ئه‌مڕۆ یەکشه‌ممه ١٣ی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر، ڕۆژی خوێندكاره، ئه‌و ڕۆژه‌ی كه پێشینه‌كه‌ی بۆ مانگه‌كانی كۆتایی ڕژیمی په‌هله‌وی ده‌گه‌ڕێته‌وه. به‌ڵام ١٣ی خه‌زه‌ڵوه‌ر له سه‌رده‌می ڕژیمی كۆماری ئیسلامی‌دا، چه‌ندین بۆنه‌ی دیكه‌شی په‌یدا كردووه، كه هه‌موویان ناوی خوێندكاریان له‌سه‌ر داندراوه. به‌ڵام جیاوازیی نێوان ئه‌و بۆنانه‌ی كه به‌ناوی ڕۆژی خوێندكار، له ڕۆژی ١٣ی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ردا به‌ڕێوه‌ده‌چێت، له‌ڕاستیدا، جیاوازیی نێوان ڕیزی شۆڕش و دژه شۆڕشه له ئێران.
بۆنه‌ی یه‌كه‌م: ڕۆژی ١٣ی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ری ساڵی ١٣٥٧ی هه‌تاوی و له سه‌روبه‌ندی سه‌ركه‌وتنی ڕاپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك، ژماره‌یه‌ك له خوێندكاران له حه‌ساری زانكۆی تاران كۆبوونه‌وه و وێڕای دانشجووهكانی زانكۆ ده‌ستیاندایه خۆپیشاندان. هێزه نیزامییه‌كانی ده‌وڵه‌تی “شه‌ریف ئیمامی” به‌ره‌وڕووی خۆپیشانده‌ران ته‌قه‌یان كرد و به‌هۆیه‌وه ژماره‌یه‌كی زۆر له خوێندكاران گیانیان له‌ده‌ستدا. ده‌وڵه‌تی شه‌ریف ئیمامی كه هه‌مان ساڵ له ڕێكه‌وتی ١٧ی خه‌رمانان له مه‌یدانی ژاڵه كوشتارێكی خوێناویی وه‌ڕێخستبوو، ڕۆژێك دوای كوشتنی خوێندكاران له زانكۆی تاران، له‌سه‌ر كار لاچوو. پاش ڕووداوی خوێناوی ١٣ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ساڵی ١٣٥٧، ئه‌و ڕۆژه به ناوی “خوێندكار” پێناسه كرا.
بۆنه‌ی دووهه‌م: یه‌ك ساڵ دواتر پاش كاره‌ساتی خوێناویی زانكۆی تاران، ڕێك له وه‌ها ڕۆژێكدا له هه‌وڵێكی ڕێكخراو له لایه‌ن حیزبوڵڵاییهكانی په‌یڕه‌وی خومه‌ینی، باڵوێزخانه‌ی ئه‌مریكا له تاران داگیركرا و ٥٢ دیپلۆمات و كارمه‌ندی باڵوێزخانه‌كه به بارمته گیران. ڕێكخه‌رانی نمایشی فریوكارانه‌ی داگیركردنی باڵوێزخانه‌ی ئه‌مریكا، به‌و كرده‌وه‌ی خۆیان كه نزیك به ساڵ و نیوێكی خایاند، باڵوێزخانه‌ی داگیركراوی ئه‌مریكایان كرد به ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی سیاسه‌تی ده‌سه‌ڵاتی دژه شۆڕشی بەرپرسانی ڕژیم. داگیركردنی باڵوێزخانه‌ی ئه‌مریكا كه لە بنەڕەتدا به فه‌رمانی خومه‌ینی به‌ڕێوه‌چووبوو، به‌هۆی ئه‌وه‌یكه ده‌ور و نه‌خشێكی گرینگی له پاشه‌كشه پێكردن به ڕه‌وته چه‌پ و ڕادیكاڵه‌كان و سه‌ركوتی شۆڕش هه‌بوو، خۆمه‌ینی ناوی “شۆڕشی دووهه‌می” له‌سه‌ر دانا. به‌ڵام له ڕاستیدا شۆڕشی دووهه‌م جگه له درێژه‌ی سه‌ركوتی شۆڕشی ئازادیخوازانه‌ی خه‌ڵكی ئێران له لایه‌ن كۆنه‌په‌رستانی ئیسلامییه‌وه، شتێكی‌تر نه‌بوو. درووشمی “مه‌رگ بۆ ئه‌مریكا” كه له‌و ڕۆژه‌وه زیاتر كه‌وته سه‌ر زاری حیزبوڵڵاییه‌كان، بوو به بیانوویه‌ك بۆ كپ كردنی ده‌نگی هه‌موو نه‌یاران. له‌و ڕۆژه بهولاوە، دار و ده‌سته‌ی هاندراوی حیزبوڵڵا كه‌وتنه گیانی