حەماس و خەڵکی بێ دیفاعی غەززەدا تێپەڕ دەبێت. تا ئێستا زیاتر لە ٤٠ هەزار منداڵ و پیر و لاوی بێ دیفاع گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ١٢٠ هەزار کەسیش بریندار بوون. لە تەواوی کەرتی غەززەدا کەمتر بینایەک بەسەرپیەوە ماوە. ٧٠%ی سەرچاوە ئاوییەکانی غەززە بە تەواوی لەناوچوون. ئەرتەشی ئیسرائیل بە ئەنقەست ٥٥ هەزار داری لە غەززە لە ڕیشەوە هەڵکەندووە، بۆ ئەوەی بە تەواوی ئاسەوارەکانی ژیان لەم ناوچەیە بسڕێتەوە. هێرش بۆ سەر کەمپەکانی پەنابەران، بەئامانجگرتنی نەخۆشخانەکان، ڕۆژنامەنووسان و کارمەندانی نەتەوە یەکگرتووەکان، هێرش بۆ سەر ناوچە ئەمنەکان و کوشتاری بەردەوامی منداڵان، وێرانکردن و دزینی موڵک و ماڵی ئاوارەکان، سەپاندنی برسێتی بەسەر زیاتر لە دوو ملیۆن کەس لە دانیشتوانی ئاوارەی غەزز، و هەروەها گیان لەدەستدان بەهۆی برسێتی و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی جۆراوجۆر هاوکات لەگەڵ نەبوونی دەوا و دەرمان و لەکارکەوتنی نەخۆشخانەکان، لەنێو منداڵان و بەساڵاچوواندا، بەردەوام پەرە دەستێنێت. هەموو ئەمانە سیمای جینۆسایدی فاشیزمێکی ئاشکرای خستۆتە بەرچاوی جیهان. پشتیوانی بێ ئەملاو ئەولای دەوڵەتی ئەمریکا و دەوڵەتەکانی ڕۆژئاوا لە جینایەتەکانی دەوڵەت و ئەرتەشی ئیسرائیل و کوشتاری دەیان هەزار کەسی بێدیفاع، ڕادەی پابەندبوونی درۆینەی ئەو وڵاتانە بە پرسی مافەکانی مرۆڤ و یاسا و رێسا نێونەتەوەییەکان، بە ڕوونی دەردەخات.
ئەرتشی ئیسرائیل، هاوکات لەگەڵ درێژەی کوشتار لە غەززە، هێرشەکانی لە قوڵایی خاکی لوبنانیش دا پەرەپێداوە. دەوڵەتی ئیسرائیل دوای وێرانکردنی غەززە، لوبنان و کەناری ڕۆژئاوای، وەک بەرەی نوێی شەڕ کردۆتە ئامانج. هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ڕێگەچارەیەک بۆ ئاگربەست، بەهۆی خۆڕاگریی ئیسرائیل و بەتایبەت سەرپێچییەکانی خودی نەتانیاهۆ، بە هیچ ئاکامێک نەگەیشتووە. دەستی ڕاستە توندڕەو و جینایەتکارەکانی ناو کابینەی ئیسرائیل، تەشەنەسەندنی شەڕ لە ناوچەکە، وەک ڕێگە چارەسەرێک بۆ دەربازبوونیان لەو بنبەستەی ئێستا چاولێدەکەن. سەرۆک وەزیری ئیسرائیل و کابینەکەی، قبوڵکردنی هەر چەشنە ئاگربەستێک بە واتای شکستی خۆیان لە شەڕی غەززەدا دەزانن. بەردەوامبوونی ئەم شەڕە، تەواوی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی خستووەتە ژێر کاریگەری خۆیەوە، بەجۆرێک که ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕێکی ماڵوێرانکەری ناوچەیی، کە یەکێک لە لایەنەکانی ئەو شەڕە کۆماری ئیسلامی ئێران دەبێت، دوور لە چاوەڕوانی نییە. دەوڵەتەکەی بنیامین نەتانیاهۆ، لەلایەکەوە بەهۆی نیگەرانی لەو دۆخەی کە دوای کۆتاییهاتنی شەڕی غەززە، لەگەڵی بەرەوڕوو دەبێتەوە و لەلایەکی دیکەشەوە بەهۆی گوشاری هاوپەیمانە ڕاستە توندڕەوەکانی ناو دەوڵەتەکەی، ناتوانێت و نایەوێت کۆتایی بە شەڕی غەززە بهێنێت. هاوکات ئەوەی کە لە مەیدانی نەبەردی ڕاستەقینەدا ڕوویداوە، ئەوەیە کە سەرەڕای کوشتاری بێبەزەییانەی زیاتر لە ٤٠ هەزار منداڵ و ژن و پیاو و گەنج، بەڵام نەیتوانیوە ڕێکخراوی حەماس لەناوببات. ئەوە لەکاتێکدایە کە شەپۆلێکی بەهێزی ناڕەزایەتی لە ناوخۆ و دەرەوەی ئیسرائیل لەدژی درێژەی شەڕ و سیاسەتەکانی ئەم دەوڵەتە کەوتووەتە ڕێ.
