كانوونی سنفی موعه‌لیمانی ئێران ڕۆژی سێشه‌ممه ١٥ی خه‌زه‌ڵوه‌ر، له به‌یاننامه‌یه‌كدا، له سه‌ركار ده‌ركردنی “سومه‌یه ئه‌خته‌رشومار“، ئه‌ندامی كانوونی سنفی موعه‌لیمانی مه‌ریوانی به توندی شه‌رمه‌زار كرد.
كانوونی سنفی موعه‌لیمانی ئێران وێڕای ڕێزلێنان له كار و چالاكییه‌كانی سومه‌یه ئه‌خته‌رشومار، به تایبه‌ت له سه‌رده‌می شۆڕشی ژینا، جه‌ختی له‌سه‌ر گرینگی خه‌باتی فه‌رهه‌نگیان بۆ مافه ئینسانی و سنفییه‌كانی ئه‌و چینه كرد و ڕایگه‌یاند: له ساڵانی ڕابردوودا، حكوومه‌ت هه‌وڵی داوه له ڕێگه‌ی سه‌ركوت، ئه‌شكه‌نجه، ڕفاندن و زیندانی كردنی فه‌رهه‌نگیان، ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه بێده‌نگ بكات، به‌ڵام نه‌یتوانیوه و موعه‌لمیانی ئازادیخواز درێژه‌یان به چالاكییه‌كانیان داوه. له‌و به‌یاننامه‌یه‌دا هه‌روه‌ها، ئاماژه به په‌روه‌نده‌سازی ناوه‌نده ئه‌منیه‌تیه‌كانی ئه‌هواز بۆ “كه‌وكه‌ب بۆداغی“، چالاكی سنفی فه‌رهه‌نگیانی خووزستان كراوه و وتراوه: هه‌ڵسووكه‌وتی نایاسایی ناوه‌نده ئه‌منیه‌تی و قه‌زاییه‌كانی ڕژیم ناتوانێت ئیراده‌ی موعه‌لیمان بۆ گه‌یشتن به داخوازییه‌كانیان بشكێنێت.