ئه‌مڕۆ سێ شه‌ممه ٧ی نوامبر به‌رامبەر بە ١٦ی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر، ساڵیادی شۆڕشی كرێكاریی ڕووسیه‌یه. ١٠٧ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له وه‌ها ڕۆژێكدا، له گەرمەی شه‌ڕی یه‌كه‌می جیهانیدا، چینی كرێكار و جه‌ماوه‌ری زه‌حمه‌تكێش له ڕووسیه به ڕێبه‌ری و ڕێكخهریی حیزبی بۆلشویك، له درێژه‌ی دوو ده‌یه خه‌باتی سه‌خت و خوێناویدا، نه ته‌نیا دیكتاتۆریی تێزار، به‌ڵكوو ده‌زگای ده‌وڵه‌تی و سیاسی سه‌رمایه‌داریی زاڵیان ڕووخاند و ده‌سه‌ڵاتی كرێكاران و هه‌ژاران و چه‌وساوه‌كانیان له ڕووسیه جێگیر كرد.
شۆڕشی ڕووسیه له دوو قۆناغدا به سه‌ره‌نجام گه‌یشت. سه‌ره‌تا له مانگی فێوریه‌ی ١٩١٧ پاش كۆمه‌ڵێك مانگرتن، خۆپیشاندان و تێكهه‌ڵچوون، نیكۆلای دووهه‌م، دوایین تێزاڕی ڕووسیه له‌سه‌ر كار لاچوو و ده‌وڵه‌تێكی كاتی له ژێر چاوه‌دێریی گێئۆركی لووف و ئه‌لێكساندر كێرنێسكی پێكهات. زۆربه‌ی ئه‌ندامانی ده‌وڵه‌تی كاتیی، سه‌ر به لایه‌نی مۆنشویكی حیزبی سۆسیال دیمۆكراتی كرێكاریی ڕووسیه بوون. به‌ڵام ئه‌م ده‌سه‌ڵاته كاتییه نه‌یتوانی تاكه ده‌سه‌ڵاتی خۆی به‌سه‌ر ڕووسیه‌دا زاڵ كات. له ئاكامدا هاوسه‌نگییه‌كی هێزی دوو لایه‌نه به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگای ڕووسهدا زاڵ بوو. ده‌وڵه‌تی كاتیی له‌سه‌ره‌وه حكوومه‌تی ده‌كرد و شۆڕاكانیش به‌ڕێوه‌به‌ریی كۆمه‌ڵگایان له خواره‌وه به‌ده‌سته‌وه گرتبوو. له مانگی ئاوریلی هه‌مان ساڵدا “وێلادیمیر لێنین” ڕێبه‌ری حیزبی بۆلشویك كه پێشتر دوورخرابۆوه، گه‌ڕایه‌وه بۆ ڕووسیه. بۆلشویكه‌كان به ڕێبه‌ریی لێنین داوایان لە سەربازەکان کرد کە بەرەکانی شەڕی ئیمپریالیستی بەجێبهێڵن و بێنە ناو ڕیزەکانی شۆڕشەوە و کۆمەڵێک درووشمی وه‌ك “ئاشتیی خێرا، هه‌موو ده‌سه‌ڵات بكه‌وێته ده‌ست شۆڕاكان، كۆنتڕۆڵی كرێكاریی كارخانه‌كان“یان هێنایه گۆڕێ و ڕایانگه‌یاند كه “زه‌وی هی ئه‌و كهسەیه كه كاری له‌سه‌ر ده‌كات“. ده‌وڵه‌تی كاتیی لەدژی ئەو درووشمانه وەستایەوە. به‌ڵام ئه‌م درووشمانه به‌ره‌به‌ره گشتگیر بوون. شاره‌كانی سه‌نت پێتێرزبۆرگ و مۆسكۆ، ببوونه ناوه‌ندی گه‌رمی شۆڕش و هاوكات له گونده‌كانیش زه‌وی له كۆنتڕۆڵی زه‌مینداره گه‌وره‌كان هاتبووه ده‌رێ و وه‌رزێران زه‌وییه‌كانیان له نێوان خۆیاندا دابه‌ش كردبوو. به‌مجۆره به‌ستێنه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بۆ شۆڕشێكی دیكه و زه‌وتكردنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له لایه‌ن چینی كرێكار، به ڕێبه‌ریی حیزبی بۆلشویك، دابین كرا. لێنین پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی له ته‌بعید، ده‌ستبه‌جێ، پلاتفۆرمی حیزبی بۆلشویكی بۆ قۆناغی دووهه‌می شۆڕشی ڕووسیه، كه متمانه‌پێكراوترین به‌ڵگه‌ی ڕاپه‌ڕینی شۆڕشگێڕانه‌یه له سه‌ده‌ی بیستەمدا، له‌ژێر ناوی “تێزه‌كانی ئاوریل” بڵاو كرده‌وه.