كۆمۆنیسته‌كان و هه‌موو ئینسانه ئازادیخواز و سكۆلاره‌كان و ده‌ستیان كرد به ئەزیەت و ئازار و كوشتن و بڕین. ئه‌م ڕووداوه ده‌ستپێكی سه‌ركوتی شۆڕشی ئازادیخوازانه‌ی خه‌ڵكی ئێران له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی كۆنه‌په‌رستی زاڵه‌وه بوو. شۆڕشێك كه ڕژیمی شا نه‌یتوانیبوو سه‌ركوتی بكات، پاش ڕووداوی داگیركردنی باڵوێزخانه‌ی ئه‌مریكا، سه‌ركوته‌كه‌ی به شێوازێكی وه‌حشیانه‌تر له لایه‌ن ڕژیمی تازه به‌ده‌سه‌ڵات گهیشتۆوه به‌ڕێوه‌چوو. زۆرێك له ڕێكخه‌رانی ئه‌و سه‌رده‌می داگیركردنی باڵوێزخانه‌ی ئه‌مریكا، دواتر بوون به دامه‌زرێنه‌رانی سپای پاسداران و ده‌زگا ئیتلاعاتییهكانی ڕژیم و ئه‌شكه‌نجه‌گه‌ر و زیندانبان.
بۆنه‌ی سێهه‌م: له ١٣ی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ری ١٣٨٨ی هه‌تاویدا كه نزیك به پێنج مانگ له ڕاگه‌یاندنی ئاكامی ١٠مین ده‌وره‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆماری تێپه‌ڕ ببوو، بۆ ڕێزگرتن له ڕۆژی خوێندكار، خۆپیشاندانێكی به‌رین به‌ڕێوه‌چوو كه له ڕاستیدا ناڕه‌زایه‌تییه‌ك بوو دژبه ڕژیمی كۆماری ئیسلامی و به ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد له ڕێگه‌ی ساخته‌كاریی به‌رینی هه‌ڵبژاردنه‌وه. ئه‌گه‌رچی ڕه‌وتی ئۆپۆزیسیۆنی دوورخراوە له ده‌سه‌ڵات، هه‌وڵی ده‌دا كه لاوان له هه‌رجۆره حه‌ره‌كه‌تێك دژ به‌تەواوەتی ڕژیمی ئیسلامی به‌دوور ڕابگرن، به‌ڵام لاوان به درووشمی “مه‌رگ بۆ دیكتاتۆر” ده‌ستپێشخه‌ری و هیدایه‌تی ئه‌م خۆپیشاندانه‌یان به‌ده‌سته‌وه گرت.
بۆنه‌ی چواره‌م، ڕۆژی به‌سیجی دانش ئامووزی: كۆماری ئیسلامی، ئه‌م ڕۆژه‌ی به‌یادی منداڵێكی قوربانی به‌ناوی “حسێن فه‌همیده”، ناو لێناوه. فه‌رمانده‌كانی ڕژیمی ئیسلامی له ڕۆژی ٨ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ساڵی ٥٩ی هه‌تاویدا، ئه‌م منداڵه قوتابییه‌یان، له عه‌مه‌لیاتێكی خۆكوژیدا، له حاڵێكدا كه نارنجۆكیان به نێوقهدییهوه به‌ستبوو، نارده ژێر تانكه عێراقییه‌كانه‌وه. ئه‌م منداڵه بێ تاوانه، كه له كاتی تیكه تیكه بوونیدا، له “كوتی شێخ“، له‌وبه‌ری ڕووباری خوڕه‌مشار، ته‌مه‌نی ته‌نیا ١٣ ساڵ بوو، پێش قه‌ڕه‌وڵی ئه‌و ٣٦ هه‌زار قوتابییه بوو كه دواتر له لایه‌ن سه‌رانی جه‌نایه‌تكاری كۆماری ئسیلامی وه‌ك خاوێنكه‌ره‌وه‌ی مه‌یدانه‌كانی مین و له ئۆپراسیۆنی هاوشێوه‌دا، له شه‌ڕی ئێران و عێراقدا كرانه قوربانی. له به‌رامبه‌ر هه‌وڵه‌كانی ڕژیم بۆ به‌رینتر كردنه‌وه‌ی سازمانی به‌سیجی دانش ئامووزی و به‌كار هێنانی ئه‌وان به‌ئامانجی پۆلیسی كردنی ناوه‌نده‌كانی فێركردن، ئه‌مڕۆ به هیمه‌تی خوێندكارانی پێشڕه‌و و خه‌باتكار و موعه‌لیمانی ئازادیخواز، پڕۆژه‌ی به‌سیجی دانش ئامووزی، له سازمانێكی فۆرماڵ بۆ ڕاكێشانی قوتابییان به‌ره‌و نمایشه‌كانی سه‌رشه‌قامی ڕژیم، زیاتر نییه.