دەوڵەتی نەتانیاهۆ، وێڕای پەنابردنە بەر هەر ڕێگایەک بۆ بەردەوامبوون و پەرەپێدانی مەودای شەڕەکە بۆ کەناری ڕۆژئاوای ڕووباری ئوردن و ناوچەی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی خۆبەڕێوەبەری فەلەستین و هەروەها شەڕ لەگەڵ حیزبوڵڵا لە باشووری لوبنان، دەیەوێ هەرچۆنێک بێت لە درێژەی ئەم شەڕە سەرەڕۆیانەدا، دەوڵەتی ئەمریکا بەرەو شەڕێکی هەرچەند سنوورداریش بێت لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، پەلکێش بکات. لە ئاوا هەلومەرجێکدا، پشتیوانی لە مافی چارەی خۆنووسینی خەڵکی فەلەستین و هاوسۆزی لەگەڵ ڕەنج و ئازارەکانی ئەو خەڵکە، ئەرکی سەرەکی و بێ پسانەوەی ئێمەیە. هەر وەک چۆن خەبات لە دژی فاشیزمی ئایینی لە هەر ڕەنگ و لیباسێک دا، یەکێکە لە ئەرکە بەردەوامەکانمان. هەموو ئەو لایەنانەی کە بە بیانووی شەڕ لە دژی کۆماری ئیسلامی، لایەنگریی لە ئیسرائیل دەکەن یان لە بەرامبەر کۆمەڵکوژی و جینایەتەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل لە دژی خەڵکی فەلەستین و داگیرکردنی خاکەکانیاندا بێدەنگ دەبن، بەکردەوە پشت لە مافەکانی مرۆڤ، ئەخلاق، مرۆڤایەتی و سەرجەم بەها ئازادیخواز و یەکسانیخواز و ڕزگاریخوازەکان دەکەن. هەموو ئەوانەش کە بە بیانووی خەبات لە دژی جینایەتەکانی ئیسرائیل و لایەنگرە ڕۆژئاواییەکانی، لە بەرامبەر جینایەت و سەرەڕۆییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیش دا بێدەنگ دەبن، ڕێک بە هەمانشێوە پشت لەو بەهایانە دەکەن. دیفاع لە هاوپشتی نێونەتەوەیی نێوان کرێکاران، زەحمەتکێشان و کۆمەڵانی خەڵکی ناوچەکە و جیهان بە گشتی، بەردەوام ئەرکی سەرشانی ئێمەیە. دوکەڵی ئاگری شەڕە ناوچەییەکان، زیاتر لە هەمووان، دەچێتە چاوی خەڵکی زەحمەتکێشەوە. هەربۆیە پێویستە بە هەموو هێزمانەوە، لە دژی پەرەسەندنی شەڕ و شەڕخوازی ڕابوەستین.