ڕۆژی ٦ی نوامبر و له سه‌روبه‌ندی ده‌ستپێكی كۆنگره‌ی دووهه‌می شۆڕاکاندا، به پێشنیاری لێنین، ڕاپه‌ڕینی كرێكاران و سه‌ربازانی هێزی ده‌ریایی بۆ ڕووخاندنی ده‌وڵه‌تی كاتیی و پێدانی گشت ده‌سه‌ڵات به شۆڕاكان، ده‌ستیپێكرد. له وەڵام به‌م بانگه‌وازه‌ی حیزبی بۆلشویك بۆ ڕاپه‌ڕین، ئیداره ده‌وڵه‌تییه‌كان و كۆشكی زستانیی، شوێنی جێگیربوونی ده‌وڵه‌تی كاتیی، گه‌مارۆ دران. ڕۆژی دواتر واته ٧ی نوامبر، له ڕۆژێكی وه‌ك ئه‌مڕۆدا، هه‌م كۆشكی زستانی و هه‌م ده‌وڵه‌تی كاتیی ڕووخان و كرنێسكی ڕای‌کرد. هه‌ر ئه‌و شه‌وه گۆنگره‌ی دووهه‌می شۆڕاكان به‌ڕێوه‌چوو كه پتر له ٤٠٠ نوێنه‌ر تێیدا به‌شدار بوون. كاتژمێر ١٠ی به‌یانی، په‌یامی كۆنگره ڕووبه هاووڵاتییانی ڕووسیه بڵاوكراوه. له په‌یامه‌كه‌دا هاتبوو: “ده‌وڵه‌تی كاتیی ڕووخا. شۆڕاكان ده‌سه‌ڵاتی دهوڵتییان به‌ده‌سته‌وه گرتووه. بژی شۆڕشی كرێكاران، سه‌ربازان و وه‌رزێران“. ڕۆژی ٧ی مانگی نوامبری ساڵی ١٩١٧ (به ڕۆژمێری ڕووسی ٢٥ی ئۆكتۆبر)، وه‌ك ڕۆژی سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی كرێكاریی له ڕووسیه، له مێژوودا تۆمار كرا. واته شۆڕشێك كه پێشهات و گۆڕانكارییه‌كانی دواتری، ڕێچکەی مێژووی سه‌ده‌ی بیسته‌می دیاریكرد.
شۆڕشی ئۆكتۆبر، شۆڕشی به‌ره‌ی چه‌وساوه‌كان دژبه نیزامی كۆیلایەتی کرێگرتەی سه‌مایه‌داری، شۆڕشی به‌شێك له چینی كرێكاری جیهانی بوو كه چه‌رخه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی به‌ده‌ستی به‌توانای ئه‌و هه‌ڵده‌سووڕا و له هه‌مان حاڵ‌دا هه‌موو مەینه‌ت و ئازاره‌كان له‌سه‌ر شانی قورساییان ده‌كرد.
شۆڕشی ١٩١٧ی ڕووسیه بۆ دووهه‌مین جار له مێژوودا و پاش كۆمۆنی پاریس له ساڵی ١٨٧١، وه‌ك یه‌كه‌مین شۆڕشی كرێكاریی به درووشمی “هه‌موو ده‌سه‌ڵات بكه‌وێته ده‌ست شۆڕاكان ”چینی كرێكاری ئه‌م وڵاته‌ی برده ناو جه‌رگه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسییه‌وه. ده‌سه‌ڵاتی شۆڕاكان ده‌ستبه‌جێ خاوه‌ندارێتی تایبه‌تی به‌سه‌ر زەوییەکاندا هه‌ڵوه‌شانده‌وه و زه‌ویی مالیك و ده‌وڵه‌ت و كلیسای كرد به مڵكی گشتی و خستییه ئیختیار هه‌موو زه‌حمه‌تكێشانه‌وه. ده‌سه‌ڵاتی شۆڕایی كرێكاران، ده‌ستبه‌جێ، یەکسانی بەتەواو مانای مافی ژن و پیاوی له هه‌موو بواره‌كانی وه‌ك ئابووری، كۆمه‌ڵایه‌تی و بنه‌ماڵه‌ییدا، به‌یاسا کرد و ئایینی به‌ته‌واوی له ده‌وڵه‌ت جیا كرده‌وه و ده‌ستی كلیسای له كاروباری ده‌وڵه‌تی و له‌وانه له په‌روه‌رده و بارهێنان، به یه‌كجاریی كورت كرده‌وه. شۆڕشی كرێكاریی ڕووسیه، مافی دیاریكردنی چاره‌نووسی نه‌ته‌وه‌كانی له‌م وڵاته‌دا دەستەبەر کرد.