كۆماری ئیسلامی له ماوه‌ی ٤٤ ساڵی ڕابردوودا، له پێناو وه‌دی هێنانی ئامانج و پڕۆژه‌كانی خۆی له‌ناو خوێندكارانی ئێران‌دا، به‌رده‌وام هه‌وڵی داوه تا به به‌ڕێوه‌بردنی به‌رنامه‌ی هه‌ڵاواردنی ڕه‌گه‌زی له ناوه‌نده‌كانی فێركردن، به گۆڕینی ناوه‌رۆكی كتێبه ده‌رسییه‌كان و لابردنی هێندێك له ده‌رسه‌كانی زانستی مرۆیی له زانكۆكان، به ناردنی ئاخوند و پاسدار بۆ مه‌دره‌سه‌كان، به پادگانی كردنی مه‌دره‌سه و زانكۆكان و به خوڵقاندنی ههمووجۆرە به‌ربه‌ستێكی ئه‌خلاقی، لاوان ناچار به ملكه‌چی و بێده‌نگ بوون بكات. به‌ڵام لاوانی ئێران له زانكۆ و مه‌دره‌سه‌كان و له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م ناوه‌ندانه، به خه‌باتی شكۆداری خۆیان، به‌رده‌وام یه‌كێك له سه‌نگه‌ره‌كانی موقاومه‌ت له به‌رامبه‌ر كۆنه‌په‌رستیی كۆماری ئسلامی بوون و ئه‌م سیاسه‌تانه‌ی ڕژیم بێ ئاكام ماونه‌ته‌وه. یەکێک لە درەوشاوەترین مەیدانەکانی حزووری پڕ جۆش و خرۆشی خوێندکاران بریتی بوو لە شۆڕشی ژینا، واتە شۆڕشی ژنان، ژیان، ئازادی. لە ڕەوتی ئەم شۆڕشەدا، دەیان خوێندکاری تازەلاوی، کچ و کوڕ، لە بەرامبەر کۆنەپەرستیی زاڵدا سنگی خۆیان کردە قەڵغان و گیانیان لەدەستدا و سەدان کەسیشیان بریندار بوون، هەزاران خوێندكار کەوتنە زیندان و ئەشکەنجە کران. نوێترین قوربانی ئەم جینایەتە، بریتی بوو لە میترا گراوەند کە بەهۆی تووڕهەڵدانی حیجابی ئیجباری کەوتە داوی شەمشەمە کوێرەکانی ڕێژیم و گیانی لەدەستدا. وەک بڵێی هەموو ئەو جینایەتانە بەس نەبووبێتن، بەپێی پلانێکی بەرنامە بۆ داڕێژراو بەمەبەستی چاوترسێن کردنی قوتابییان، لە سەدان مەدرەسەی ئێران دەستیاندایە ژەهراویکردنی خوێندکارانی کچ. به‌ڵام هیچکام لەم کردەوه جینایەتکارانە سەرکەوتوو نەبوون و خەبات و خۆڕاگریی لاوانی ئێران له به‌رامبه‌ر ئه‌و ڕێگا و میتۆدانەی که ڕژیمی ئیسلامی دەیەوێت بەزۆر بەسەر خه‌ڵکی ئێرانی‌دا بسەپێنێ، هەروا بەردەوامە و تادێت زیاتر پەرەدەستێنێ.
به‌ده‌ر له هه‌وڵه‌كانی ڕژیمی ئیسلامی بۆ زه‌وت كردنی بۆنه‌ی ڕۆژی خوێندكار، ١٣ی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر بۆ قوتابییان و خوێندكارانی خه‌باتكار، وه‌بیرهێنه‌ره‌وه‌ی گیان فیدایی ئازیزانێكه كه له به‌رامبه‌ر هه‌ر دوو ڕژیمه كۆنه‌په‌رسته‌كانی ئیسلامی و پاشایه‌تی دا، سینگیان كرده قه‌ڵغان و شان به شانی كرێكاران و زه‌حمه‌تكێشان، دژبه كۆنه‌په‌رستیی زاڵ و له‌پێناو ده‌سته‌به‌ركردنی ئازادی‌دا، گیانبازییان نواند.