ماوه‌ی ٩ ڕۆژه دایه مینا سوڵتانی، دایكی هه‌میشه زیندوو، شه‌هریار محه‌ممه‌دی، له گیانبه‌ختكردووانی شۆڕشی ژینا له شاری بۆكان، له گرتووخانه‌ی ئیتلاعاتی ورمێ زیندانی كراوه و چاره‌نووسی به ناڕوونی ماوه‌ته‌وه.
دایه مینا سوڵتانی ڕۆژی چوارشه‌ممه ٢١ی خه‌رمانان، له‌لایه‌ن ئیداره‌ی ئیتلاعاتی بۆكانه‌وه ده‌ستبه‌سه‌ر و بۆ گرتووخانه‌ی ئه‌و ناوه‌نده ئه‌منیه‌تیه له شاری ورمێ ڕاگوێزرا. میلاد محه‌ممه‌دی برای شه‌هریار محه‌ممه‌دی له په‌یامێك دا ڕایگه‌یاندووه كه دایكی له‌لایه‌ن هێزه‌كانی حكوومه‌ته‌وه خراوه‌ته ژێر گوشار و به‌رده‌وام ئه‌شكه‌نجه‌ی ده‌رووینی ده‌كرێت. میلاد محه‌ممه‌دی هه‌روه‌ها وتی كه هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فوونیان له‌گه‌ڵ دایه مینا دا نه‌بووه و نیگه‌رانی دۆخی ته‌ندرووستی ناوبراون.