ئه‌م شۆڕشه زه‌ربه‌یه‌كی جیدیی له نیزامی جیهانیی سه‌رمایه‌داری دا و له لایه‌كه‌وه ڕق و نه‌فره‌تی گشت سه‌رمایه‌داران و ده‌وڵه‌ته‌كانیان و دوژمنانه‌ترین كاردانه‌ی ئه‌وانی لێكهوتهوه و له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه، شه‌پۆلێکی به‌ته‌وژمی عه‌داڵه‌ت و ئازادیخوازیی، له سه‌رتاسه‌ری گۆی زه‌وی، وه‌ڕێخست. كاریگه‌رییه‌كانی شۆڕشی كرێكاریی ١٩١٧ی ڕووسیه له جیهاندا بەڕاده‌یه‌ك بوو كه بورژوازیی ڕۆژئاوا له ترسی دووپات بوونه‌وه‌ی ئه‌م شۆڕشه، ده‌ستیدایه ڕێفۆرم گه‌لێكی وه‌ك مافی ده‌نگدانی گشتی بۆ هه‌مووان به‌تایبه‌ت بۆ ژنان، په‌روه‌رده‌ی و بارهێنانی بێبەرامبەر بۆ گشت منداڵان، په‌سندكردنی مافی بیمه و خانه‌نشینی بۆ به‌ساڵاچوان و هێنانه خواره‌وه‌ی سه‌عاتەکانی كار بۆ ٨ کاتژمێر. شۆڕشی كرێكاریی ڕووسیه كاریگه‌رییەکی مه‌زنی له‌سه‌ر خه‌باتی ڕزگاری به‌خشی جه‌ماوه‌ری سته‌ملێكراو دانا و خۆی به‌ڵگه‌یه‌كی زیندوو بوو له‌وه‌یكه به‌رژه‌وه‌ندی چینی كرێكار، له مانه‌وه‌ی هیچ چەشنە سته‌م و نابهرابهریهكدا نییه و په‌یگیرترین پێشڕه‌وی ڕێگای ڕزگارییه دژبه گشت سته‌م و نابه‌رابه‌رییه‌كان. له ساڵی ١٩٢٢دا یه‌كییه‌تیی سۆڤیه‌ت، له پێكه‌وه په‌یوه‌ست بوونی خۆبه‌خشانه‌ی نه‌ته‌وه غه‌یره ڕووسه‌كان پێكهات. بێگومان، به‌هۆی ئه‌م دهستكهوتانهوهیه كه سه‌رجه‌م ئه‌و مێژوو نووسانه‌ی كه ویژدان و قه‌ڵه‌می خۆیان به نیزامی سه‌رمایه‌داری نه‌فرۆشتووه، دان به‌وه داده‌نێن كه شۆڕشی كرێكاریی ڕووسیه، گه‌وره‌ترین خاڵی وه‌رچه‌رخانی هه‌موو مێژووی مرۆڤایەتی بووه. هیچ گۆشه‌یه‌ك له‌م جیهانه‌دا نییه كه به‌جۆرێك ئه‌م ڕووداوه مه‌زنه كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه، كاریگه‌ریی له‌سه‌ر دانه‌نابێ.
حكوومه‌تی كرێكاریی ڕووسیه، به هیمه‌تی ملیۆنان مرۆڤی كه تا دۆینێ سووكایه‌تییان پێده‌كرا و مافه‌كانیان پێشێل ده‌كرا و وه‌ك كۆیله‌ی سه‌رمایه كاریان پێ ده‌كرا، هیوای ڕزگاریی له‌ناو دڵی سه‌دان ملیۆن كرێكار و زه‌حمه‌تكێش و سته‌ملێكراوی سه‌رتاسه‌ری جیهاندا، زیندوو كردبۆوه. ئه‌م سه‌ركه‌وتنه سه‌ره‌تاییه، كه سۆسیالیسمی زانستی، چرای ڕێنمای بوو، به فیداكاریی و گیانبازییەکی بێ وێنه له مێژوودا، مسۆگه‌ر بوو. به‌ده‌ر له‌وه‌یكه حكوومه‌تی كرێكاریی له قۆناغه‌كانی دواتردا تووشی چ چاره‌نووسێك بوو، ته‌نانه‌ت هه‌ر له‌و ئاسته‌شدا خۆی خاڵێكی وه‌رچه‌رخانی مه‌زن بوو له مێژووی مرۆڤاتیدا.
بەڵام شۆڕشی سەرکەوتووانەی کرێکاریی لە ڕووسیە، لەگەڵ گەلێک سەختی و دژواری بەرەوڕوو بووەوە. ئابلۆقەی ئابووری و سیاسی و دەستێوەردانی نیزامیی ١٤ دەوڵەتی ئیمپریالیستی لەدژی حکوومەتی کرێکاری، سەپاندنی شەڕی ناوخۆ لە لایەن پاشماوەکانی ڕژێمی پێشوو، قات و قڕی و وشکەساڵی ساڵەکانی سەرەتای دوای سەرکەوتنی شۆڕش، سەرپێچی و خۆڕاگریی نەرێنی جوتیارە خۆشبژێوەکانی کە ئامادە نەبوون بەرهەمی زیادەی خۆیان بە حکوومەت بفرۆشن و هتد، بووە هۆی ئەوەی ئەم شۆڕشە توانایی بەرەوپێشچوونی نەمێنێ و هەرگیز نەیتوانی تا ئاستی سیستەمێکی ئابووری و کۆمەڵایەتی سۆسیالیستی گەشە بکات. لە ئاوا دۆخێک‌دا بوو کە بۆرژوازی کە لە دەرگاوە وەدەرنرابوو، وردە وردە و ئەمجارەیان بە ناوی سۆسیالیزمەوە لە پەنجەرەوە گەڕایەوە و کۆنترۆڵی حیزب و حکوومەت و دامەزراوە شۆڕشگێڕەکانی بەدەستەوە گرت.حیزبی کۆمۆنیستی یەکێتی سۆڤیەت لەبری بەدواداچوون بۆ ئامانجە سۆسیالیستییەکانی شۆڕش، دامەزراندنی ڕووسیایەکی پیشەسازی و بەهێزی لە بەرامبەر دەوڵەتە سەرمایەدارییە زلهێزەکاندا لە چوارچێوەی سەرمایەدارییەکی یەکدەستی دەوڵەتیی، کردە ئامانجی خۆی. لەبری بەدواداچوون بۆ ئارامانە ڕزگاری بەخشە سۆسیالیستییەکان، هەڵوەشاندنەوەی کاری کرێ گرتە، پێکهێنانی خۆشبژێوی ماددی لە ژیانی خەڵکدا و دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی پێکهاتوو لە مرۆڤە ئازاد و یەکسانەکان، لە کۆمەڵگەی نەتەوەکاندا ڕێبازی زیندووکردنەوەی ناو و ناوبانگی نەتەوەی ڕوسی، گرتەبەر. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانە، هه‌م سه‌ركه‌وتن و هه‌م پرۆسه‌ی شكستی سۆڕشی كرێكاریی له ڕووسیه، هه‌ڵگری گه‌لێك ده‌رس و ئه‌زموونی به‌نرخه كه ده‌توانێ ڕێگای خه‌باتی چینایه‌تی و شۆڕشی كرێكاران له ئێران و جیهان، له هه‌موو بواره‌كاندا دژبه به‌ربه‌ریه‌تی زاڵ به‌سه‌ر مرۆڤایه‌تی ئه‌مڕۆدا، خۆش بکات و به پشت به‌ستن به هێزی وشیار و ڕێكخراو، ڕێگای گه‌یتشن به سۆسیالیسم، نزیکتر بكاته‌وه.
ئەمڕۆ سەرمایەداریی جیهانی کەوتووەتە ناو قەیرانێکی قووڵی پێکهاتەیی و حکوومەتە ئیمپریالیستی و سەرمایەدارییە گەورەکان لە دوو بلۆکی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا لە ململانێیەکی خوێناویدان. بەرهەمی ئەم ململانێیە، بریتییە لە شەڕی ئۆکراین و فەلەستین، وێرانبوونی هەرچی زیاتری ژینگە، پەرەسەندنی نایەکسانی قووڵی دارایی و سیاسی و کۆمەڵایەتی، پەرەسەندنی ژمارەی برسییەکانی جیهان، منداڵانی کار، قەرزی سەدان تریلیۆنی و گەلێک بەڵا و نەهامەتی دیکە. جیهانێکی لەم چەشنە، پێویستی بە شۆڕشێکی سۆسیالیستییە، شۆڕشێکی کە لە وانە بەنرخەکانی شۆڕشی مەزنی ئۆکتۆبر، ئەزموون وەربگرێت. زەمینەی بابەتیی بۆ شۆڕشێکی لەو شێوەیە ئامادەیە و هەوڵ و تێکۆشانی ماندوویی نەناسانەش پێویستە بۆ خۆشکردنی هەلومەرجە زێهنییەکەی.